لە ئاکامی شەڕ و پێکادانی چەند رۆژە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەنبار، ئێستا ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی عەشایردان. گەواهیدەران لە فەلوجە دەڵێن ئەمڕۆ دوای ھاتنی ھێزی زیاتری سوپا، زۆربەی ناوچەکە تۆپباران دەکرێ.
سەرچاوەیەک لە چەکدارانی عەشایری فەلوجە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوگوتی:"سوپای عێراق بە تۆپ و موشەکی دوور هاوێژ گەڕەکانی شەھیدان، حەی عەسکەری، سەبعە نیسان و رێگای سەرەکیی فەلوجە - رومادی بۆردمان دەکا."
سەرچاوەکە هەروەها رایگەیاند: لە ئاکامی ئەو بۆردمانە، تائێستا یەک کەس کوژراوە و نۆ کەسی دیکە کە گشتیان مەدەنین بریندار بوون.
بە گوێرەی قسەی سەرچاوەکەی ئانادۆڵو، ئامانجی سوپای عێراق ھەندێک خاڵی ھەستیاری وەکو ناوەندی پۆلیسی فەلوجە، تەلاری قایمقامێتی فەلوجە کە چەند رۆژێکە لە ژێر دەستی چەکدارانی عەشایردایە، بۆردمان دەکا.