ھەولێر - شوان سديق
بانگەشەکاران بەرۆژدا کەمترین چالاکی و جموجوڵیان ھەیە، کەچی شەوان دەچنە سەرشەقامەکان و گەرموگوڕی دەکەن شەوان بەبێ کێشەو ئاڵۆزیی تێناپەڕێ خراپتر لەوە تەقەکردن و کوشتنیشی چووەتەسەر.
بەپێی قسەی سەرچاوەی ئاسایشپارێزەکان لەھەردوو پارێزگای ھەولێرو سلێمانی، لەیەکەم رۆژی دەستپێکردنی ھەڵمەتی بانگەشە تا رۆژی ھەینی بێجگە لەبرینداربوونی چەندین کەس، دوو ژن و کوڕێکی تازە پێگەیشتوو بەفیشەک کوژراون، دوو کەس لەسلێمانی و یەکێکی دیکە لەسنووری ھەولێر.
چالاکوان و چاودێرانی رەوشی ھەڵبژاردن ھۆشداریی دەدەن لەتەشەنەسەندنی ناکۆکییەکان و ئەگەری رووداوی ترسناکتر.
رۆژی پێنج شەممە لەشاری ھەولێر نوێنەرو ئەندامانی ١٢٧ رێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی، لەبەردەم قاوەخانەی مەچکۆ لەناوەندی ئەو شارە گردبوونەوەو لەبارەی رەوشی توندوتیژیی لەکاتی بانگەشەدا ھۆشداریان دایە حزب و لیستە بەشداربووەکان.
رێکخراوەکان بانگەوازییانکرد لەبانگەشەکاران ئارامی شارو رەوشی بانگەشەکردن بپارێزن و خۆبەدوور بگرن لەھەڵچوون و کاردانەوەی توندوتیژ لەگەڵ یەکتردا.
ئەوەی زیاتر بەرچاوە ئاڵۆزیی زیاتر لەبانگەشەکانی شاری سلێمانی دا ھەیە، بەڵام لەشاری ھەولێریش بانگەشە بەبێ کێشەو ئاڵۆزیی نەبووە، ھەرچەندە لیژنەی ئەمنی شاری ھەولێر ستایشی بانگەشەکارانی کرد لەو شارەو رایگەیاند: ھیچ رووداوێکی ئەوتۆ رووینەداوە تا رەوشی بانگەشە تێکبدا.
ئەگەرچی لە سەرەتای دەستپێکی بانگەشەی ھەڵبژاردن ھەولێری پایتەخت ساردوسڕ دەھاتە بەرچاو، بەڵام پاش حەفتەیەک ئەم شارەش وەکو سلێمانی شەوانی بەبێ ھاتنە سەرجادەی لایەنگری حیزبەکان تێناپەڕێ.
عاسی گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵان لەسەر (جادەی سی مەتری) لەناوشاری ھەولێر ئۆتۆمبیلەکەی بەبۆیە زەرد کردووەو بەگەرمی بانگەشە یۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، عاسی گوتی "لە دوای نانخواردنی ئیوارە لەگەڵ ھاوڕێکانم بە ناوشاردا دەسورێینەوە تادرەنگانێک خەریکی بانگەشەین بۆ لیستەکەمان".
خەڵکانێک ھەن لەناو ھەولێر بێزارن لەو جۆرەی بانگەشەکردن و دەڵێن ھەراسان بوون بەدەست بانگەشەکارانەوە، ئەوان دەڵێن بەھۆی ھاتوھاوارو ھۆڕن لێدانەوە ژیانیان لێتاڵ بووە، بێجگە لەوەی بانگەشەکاران زۆرجار دەچنەوە بەگژ یەکتردا.
رزگار سڵێمان دانیشتووی شاری ھەولێرەو بەوجۆرە ناڕەزایی خۆی دەربڕی "بەڕاستی لایەنگرو شوێنکەوتووی ھەندێ لیست و حیزبەکان، ژیانی خەڵکی ھەولێریان تاڵکردووە، ھۆڕن لێدان و دەنگ بەرزکردنەوە لەنیوەی شەوان ئارامی لە بەشێکی ئەم شارە ھەڵگرتووە، راستی دەنگدان و دەنگ کۆکردنەوە پێویستی بەمجۆرە بانگەشانە نییە پێویست ناکات حزبەکان شەو تابەیانی لەسەر جادەکان ھۆڕن لێبدەن، خەڵکی ئەم وڵاتە خۆی یەکلایی کردووەتەوە دەنگ بەکامیان دەدا ئیتر نایەوێ بەوجۆرە خۆیان ماندوو بکەن".
ھەرچەندە لیژنەی ئەمنی ھەولێر لەڕاگەیەنراوەیەکدا رۆژی ھەینی رایگەیاند: بانگەشەکردن لەھەولێر بێ کێشەو گرفت بووە، بەڵام لەسەرەتای دەستپێکردنی ھەڵمەتی بانگەشە لەئاکامی تەقەکردنی نێوان لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەگوندی (چەمە دوبز - قەزای خەبات) ژنێک بەناوی (سەمیرە ئەسعەد)تەمەن ٤٠ ساڵان بریندارکرا، دوای ھەشت رۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە، رۆژی ھەینی گیانی لەدەستدا.
جوان بابان سەرۆکی (رێکخراوی راوێژکاری یاسایی) گوتی"لەھەڵمەتی بانگەشەدا خەڵک کوژراوەو برینداریش ھەیە، لایەنگرانی حیزبەکان خەریکی شەڕە پەڕۆ و چاو سوورکردنەوەن لەیەکتری، کەواتە بانگەشە تەندروست نییەو لەڕێی خۆی لایداوە، دەبێ حکومەت سنوورێک بۆ ئەو ئاڵۆزییانە دابنێ و حیزب و قەوارە بەشداربووەکانیش ھانی جەماوەرەکەیان بدەن ئارام و پشوو درێژبن لەکاتی بانگەشەدا".
شەوانە لەناو شاری ھەولێرو دەوروبەری، ھێزە ئاسایشپارێزەکان دەخرێنە ئامادەباشی و بەدیار بارەگای حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە ئێشکدەگرن، یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش پۆلیس و چەکدارانی خۆی پارێزگاری لەبارەگاو کەمپینی ھەڵبژاردی دەکات.
رۆژی ھەینی (نەوشیروان مستەفا) رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەبەردەم سەدان لایەنگری بزووتنەوەکەی لەشاری سلێمانی بانگەوازییکرد، ئارامی رەوشی بانگەشە بپارێزن و رێز لەلایەنگرانی حیزبەکان بگرن و یەکتر قەبوڵکەن.
ھەروەھا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەر لەشاری سلێمانی داوای ئۆقرەگرتنی کرد لەلایەنگرانی پارتەکەی و رێزبگرن لەرێنمایی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن و ئەگەر تەنگیان پێ ھەڵچنرا کاردانەوەیان نەبێ.