ئیستەنبوڵ
سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لەمیانی قسەکردنی بۆ تەلەڤزیۆنی ئەلمەیادینی لوبنانی جەختیکردەوە وڵاتەکەی لە قۆناغی شەڕکردندایە لەگەڵ رێکخراوی ئەلقاعیدە و و باڵەکانی و بەردەوام دەبن لەشەڕی دژە تیرۆر.
ئەسەد گوتی: "سوریا بەھۆی سیاسەتی دەرەوەی، کراوەتە ئامانج. وڵاتەکەم زیاد لە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر داوایکرد بە ھاوبەشی بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە، بەڵام ھیچ کەسێ گوێی پێنەدا، ئەو کاتەی جیھان دەستی بە قسەکردن کرد لەبارەی تیرۆرەوە، ھیچ دوو دڵ نەبووین بەھاوبەشی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دەیانخواست بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە کاربکەین ئەمریکایش یەکێ بوو لەو وڵاتانە."
لەدرێژەی قسەکانی دا لەبارەی تیرۆر کە مەبەستی ئەو رێکخراوو ھێزانەیە ئێستا لەسوریا لەچوارچێوەی ئۆپۆزسیۆن خەبات دەکەن دژی رژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا گوتی: "وڵاتانی ئەوروپا ھەندێکیان بە ئامانج و ھەندێکی دیکەیان بێ ئامانج ھاوکاریی ئەلقاعیدە دەکەن بۆ ئەوەی بێنە سوریاو ئاڵۆزیی بێننە ئاراوە، ئێمە لە قۆناغی شەڕکردنداین لەگەڵ ئەلقاعیدە و باڵەکانی."
ئەسەد پێیوایە ئەمریکا، پشتی لە شای ئێران، پەروێز موشەڕەف سەرۆکی پاکستان و چەندین وڵاتی عەرەبی کردووە، ئەوەی چاوەڕێی وەفا دەکات لە ئەمریکا، بێجگە لەخەیاڵپڵاوی ھیچی دیکەی پێنابڕێ .
ئەسەد گوتی: "ئەمریکا وڵاتێکی گەورەیە، ئەگەر بخوازێ لە بەرژەوەندیی لایەنێک پەیوەندیی دروست بکات ئەوە شتێکی باشە، پێویستە کەس دوو دڵ نەبێ لە پەیوەندیی دروستکردن لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام پەیوەندیی بەستن تەنیا بۆ بەرژەوەندیی ئەوان ئەوە مەترسیدارە، چونکە داواکاری ئەوان لەگەڵ بەرژەوەندیی تۆ پێچەوانەیە، ئەوەش لەلای ئێمە رەتکراوەتەوە."
ئەسەد باسی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی لەناوخۆ و دەرەوە کردو گوتی: "بێگومان ھەندێک ھەڵە، وامان لێدەکات لە ھەندێک کات رووبەڕوی یەکتر بووەستینەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆن چەمکێکی سیاسییە. ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دەزگایەکە جەماوەرێکی ھەیە کە پشتگیریی لێدەکات، پەیوەست بەخۆی بەرنامەی سیاسی ئاشکرا و روونی ھەیە. ئەو ئۆپۆزسیۆنە ئۆپۆزسیۆنی ناو وڵاتە. وەکو ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە فەرمان لە دەرەوە وەرناگرێت. ئۆپۆزسیۆنێکە بەرنامەی لە دەرەوە داناڕێژێ. لەدژی دەستتێوەردانی دەرەوە دەوەستێتەوە، چەک بەکارناھێنێ. لەیەک کاتدا ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دەکات و چەک ھەڵناگرێ. لەو کاتەی دەست دەداتە چەک، وەکو ئۆپۆزسیۆن نامێنێ، بەڵکو دەبێتە یاخی یان تیرۆریست."
بەشار ئەسەد رایگەیاند: "لەگەڵ ھەموو ئەو باڵانەی ئۆپۆزسیۆن دادەنیشن کە پەیوەندییان لەگەڵ دەرەوە نەبەستووەو چەکیان ھەڵنەگرتووە دژی دەوڵەت" لەگەڵ ھەموو لایەنانەکانی ئۆپۆزسیۆن دادەنیشین، بەو مەرجەی خۆیان دروو بگرن لە بانگەشەکردن بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی."