به‌غدا
ده‌یان په‌نابه‌ری شاری ئه‌نبار به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه بۆ به‌غدا هه‌ڵاتن و مزگه‌وتی نیدا كه یه‌كێكه له مزگه‌وته دیاره‌كانی ئه‌و شاره بووه شوێنی نێشته‌جێی بۆیان كه نزیكه‌ی 500په‌نابه‌ری شاره‌كه‌ی لێی ده‌مێننه‌وه.
پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگه‌وتی نیدا، شێخ هیشام عیماد ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ده‌رگای مزگه‌وته‌كه‌یان بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه كردووه‌ته‌وه كه به‌هۆی هێرشه‌كانی تیرۆر له‌و شاره هه‌ڵاتوونه و گوتی: "49 خێزان كه نزیكه‌ی 500 كه‌س ده‌بن لێره ده‌مێننه‌وه. ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستمان بێت هاوكاریی په‌نابه‌ره‌كان ده‌كه‌ین. به‌هۆیه‌وه مزگه‌وته‌كه بۆ عیبادهت داخراوه و پیاوان و ئافره‌تان به‌جیا له مزگه‌وته‌كه ده‌مێننه‌وه. به‌هاوكاریی خه‌ڵكی ناوچه‌كه رۆژانه سێ ژه‌م خوارنیان بۆ ده‌نێردرێت. هه‌روه‌ها مامۆستایانی خۆبه‌خش رۆژانه وانە به منداڵه‌كانیان ده‌ده‌ن و ئه‌م باره بۆ مزگه‌وته‌كانی ده‌وروبه‌ر ده‌گوازینه‌وه. به‌داخه‌وه خه‌ڵكه‌كه به‌هۆی ئه‌و تراژێدیای تێدانه ئارامییان نه‌ماوه. ئێمه بۆ ئاسایشی په‌نابه‌ران هه‌موو رۆژێك ئامۆژگارییان ده‌كه‌ین".
یه‌كێك له په‌نابه‌ران به‌ناوی ئومو ئه‌حمه‌د كه له باوه‌شیدا منداڵێكی 40 رۆژه هه‌بوو ئاماژه‌ی به‌وه دا كه منداڵه‌كه‌ی له پردێكی رووباری فورات له‌دایك بووه و گوتی: "كاتێك ئێشی سكم هه‌بوو رام ده‌كرد. 4 كچم هه‌یه و منداڵی پێنجه‌م كه ناوی ئه‌حمه‌ده له‌سه‌ر پرده‌كه له‌دایك بووە. به‌هۆی له‌دایكبوونی ئه‌حمه‌ده‌وه بێ كه‌فیل چووینه به‌غدا به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له كاتی راكردندا پاره‌مان له‌گه‌ڵ خۆمان نه‌هێناوە له بارێكی خراپداین و ناتوانم منداڵه‌كه‌م بۆ نه‌خۆشخانه ببه‌م".
په‌نابه‌رێكی دیكه‌ی شاری ئه‌نبار به‌ناوی حاجی خه‌لاف ته‌مه‌ن 76 ساڵ كۆنترۆڵكردنی شار ئه‌نباری له‌لایه‌ن داعشه‌وه بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌منی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و گوتی: "سوپا له ناكاو كشایه‌وه و دوای نیو سه‌عات دووباره هاته‌وه. شاره‌كه له ناكاو به‌شارێكی خه‌یاڵی گۆڕا و خێزانێكی زۆریش كوژرا. ئێستاش له مزگه‌وت ده‌مێنینه‌وه و هیچ كه‌سێكمان ئیش و كارمان نییه. متمانه‌مان نه به حكوومه‌ت و نه به‌هێزه‌كانی ئه‌منی ماوه".
هاوكات فیراس محه‌مه‌د پهنارێكی دیكه ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه چوار رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی روویان له به‌غدا كردووه و رووداوه‌كانی به‌م شێوه‌یه باس كرد "سه‌ره‌تا سوپا كشایه‌وه و دواتر دووباره هاته‌وه به‌ڵام ئه‌و شه‌وه هێزه‌كانی ئه‌منی سه‌عات 2ی شه‌و به ته‌واوی كشایه‌وه و چه‌كه‌كانی شاره‌كه كه‌وته ده‌ست داعش. كاتێك كه شه‌ش رۆژ به پێ هه‌ڵاتین له رێگه‌دا ده‌یان منداڵ و ئافره‌ت نه‌زانرا كه له كوێوه فیشه‌ك دێت، گیانیان له‌ده‌ست داوه. ته‌رمی زۆربه‌ی ئه‌و قوربانیانه له كۆڵانه‌كان جێ ماوه‌ته‌وه و ده‌یان خێزانیش بێ ئه‌وه‌ی ته‌رمی منداڵه‌كانیان ببه‌ن ناچار بوون رابكه‌ن. شه‌ش رۆژ له‌سه‌ر پردێك ماینه‌وه و بێ ئه‌وه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌مان هه‌بێت ژیانیان به‌سه‌ر برد. كاتێك له‌سه‌ر پرده‌كه چاوه‌ڕێمان ده‌كرد 5 پیاو و 4 ئافره‌ت و ژماره‌یه‌كی زۆر منداڵ گیانیان له‌ده‌ست دا".
ویلایه‌تی ئه‌نبار له رووی رووبه‌ره‌وه گه‌وره‌ترین شاری عێراقه، هه‌فته‌ی رابردوو به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانێكی قورس رێكخراوی داعش توانیبووی ناوه‌ندی رومادی سه‌ر به‌و شاره كۆنترۆڵ بكات و به‌مه‌ش خه‌ڵكه‌كه ناچار بوون په‌نا بۆ به‌غدا و شاره‌كانی باشوور ببه‌ن.