ئەنقەرە
نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش جەنەڕاڵ جۆن ئاڵین رایگەیاند "پێویستە بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا لەسەر کار لاببرێت و کۆتایی بە داعش بهێنرێت".
لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی بی بی سی جەنەڕاڵ جۆن ئاڵین تیشكی خستە سەر رێگاچارەی كۆتایی هێنان بە قەیرانی كۆچبەران لە ئەورووپا و شەڕ و پێكدادانەكانی عێراق و سووریا و لەوبارەیەوە گوتی: "پێویستە بەشار ئەسەد سەرۆكی سووریا لەسەر كار لاببرێت و هاوكات كۆتایی بە رێكخراوی تیرۆرستی داعش بهێنرێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە تەنیا بەرەنگاربوونەوەی داعش بەس نییە بەڵكو دەبێت لە هەمان كاتدا لە رێگای دیالۆگیش كێشەكانی سیاسیی چارەسەر بكرێن و لەوبارەیەوە گوتی: "ناسەقامگیری سیاسی بەهۆی بەشار ئەسەدەوەیە، لە كۆتایدا ئەسەد لە دژی گەلەكەی جەنگی هەڵبژارد، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەو قەیرانەی كە ئێستا سووریای پێ تێپەڕدەبێت، دەبێت ئەسەد دەست لەكاربكێشێتەوە، ئەسەد بۆتە سیمبولی شەڕانگێزی و ناسەقامگیری لە ناوچەكە، هەر بۆیەش ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی ئارەزوو بە جەنگ دەكەن شانبەشانی ئەسەد دەجەنگن".
نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش باسی لە كۆچكردنی هاووڵاتییانی سووریا كرد و گوتی: "بە هەزاران هاووڵاتی لە ترسی گیانیان ماڵ و حاڵیان بەجێدەهێلن، هۆكاری ئەمە تەنیا داعش نییە، ئەمە دەرئەنجامی ئەو جەنگەیە كە چەندین ساڵە ئەسەد لە سووریا بەرپای كردووە".
ناوبراو گوتی: "هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەم لە ئاست لێشاوی كۆچبەران بۆ ئەورووپا، باشترین یارمەتیش بریتییە لە یارمەتدانی مرۆیی و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی جەنگ لە ناوچەكە".
نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش باسی لە بارودۆخی عێراق كرد و لەو بارەیەوە تیشكی خستە سەر كشانەوەی داعش لە چەندین بەشی عێراق و گوتی: "بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆربەی ئەو شوێنانەی كە لە چنگی داعشدا بوون ئێستا گەڕاونەتەوە ژێر ركێفی عێراقییەكان و ئەمەش دەیسەلمێنێت كە بارودۆخ بەرەو باشبوون دەچێت".