هه‌ولێر
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئه‌مریكا جۆن كیری و شاندێكی ئه‌و وڵاته سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعوود بارزانی و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی كورد كۆبوونه‌وه.
ماڵپه‌ری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم لە روونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردەوە، "كیری گوتوویه‌تی کە ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دیدیکی ئیجابیی هەیە بەرانبەر ئەو بنیاتنانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەروەها بە بۆنەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتەوە پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد."
هه‌روه‌ها سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق، به‌پێی روونکردنەوەکەی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خستویهتییە ڕوو كە وڵاتەكەی بە وردی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی عێراق دەكا و نیگەرانییەكی زۆری بەرانبەر بارودۆخەكە و "بەهێزبوونی تیرۆریستان" هەیە، بە پێویستیشی زانیوە عێراق بە زووترین كات لەم قەیرانە دەرچێ.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ یارمەتی پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتێكی بنكەفراوان و گشتگیر دەربڕیوە، كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق تیایدا بەشدار بن.
له به‌شێكی دیکەی روونکردنەوەکەی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه. "سه‌رۆكی هه‌رێم مه‌سعوود بارزانی پێزانینی خۆی و گەلی كوردستانیشی بۆ حكومەت و گەلی ئەمەریكا راگەیاندووە بۆ ئەو قوربانی و یارمەتی و پشتگیرییەی لە راپەڕینەوە هەتا رووخانی رژێم و دواتر، پێشكەشی كوردستانیان كردووە."
هه‌وره‌ها سه‌رۆكی هه‌رێم ئەوەشی خستووەته‌ڕوو كە "جێگەی شانازییە بۆمان توانیومانە ئەزموونێكی سەركەوتوو پیشانی جیهان و ئەمریكا بدەین."
بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە پڕۆسەی سیاسی عێراق لە 10 ساڵی رابردوو و ئاستەنگ و قەیرانەكانی كردووە و ئاماژەی بەوە کردووە كە هاوپەیمانەكانیان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پابەندبوون بە رێككەوتنەكان "بەرەو دواوە دەچوون، لەگەڵ ئەوەشدا نەرمییەكی زۆرمان نواند و هەردەم ئامادە بووین بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام بەداخەوە كێشەكان قوڵتر بوون و نەمانتوانی سەربكەوین."
هه‌ر به‌پێی روونکردنەوەکەی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، بارزانی به شاندی ئه‌مریكی گوتووه: "ئێستا قەناعەتێكمان لا دروست بووە كە بەغدا نیازی وایە وەك سەردەمانی پێشوو كوردستان بە ژێردەستەیی و پاشكۆیی ببینێ، گەلی كوردستانیش كە قوربانییەكی گەورەی بۆ ئازادی داوە ئەمە قبوڵ ناكا. گەلی كوردستان دژی تیرۆرە بە هەموو شێوەكانی و قوربانیشی لەو دژایەتیكردنە داوە، بەڵام ئێستاكە شەڕی تیرۆر بووەتە پەردەیەك بۆ ئەوەی تەسفییە و ململانێی تاییفی پەرە بسێنێ و ئێمەش نابینە بەشێك لە ململانێی تایفی."
هەروەها سەرۆكی هه‌رێم مه‌سعوود بارزانی ئاماژەی بەوە داوه، كە دەستوور عێراق به دوو نەتەوەی سەرەكی كورد و عەرەب پێناسە دەكا و "زۆر بە روونی لە دیباچەی دەستووردا هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی."
لە بارەی چارەسەری گرفت و قەیرانە نوێیەکانی عێراق، به‌پێی ماڵپه‌ری سه‌رۆكایه‌تی، بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە كە هەر چارەسەرێك بێتەئاراوە پێویستە لەژێر "رۆشنایی گۆڕانكاری و واقعی سیاسی و ئەمنی تازەی عێراقدا بێ"، جەختیشی کردووەتەوە کە "جەوهەری كێشەكان سیاسین نەك سەربازیی و دەبێ مامەڵە لەگەڵ هۆكارەكان بكرێ نەك ئەنجامەكان، ئەگەر رێگەی سیاسی گونجاو دۆزرایەوە، ئەو كات باشتر دەتوانرێ شەڕ لەگەڵ تیرۆریش بكرێ."
هه‌روه‌ها سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم دواییە، بارزانی ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا راگەیاندوه كە بەر لە قەیرانەكە بەغدایان لە مەترسی دۆخەكە ئاگادار كردووەته‌وە، كه‌چی به‌غدا بە جدی وەرینەگرتووه.
لە بارەی هێزی پێشمەرگەش، بارزانی باسی لەوە کردووە كە هێزەكانی پێشمەرگە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیان لەسەر شانە و "قوربانیشیان داوە و هەڕەشەی تیرۆریستانیش بەردەوام و جدییە و پێشمەرگە ئامادەی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانەن."
له به‌رامبه‌ر قسه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم، جۆن كیری رایگه‌یاندووه "گومان لەوەدا نییە هەرێمی كوردستان دەتوانێ لە رووی ئابووری و بوارەكانی دیکەوە گەشە بكا، لەبارەی كێشەكانی عێراقیش پێویستە گۆڕانكاری هەبێ و كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ وەربگیرێ."
كیری داوای له سه‌رۆكی هه‌رێم كردووه لەو پڕۆسەیەدا بەشدار بێ و رۆڵی خۆی بگێڕێ و حكومەتێكی تازە پێكبێ، "ئەگەر پڕۆسەی سیاسی عێراق بەرەو پێشەوە بچێ، ئەوە ئەمەریكا ئامادەیە پشتیوانی عێراق بكا لە شەڕی تیرۆر."
لەو دیداره‌دا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی و رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا و نوێنەری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەرهەم ساڵح و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم فوئاد حوسێن و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا، ئامادە بوون.