کەرکوک
پاش ئەوەی لەماوەی ھەفتەی رابردوو بەمەبەستی پاراستنی مەزارگەی ئیمام زەین لعابدین (٢٠٠) چەکداری سوپای بەدر روویان لەقەزای داقۆق کرد ئەوەش بووە ھۆی ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکەو ھێزەکانی پێشمەرگە و داواکرا ئەو ھێزە ناوچەکە چۆڵ بکەن.
بەوتەی بەڕێوبەری ئاسایشی داقۆق لەئێستادا ئەو ھێزە ناوچەکەیان چۆڵکردووە و بەرەو کەرکوک بەڕێکەوتون، ئەوەش لە کاتێکدایە یەکێک لەسەرکردەکانی ڕێکخراوی بەدر ئاماژە بەوە دەکات، سوپای بەدر لەھەموو شوێنەکانی کەرکوک بوونیان ھەیە. مەھدی بەیاتی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وبەرپرسی بازنەی باکوری ڕێکخراوی بەدر بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: زانیاریم نیە لەسەر پاشەکشەی ئەو ھێزە لەقەزای داقۆق چونکە من چەند رۆژێکە لەبەغدام.
ئەو سەرکردەی ڕێکخراوی بەدر ھەروەھا گوتی: "سوپای بەدر لەسەرجەم ناوچەکان بڵاوەیان پێکراوەو لە(قەزای داقوق وتازەو دووزخورماتوو ئامرلی) بڵاوبونەتەوە، ئەو ھێزەش لەپێناو پاراستنی ژیانی ھاوڵاتیانە و ھێزی بەرگرییە."
مەھدی بەیاتی ھەروھا ئاماژەی بەوە دا، مەزارگەکانی شیعە لەکەرکوک ودەوروبەری لەلایەن ھاوڵاتیان وھێزێکی سەحووە دەپارێزێت.
پێچەوانەی بۆچونی بەیاتی، نوێنەری موقتەدا سەدر لەشاری کەرکوک ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە مەزارگەی شیعەکان لەلایەن پۆلیس وھێزەکانی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت.
شێخ ڕەعد ئەلسەرخی نوێنەری موقتەدا سەدر لەشاری کەرکوک بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "مەزارگەکانی شیعە لەکەرکوک ودەوروبەری لەلایەن پۆلیسی عێراقی وھێزەکانی پێشمەرگە دەپارێزرێت وپێویست بەھێنانی چەکداری دیکە ناکات."
ھەفتەیەک بەر لەئێستا لەڕێگای فڕۆکەخانەی سلێمانیەوە (٢٠٠) چەکداری سەر بەسوپای بەدر گەیشتنە قەزای داقۆق لە ٤٥کیلۆمەتری خۆرئاوای کەرکوک و بەوتەی بەرپرسانی ھێزی پێشمەرگە ھاتنی ئەو ھێزە بەمەبەستی پاراستنی مەزارگەی ئیمام زەین لعابدین بووە بەڵام دواتر بەھۆی ھەڕەشەکانی داعشەوە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەو بەرپرسانی ھێزی پێشمەرگە داوایان لێکرا کە ناوچەکە چۆڵبکەن.
بەپێی زانیارییەکان پاش ئەوەی ئەو ھێزە ناوچەی داقوقیان پێ چۆڵکرا لەئێستادا ئەو ھێزە ڕوویان لەشاری کەرکوک کردووە و لەناحیەی لەیلان نیشتەجێکراون. بەڕێوبەری ئاسایشی پارتی، پۆڵا ئەحمەد، لەقەزای داقۆق بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: ئەو چەکدارانە سەرجەمیان ناوچەکەیان چۆڵکردوە و لەئێستادا بەرەو کەرکوک بەڕێکەوتوون.
ھەرچەندە ئەو بەرپرسەی ئاسایش ئامادە نەبوو زانیاری لەسەر شوێنی ئێستای ئەو چەکدارانە بدات بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەو (٢٠٠) چەکدارە لەئێستادا لەگوندی حوسێن ئیسلامی سەر بەناحیەی (لەیلان)ی رۆژھەڵاتی کەرکوک نیشتەجێکراون.
لەئێستادا نزیک بونەوەی ئەو ھێزی لەدەروبەری کەرکوک نیگەرانی ھاوڵاتیانی ئەو شارە لێکەوتۆتەوە و پسپۆڕێکی بواری سەربازیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، نزیک بوونەوەی ئەو ھێزە لەکەرکوک دەبێتە ھۆی مەترسی بۆ سەر شارەکە و رەخنە لە ئیدارەی شارەکەش دەگرێ بە ھۆی بێدەنگبوونیان لەبەرامبەر ئەم پرسە. لەمبارەیەوە حاکم حەمدی گلی پسپۆڕی بواری سەربازی لەشاری کەرکوک بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ھاتنی ئەو ھێزەو ھەر ھێزێکی میلیشیا لەکەرکوک ھەڕەشەیە بۆ سەر کوردو ئیدارەی شارەکەو دواتر بۆ سەر ئاسایشی شارەکەو دانیشتوانی."
گوتیشی: "پێشتر زانراوە لایەنە شیعەکان چەک و پێداویستی سەربازیان بۆ ناوچەکە رەوانە کردووە و ئەنجومەنی پارێزگا لەبەرامبەر ئەو بابەتە بێ دەنگن. ئەو پسپۆڕە ئەمنیە ئەوەشی گوت: ھاتنی ئەو ھێزە ئەگەر بەڕەزامەندی ئیدارەی کەرکوک نەبێت چۆن دەتوانێ بێت؟ وتاکو ئێستا ھیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە لەسەر ئەم بابەتە."