Hamit Hüseyin
26 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2016
ھەولێر - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مون و سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی جیم یۆنگ کیم و سەرۆکی بانکی گەشەپێدانی ئیسلامی ئەحمەد محەمەد عەلی، گەیشتنە ھەولێر و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی پێشوازییان لێ کرا.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مون، دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وێڕای دەستخۆشیکردن لە سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنانەی تۆماریان کردوون، رایگەیاند: "یەکێک لە تەحەدییەکانی بەردەم عێراق گەندەڵییە".
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی نێوان سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مون و سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بریتی بووە لە ئاگاداربوون و باشترکردنی رەوشی ئاوارەکان و پەنابەران کە ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئاوارە لە ھەرێمی کوردستانن، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو قەیرانە داراییەی رووبەڕووی بووەتەوە ھەروەھا شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ بەشێک لە گفتوگۆکان دەبێت کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی نیو ملیۆن کەس ئاوارە بن.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و بان کی مون، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشدار بوون.