واشنتن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جین ساکی لە بەیاننامەیەکیدا گوتی: "بە دڵخۆشی پێشوازی لە بڕیاری ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکەین سەربارەت بە بەشداریکرن لە کۆنفرانسی جنێڤ ٢. ئەو ھەنگاوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی جنێڤ کە ئامانجی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتیەکی کاتیە، ھەنگاوێکی گرنگە."
ساکی لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا پێیوایە رێککەوتن دەرفەتی ھەرە باشە بۆ کۆتاییھێنان بە کۆمەڵکوژی سوریا و گوتی: "ھەروەھا چوونی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد بۆ ناو ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە بڕیارێکی حەکیمانە لە قەڵەم دەدەین و ئەمە زەمینەی ئەوە دەرەخسێنێ ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرفراوانتر بێ."
ھەر لە بەیاننامەکەدا ساکی دەڵێ: "پێویستە بەر لە کۆنفرانسی جنێڤ ٢ لە پرسە مرۆڤایەتییەکان ھەنگاوی دیکە بھاوێژرێ بەتایبەت دەبێ ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەیرانی سوریا ھەوڵی ئەوە بدەن ھاوکاری مرۆڤی بگاتە ئەو شوێنانەی گەماڕۆ دراون و ئەو ژن و منداڵانەی دەستگیرکراون ئازاد بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش ھەوڵەکانمان لەگەڵ رووسیا و ھاوپەیمانەکانمان چڕتر دەکەینەوە."