Hemn Osman
02 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2015
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "هیچ گومانی تێدا نییە كە گرنگترین پەیام، ئاراستەی پەكەكە و ئەو پێكهاتانە كراوە كە پەكەكە ئاراستەیان دەكات".
سەبارەت بە ئەنجامەكانی نافەرمی هەڵبژاردنە گشتییەكەی یەكی تشرینی دووەم، سەركۆماری توركیا ئەردۆغان، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە كرد كە بۆ یەكمجار لە توركیایەكی فرە حزبیدا هەڵبژاردنیكی پێشوەختە بە شێوەیەكی دیموكراسی بەڕێوە چوو.
ئەردۆغان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە پەیامی زۆر گرنگی هەڵگرت واتای جیاوازی ئاراستەی لایەنەكان كرد و گوتی: "هیچ گومانی تێدا نییە كە گرنگترین پەیام، ئاراستەی رێكخراوی تیرۆریستی دابەشكار و ئەو پێكهاتانە كراوە كە ئاراستەیان دەكات. ئەو پێكهاتەیەی هەوڵی دەدا لە پاش حەوتی حوزەیران سەرلەنوێ سێبەری چەك، بۆمب، توندوتیژی، خوێن، فرمێسك، بە كورتییەكەی تاریكی تیرۆر بەسەر توركیادا بڵاوبكەنەوە، لەلایەن گەلی ئازیزمان بەتایبەتی خەڵكی ناوچەكەوە وەڵامێكی بەهێزیان وەرگرت. لە یەكی تشرینی دووەمدا گەلەكەمان بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا ئەو لایەنانەی دەست نیشان كرد كە نا ناتوانن بە فشار، توندوتیژی، خوێن رێژی، كوشتن، لە پاڵ دیموكراسی، ئیرادەی گەل، یاسا و گەشەسەندندا بوەستن. گەلەكەمان بە هەڵبژاردنی یەكی تشرینی دووەم، ئیرادەیەكی بەهێزی نیشاندا بۆ یەكێتی، پێكەوە ژیان و یەكگرتووی وڵاتەكەمان. لەو باوەڕەدام هەموو كەسێك رێز لەو ئیرادەیە بگرێت".
گوتیشی: "پەیامێكی گرنگی دیكەی هەڵبژاردنەكەی یەكی تشرینی دووەم، بێگومان ئاراستەی پارتەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆن و سەركردەكانیان كرا. ئەنجامەكان، ئەو پارتانەی لە هەڵبژاردنەكەی حەوتی حوزەیراندا دووەم و سێیەم بوون، بەهۆی ئەو هەڵوێستانەی لە كۆنەوە نیشانی دەدەن لەبارەی رێك نەكەوتن و هەڵوێستی تۆڵە سەندنەوە لە كۆبوونەوەكانی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیدا. لەلایەن گەلەكەمانەوە وەڵامیان درایەوە. گەلی ئازیزمان، هانی سیاسەتی بەكارهێنان لە بەرژەوەندی خود و سیاسەتی پۆڵێمیك نادات، بەڵكو هانی سیاسەتی خزمەت، پرۆژە، دیدی سیاسی دا، ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەی یەكی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بە روونی ئەوەی بەیان كرد".