دیاربەکر
بارزانی لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەڤزیۆنی TRT٦ کە لە شوێنی حەوانەی لە ھوتێکی گرین پارک لەدیاربەکر سازکرابوو، ئاشکرایکرد یەکەمجارە بە ناو شاری دیاربەکردا دەگەڕێ و خۆشحاڵی بۆ سەردانەکەی دەربڕی و گوتی: "من سەردانی دیاربەکرم کردووە، بەڵام یەکەمجارە بەو شێوەیە لە نێو شاردا بگەڕێم و سەردانی شوێنە مێژووییەکانی ئەو شارە بکەم. ئامانج لەو سەردانە پشتگیرییکردنە لە پرۆسەی ئاشتی و قۆناغەکانی."
بارزانی لە بارەی سەردانی ھونەرمەند شڤان پەروەر بۆ تورکیا گوتی: "ئەگەر شڤان پەروەر پێش ٢٠ ساڵ سەردانی دیاربەکری کردبایا ئەوا لە سێدارە دەدرا، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا ھاتووە و بە ئازادانە گەڕاوەتەوە دیاربەکر."
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بارەی لێدوانی بەرپرسانی بەدەپەوە کە بۆ چی لە نەورۆز سەردانی دیاربەکری نەکردووە؟ گوتی: "من زۆر پێمخۆش بوو نەورۆز سەردانی دیاربەکر بکەم، بەڵام ئەو کات بارودۆخ جیاوازبوو و ئەمڕۆیش بارودۆخ جیاوازە، ئینشائەڵڵا داھاتوو من بەشداریی لە نەورۆزی دیاربەکر دەکەم، لەگەڵ کاربەدەستانی بەدەپە دیدار ئەنجام دەدەم و گوێ بۆ بۆچوونەکانی ئەوانیش دەگرم. ئێمە بە ھەر شێوەیەکبێ ئامادەین پشتگیری قۆناغی چارەسەری بکەین."
لە بارەی بەکارھێنانی ناوی کوردستان لە لایەن سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بارزانی گوتی: "من زۆرم پێخۆشبوو کە سەرۆکوەزیر رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو وشەیەی بەکارھێنا چونکە ئەمە ناوێکە کە لە نێو دەستووری عیراقی فیدراڵدا بەرەسمی دانی پێیدانراوە."
لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "بەشی سەرەکەی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە گفتوگۆ کردن بوو لە بارەی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی، ھەروەھا پرسی سوریا و پەیوەندیی نێوان بەغداو ئەنقەرە."
لەبارەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و ئامادەکاریەکانی و بەتایبەت چەند جار پاشخستنی وادەی بەستنی کۆنگرەیەکە سەرۆکی ھەرێمی کوردساتان گوتی " ئامانجی کۆنگرەی نەتەوەیی ئەوەیە کورد ببێتە خاوەنی یەک گوتاری سیاسی کە ئەویش ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیانە و پشتگیریکردنی ئاشتیە. لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لە ئامادەکاریەکانی بەردەوامە، دواخستنی بەستنی کۆنگرە لەبەر بەکۆتانەھاتنی ئامادەکاریەکان بووە و ھەڵەکەش لەوەدا بوو کە بەر لە بەکۆتاھاتنی ئامادەکاریەکان کاتی بەستنی دیاریکرا ھەر کاتێک ئامادەکاریەکان بەکۆتا ھاتن ئەوا کۆنگرەکە دەست بە کارەکانی خۆی دەکا و دەبەسترێ"
لەبارەی رەوشی سوریا و ھەڵویستی لایەنە کوردیەکان لە سوریا مەسعود بارزانی گوتی: "ئێمە ھەموومان دەزانین گەلی کورد لە سوریا لە مافی ناسنامە بێبەشکرابوو، کاتێک بەھاری عەرەبی دەستپێکرد من داوام لە لایەنە کوردیەکان کرد بەیەکەوە بن و ھەر بڕیارێک بدەن ئێمە پشتگیریان دەکەین تەنیا بەمەرجێک بەیەکەوەبن و لەیەکتر جیانەبنەوە، بەڵام بەداخەوە پارتیەک بەتەنیا بڕیار دەدات و ئەوانی دیکە دوورخراونەتەوە بۆیە ئێمە ناتوانین بەو شێوەیە پشتگیریان بکەین."
ھەروەھا گوتی: "رۆژی ١١ی تەموزی ساڵی ٢٠١٢ ھەموو لایەنە کوردیەکانی سوریا لە ھەولێر کۆبوونەوە و رێکەوتنێکیان ئیمزاکرد، بەڵام بەداخەوە کار بەو رێکەوتنە نەکرا، ئێستا کورد لەوێ بۆتە دوو بەش و پارتیەک بەتەنیا بڕیار ئەدات. سەرەڕای ئەو ھەموو شتانەش ئێمە لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆئەوەی ئەوان یەکریز بن. ئێستا تەنیا پارتیەکی دیاریکراو بەرێوەبەرایەتیەکی راگەیاندوە و پارتیەکانی دیکەی تێدا نیە بۆیە ئێمە پشتگیریان لێناکەین چونکە دەبی ھەموو لایەنەکان بەیەکەوە بڕیار بدەن ئەمە بێجگە لەوەی ئەو ئیدارەیە پشتگیری نێودەوڵەتیشی نیە. گەر رژێمی سوریا لەوشەڕەدا سەرکەوێ ئەو ئیدارەیە قەبوڵناکە و کەر ئۆپۆزسیۆنیش سەرکەوێ بەھەمان شێوە قەبوڵآ ناکە بۆیە من نابینم ئەو کارە سەرکەوتووبێ و لەکۆتایی بەزانی گەلی کورد لە سوریا تەواو دەبێ."