سلێمانی
ماوەی چوار ڕۆژە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکۆبونەوەی بەردەوامدان و تائێستا کۆبونەوەکان چەند بڕیارێکی پەسەندکردووە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی ی. ن. ک شۆڕش ئیسماعیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ AA گوتی: "کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی لەشاری ھەولێر دەبێ و کۆمەڵێک بڕیار یەکلایی دەکرێنەوە، کۆبونەوەکان ھەڵسەنگاندنێکی ووردە لەدەرەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و وەستانە لەسەر ئەو ڕاپۆرتەی کە لەپلینیۆمی پێنجەم خوێندرانەوە تاوەکو جێبەجێ بکرێن، بەتایبەت بۆ گۆڕانکاریی ناوخۆیی یەکێتی، لەگەڵ دروستکردنی لیژنەی باڵاو ئامادەکاریی بۆ کۆنگرەی داھاتووی یەکێتی کەبڕیارە لە ٣١/١/٢٠١٤ ببەسترێ."
لەکۆبونەوەی ڕۆژی دووشەمەی ڕابردووی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری سلێمانی، بڕیاری بەشداریکردن لەحکومەتی نوێ پەسەندکرا.
شۆڕش لەوبارەیەوە گوتی: "تەوەرێکی سەرەکی کۆبونەوەی ئەمڕۆ قسەکردنە لەسەر بەشداریکردنی حکومەتی نوێ، ئەمڕۆ بە ووردتر قسەی لەسەر دەکرێ و یەکێتی بڕیاری کۆتایی دەدا لەسەر شێوازی بەشداریکردنی حکومەت."
یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێ چاوەڕوانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەبارەی پێکھێنانی کابینەی تازە.
شۆڕش ئیسماعیل لەوبارەیەوە گوتی: "چاوەڕوانین تا بزانین بەرنامەو ئەجێندای پ.د.ک چییە، وەک یەکێتی لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتی بنکە فراوانین."
شۆڕش ئیسماعیل ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەدەست لەکارکێشانەوەی دەکەن و گوتی: "تائێستاش لەپۆستەکەی خۆم وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردن بەردەوامم و چاوەڕوانی بڕیاری داھاتووی یەکێتی دەکەم کەچ بەرپرسیارێتییەکی دیکەم بۆ دەست نیشان دەکات."