ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵێکی تەلەفزیۆنی تورکیادا گوتی " لە سەر داوای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مهسعود بارزانی دیدارم لەگەڵ مستەفا کۆچدا ئەنجام داوە."
لە سەرەتای بەرنامەکەدا رۆژنامەوانێك لە ئەردۆغانی پرسی "بیستوومانه دیدارێکتان لەگەڵ مستەفا کۆچ ئەنجام داوە، مستەفا کۆچ بۆ ئەوەی ئەو دیدارە سەر بگرێ لە سەرۆکی یەکێک لە وڵاتانی دەراوسێ تکای کردووە ئەو دیداری نێوان ئێوە و کۆچدا رێک بخا ئایا ئەمە راستە؟" ئەردۆغان گوتی: "راستە بەڵام من نامەوێ ناوی ئەو سەرۆکە ئاشکرا بکەم."
رۆژنامەوانهكه گوتی: "دەکرێ من ناوی ئەو سەرۆکە بڵێم؟ بارزانییە... مستەفا کۆچ بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێوەدا دیدار بکا داوای لە بارزانی کردووە تا ئێوە رازی بکا ئەو دیدارە ئەنجام بدەن؟" لهوهڵامدا ئەردۆغان گوتی: "راستە داواکارییەکی بەو جۆرە پێشکەش کرا، بێگومان گروپی کۆمپانیاکانی کۆچ لە باکوری عێراق سەرمایەگوزاری کردووە بۆیە بە ھۆی ئەو سەرمایەوە پەیوەندی لەگەڵ کاربەدەستانی باکوری عێراقدا ھەیە. کاتێک برای مستەفا کۆچ، عەلی کۆچیش داوای دیداری کرد بە سکرتێرەکەم گوت ھەر دوو برانە با پێکەوە بێن. پێکەوە ھاتن بە راستی باسی رێپۆرتاژەکەی کۆچمان نهكرد ئەوەی لە رۆژنامەی حوریەت بڵاو کرابوویەوە، بە تەنیا لە بارەی سەرمایە گوزاری تورکیاوە قسەمان کرد بگرە باسی ھەرێمی کوردستانیشمان نەکرد."
ئەردۆغان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانێك لە بارەی ئایدین دۆغانەوە کە ئەگەر بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئایدین دۆغان بارزانی پەیوەندیتان پێوە بکا ئایا ئەو دیدارە ئەنجام دەدەن یا نا؟ گوتی "بەڕاستی ئایدین دۆغان کاری خۆی خراب کرد، نا ئایدین دۆغان پێویستە داوا لە کەسانی دیکە بکا، چونکە حاڵی حاز بەسیاسەتی خۆی راگەیاندنی کەوتوونەتە نێو چەندین رێگای دوور لە ئەخلاق، بە تایبەتی لە رێگای نووسەرەکانییەوە.... ھیچ جۆرە پیوانێکی ئەخلاقییان نەھێشتووە. ئایدین دۆغان ئەمڕۆ وەکو بەشێک لە دەوڵەتی شاراوە کار دەکا."