Sarmand Hameed
07 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2021
هەولێر - AA
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، بەھیچ شێوەیەک ناھێڵن ھێزە ئەمنییەکان تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بکرێن و بۆ مەرامی شەخسی بەکاربھێنرێن، و جەختی لەوەشکردەوە کە ھەر کەسێک یاساشکێنی کردبێت و ھێزەکانی یەکێتیی بۆ کاری تایبەت بەکارھێنابێت و تێوەگلابێت بە کاری نایاسایی، رووبەڕووی دادگای دەکەنەوە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی لە نووسینگەی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، بافڵ تاڵەبانی سەردانی فەرماندەیی ھێزەکانی دژەتیرۆر، لیوای کۆماندۆ و ھێزەکانی ئاڵتونیی کردووە و لەنزیکەوە لە چۆنییەتی مەشق و راھێنان و پێکھاتەی سەربازیی ھێزەکانی کۆڵییوەتەوە و ئامادەی نمایشێکی سەربازیش بووە کە بەشێوازێکی نوێ راھێنراون و ئامادەکراون بەھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لەبەرامبەر مەشقی چڕوپڕ و بەدیسپلینی ھێزەکان و بنیاتنانی پێکھاتەکەیان لەسەر بنەما زانستییە سەربازییەکان، بافڵ تاڵەبانی سوپاس و ستایشی فەرماندە و پێشمەرگە و کارمەندەکانی کردووە کە شەو و رۆژ لەئەرکدان و پشوودرێژانە خۆیان تەیاردەکەن و وەک ھێزێکی تۆکمە ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر مەترسییەک کە ئارامیی ھەرێم تێکبدات.
بافڵ تاڵەبانی کە بە جلوبەرگی سەربازییەوە ئەو سەردانەی ئەنجامداوە، روونیشیکردەوە "بەچەند قۆناغێک تەواوی ھێزەکان رێکدەخەینەوە و لەسەر بنەمای نیشتمانی و پارێزگاریکردن لە ئاسایشی ھەرێم پێکھاتەکانیان دادەڕێژینەوە و دەبێت لەمەودوا ھێزەکانی یەکێتی ھێزی گەل و کوردستان بێت و لەئاست بەرپرسیارێتی نیشتمانی بێت و لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و بەرژەوەندی گشتی ئەرکەکانیان رابپەڕێنن".
ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رووی قسەکانی ئاراستەی فەرماندە و پێشمەرگەکان کردووە و رایگەیاندووە "بەھیچ شێوەیەک نایەڵین ئەو ھێزانە تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بکرێن و بۆ مەرامی شەخسی بەکاربھێنرێن، ھەر کەسێکیش یاساشکێنی کردبێت و ھێزەکانی یەکێتی بۆ کاری تایبەت بەکارھێنابێت و تێوەگلابێت بە کاری نایاسایی، رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە. چونکە ئێوە خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە شانازی و شکۆمەندین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تێکشکاندنی داعش، بۆ ئەمەش شانازی بە رۆڵ و ماندووبوون و گیانفیداییتانەوە دەکەین".
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی میکانیزمەکانی یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە ئاماژەی بە ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوە و رێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە کردووە کە لەچوارچێوەی ھێزی نیشتمانی ئامادە دەکرێن بۆ پارێزگاریکردن لەئاسایش و ئارامی ھەرێم. راشیگەیاندووە "یەکێتی ئامادەیە بۆ سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە و دەمانەوێت لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و تایبەتمەندێتی ھێزەکان ئەم پرۆسەیە سەربخەین".