hemn husain
14 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2016
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەندامی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی دکتۆر عومەر نورەدینی گوتی: "گەلی کوردستان سەدان ساڵە خەبات دەکات و دەیان شۆرشی کردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە بەڵام بەداخەوە نەیتوانیوە بەتەواوی ئازادی بەدەست بهێنێت و نەیتوانیوە یەکدەنگی و یەک ستراتیژی لە نێوان خۆیان بە دەست بهێنن هەر بۆیەش لە کۆنەوە ئاشتی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە نێوان ئەکتەرە سیاسییەکان لاواز بووە و دەگەڕیتەوە بۆ لاوازی ئەقڵ و کولتووری لە ناو هێزە سیاسیەکان".
لە درێژەی قسەکانیدا ئەندامی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی دکتۆر عومەر نورەدینی گوتی: "بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی، بزاڤێکی فەلسەفی و رۆشنبیری هزرییە و ئاشتیخوازە و باوەڕی بە توندوتیژی نییە و ناوەندێکی مەدەنی و ناحکوومیی و سەربەخۆیە، گرێدراوی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە و چالاکی خۆی لە تەواوی کوردستان و دەرەوەی وڵات ئەنجام دەدات".
سەبارەت بە پڕەنسیپ و بنەماکانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی، دکتۆر عومەر نورەدینی گوتی: "بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی باوەڕی هەیە کە هێنانەدی ئاشتی ناوخۆیی مەرجی سەرەکییە بۆ هێنانەدی گەشەی ئابووری و سیاسیی بۆ ئەوەی ئاشتی ناخۆیی لە کۆمەڵگادا بچەسپێت. ئەوە پێویستە کولتوور و عەقڵی ئاشیخوازانە رەنگ داکوتێت و سەروەر و باڵادەست بێت و کاتێکیش ئەوە درووست بوو، ئەوە گەلی کوردستان لە دووبەرەکی ناوخۆیی رزگارییان دەبێت".
نورەدینی هەروەها گوتیشی: "بان لەو باوەڕەدایە ئەگەر هێز و پارتەکانی سیاسیی لە کوردستان کولتوور و عەقڵییەت بە هێز نەکەن ئەوە ناتوانن مافەکانی گەلی کورد بەدەست بهێنن".
بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی لە دوو جۆر ئامانجی هەیە، ئەوانیش بریتین لە ئامانجی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئامانج لە ئاشتی سیاسی و دکتۆر عومەر نورەدینی سەبارەت بە ئامانجەکانیش گوتی: "ئامانجەکانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی لە رووی ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە بریتین لە
1.بان تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی کولتوور و زهنییەتی ئاشتی و کۆمەڵایەتی و لە ناو کۆمەڵگای کوردستانی لە ناوەوەو دەرەوەی کوردستان بڵاو بکاتەوە و گەشەی پێ بدات.
2.بان تێدەکۆشێت زهنییەت و عەقڵییەتی دژایەتیکردنی یەکتر لووتبەرزی و یەکترقبووڵ نەکردن لەناو بەرێت، هەروەها زەرەر و زیانەکانی لە ناو کۆمەڵگای کورستانییدا کەم بکاتەوە و سەرەنجام نەیانهێڵێت.
بەداخەوە کە زهنییەت و عەقڵییەتی رکابەرایەتی و دوژمنایەتی وا دەکات، کە بەهۆی روودانی شەڕ لە نێوان دوو منداڵ، بە سەدان کەس شەڕی یەکدی بکەن و خوێنی یەکتر بڕێژن و یەکدی بکوژن.
بەداخەوە زۆرجار، تەنیا لەسەر کێشەیەکی بچووک، ناکۆکی و شەڕی کۆمەڵایەتی دروست بووە و دەیان کەس کوژراون.
هەر بەهۆی زاڵبوونی عەقڵییەتی و زهنییەتی نالێبوردەیی و رک و کینەوە، ساڵانە سەدان ئافرەت و ژن و کچ دەکوژرێن و دەبنە قوربانی، ئەمە لە رووی ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە.
سەبارەت بە ئاشتی سیاسیش دکتۆر عومەر نورەدینی گوتی: "ئامانجەکانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی لە رووی ئاشتی سیاسییەوە.
1.بزاڤ ئامانجی ئەوەیە، هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی کێشەی نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکان لە ناوخۆی هەر پارچەیەکی کوردستان و لە نێوان پارت و لایەنەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لە رێگای دیالۆگ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و بەبێ توندوتیژی چارەسەر بکرێت.
2.ئاشتی و رێزگرتن و دراوسێیەتی باش لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا، ببنە بنەمای رێکخستنی پەیوەندی نێوان نەتەوەکانی کورد و عەرەب و فارس و تورک، برایەتی گەلان شوێنی دوژمنایەتی بگرێتەوە.
3.بان پشتگیری پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکات، تا وەکو بە رێگای ئاشتی و دیالۆگ و بێ توندوتیژی هەوڵی چارەسەریی دۆزی رەوای گەلی کوردستان بدەن.
لە کۆتاییدا، داوا لە هەموو کوردستانیان و رێکخراوە مەدەنی و جەماوەری و پیشەیی و دیموکراتییەکان و کەسایەتییە رۆشنبیرو ئەکادیمی و ئایینی و هونەری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەکەین، بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆیی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی ئاریشە و کێشە سیاسییەکان خەبات بکەن و بەشدار بن لە بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی و پشتیوانی لە بان بکەن".
ئەندامی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی حاکم رزگار حەمەد ئەمین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئاشتی پێویستە پشتگیری لێ بکرێت لە رێگای بۆچوونی کەسانێکی فەلسەفی و رۆشنگەری بەرگری لێ بکەن و ئەمەش دابەزێتە نێو ناخی مرۆڤ و دابەزێتە قۆناغەکانی خوێند بۆ ئەوەی لەناخی مرۆڤ بچەسپێت کە ئەوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توند و تیژی".
سەبارەت بە پلانەکانی داهاتووی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی، حاکم رزگار حەمەدئەمین لە کۆتاییدا گوتی: "بە دڵنیاییەوە پلانی تۆکمەمان هەیە، دوای خۆڕێکخستن ئەو هەنگاوانە دەنێین کە خزمەتی ئاشتی دەکات و کارەکانیشمان زیاتر لە رێگای کۆڕ و سمینار بەڕێوە دەچێت".