سێیەم: ناكرێت رێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ بە راپۆرتی لەم جۆرە ببێ بە پارێزەری داعش و زەمینە بۆ چاوپۆشیكردن لە تاوانی ئەو كەسانە ساز بكرێت كە دەستیان لەگەڵ داعش هەبووە و تاوانی دژی مرۆڤایەتییان ئەنجام داوە و كچ و ژنی ئێزدییان رفاندووە و كار بۆ بەخشینی داعشەكان بكرێت. پێشتر و ئێستا و لە ئاییندەیشدا ئەوە سیاسەتی ئێمە بووە و دەبێت، كە ئەوەی لەگەڵ داعش بێت چارەنووسی داعشی دەبێت و ئەوەی لە دەستمان دێت بۆ دژایەتیی تیرۆر و لەناوبردنی داعش و لایەنگران و هاوكارەكانیان ئەنجامی دەدەین.
چوارەم: تەحەددا دەكەین ئەگەر تەنانەت یەك حاڵەتیش هەبێت كە كەسێكی بێگوناە و مەدەنی بە ئەنقەست كوژرابێت، با رێكخراوەكە ئاماژەی پێ بكات و ئێمەیش ئامادەین بۆ هەموو ئیجرائاتێكی پێویست.
پێنجەم: لە ماوەی دووساڵی شەڕدا تەنانەت یەك شوێنی سڤیلیش لەلایەن پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان نەكراوەتە ئامانج. ئەو شوێنانەی شەڕی تێدا كراوە خەڵكی لێ نەبووە و تەنیا مۆڵگە و حەشارگەی تیرۆریستانی داعش بووە.
شەشەم: لەبری ئەوەی رێكخراوی چاودێریی مافەكانی مرۆڤ پشت بەو كەسانە ببەستن كە زانیاریی هەڵە و چەواشەكارانەیان بۆ دەهێنن با بڕۆن گوێ لە خەڵكی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بگرن بۆ ئەوەی بزانن مامەڵەی هێزی پێشمەرگە لەگەڵ هاووڵاتییانی عەرەبی ناوچە ئازادكراوەكان بە چ شێوەیەك بووە.
لەم بارەیەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران روونکردنەوەى زیاتر دەدات وەک لە هاوپێچدا هاتووە ئەمە دەقەکەیەتى:
سەبارەت بە وێرانکردنی ئەم ناوچانەی کە لە راپۆرتەکاندا باس دەکرین و لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە رەوشی ئەم ناوچانە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە رێکەوتی 4/4/2016 بڕیاریدا بە دامەرزاندنی (لیژنەی دەرخستنی راستییەکان) بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە ناوەڕۆکی راپۆرتی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) و چەند لایەنێکی دیکە، کارەکانی سێ مانگی خایاند و لە میانی کارەکانی لیژنەکە دەرکەوت کە خاپوور کردنی خانووەکان بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ مینڕێژکردنی خانوو و شەقامەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعش، رووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزە ئەمنییەکان و داعش و بەکارهێنانی بەشێک لەو خانووانە وەک مۆڵگە لەلایەن داعشەوە بووە.
سەبارەت بە ناوچەی زوممار دەرکەوت کە وێرانکردن و خاپوورکردنی خانووەکان لە زوممار و دەورووبەری بە سێ قۆناغ بوو ئەوانیش: قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنی زوممار لەلایەن داعش، قۆناغی بۆردوومانی، ئینجا قۆناغی کۆنتڕۆڵکردنەوەی زوممار لەلایەن پێشمەرگەوە، لە رۆژی 2/8/2014 ناوچەی زوممار و ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی کەوتنە ژێردەسەڵاتی داعش بۆیە سەنتەری زوممار بووە ئامانجی هێزەکانی پێشمەرگە لە رێگای بۆمب بارانکردن بە چەکی قورس وەک مووشەک و هاوەن، چونکە لە زۆر لاوە لەلایەن هێزی پێشمەرگە دەورە درابوو، دوای ئازادکردنەوەی زوممار و دەورووبەری لە سەرەتادا نەتواندرا وەک پێویست کۆنتڕۆڵی نیگەرانی و توڕەیی خەڵکی بکەن بۆیە لە هەندێک شوێن کاولکاری روویداوە، هەروەها هەندێکی دیکەش بە هۆی کێشەی شەخسییەوە وێرانکراون بۆ نموونە وێرانکردنى خانووى هاوڵاتییانى سڤیل لە گوندى (خانى خەراب) ئەم خانووانە بە بوونى هاوسۆزی لەگەڵ داعش خراپکراون.
تا ئێستا لە سەنتەری شاری زوممار زياتر له هەزار خانوو تێکدران بە هۆکاری جیاجیا بەمشێوەیە: نزیکەی (330) خانووی کارمەندانی ئاسایش، کادرانی حزبی و پۆلیس و لەشکەری لەلایەن داعشەوە تێکدراون و هەموویان لە دادگا سکاڵایان تۆمار کردووە، دەورووبەری (300) خانوو لە کاتی شەڕی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش تێکدراون، (280) خانوو بە هۆی مینڕێژکردنیان دوای پاککردنەوەی تەقێندرانەوە.
زۆربەی ئەو شوێنانەی لە راپۆرتەکەدا باسیان لێوەکراوە کەوتوونەتە سەر هێڵی تەماس وەک گوندی حەمەد اغا (گوندى عەرەب نشینە) و یەکەم هێڵى تەماسە (120) خانووی بەهۆى شەڕو پێکدادان لەنێوان هێزەکانى پێشمەرگە و بۆردومانى داعش لە 15/8/2014 خاپوور کراون، هەندێکیان لە ئەنجامی شەڕ بۆ نموونە گوندى (بەردییە) کە پێکهاتووە لە (1124) خانوو پێکهاتووە لەوانە (83) خانوو بەهۆى شەڕ خاپوور کراوە.
سەبارەت بە گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەی زوممار تا ئێستا نزیکەى دوو هەزار خێزان لە کورد و عەرەبی ناوچەکە لە مووسڵ و لە وڵاتى سووریا هاتوون و لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون دواى وەرگرتنی رەزامەندى دەزگا ئەمنیەکان و هێزى پێشمەرگە، هەروەها لە فەرمانگە حکوومییەکانى ناحیەى زوممار نزیکەی ١٣٨ هاووڵاتی عەرەب کار دەکەن ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە رێگری لە هاتوچۆی خەڵکەکە ناکرێت. و بەشێک لە گوندەکان خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و تێوەگلاون و ناتوانن بگەڕێنەوە لەوانە گوندی (ئهسكى مووسڵ) کە نزیکەی (100) كهسیان چهكدارى داعشن، گوندى هزیمه (40) كهسیان چهكدارى داعشن، گوندى تەل زهههب (20) كهسیان چهكدارى داعشن، هەروەها بەشێک لەو عهرهبانهى كه له زوممار نیشتهجێن له كاتى رزگاركردنیدا لهگهڵ داعشدا رۆیشتن بۆ نموونە دانیشتوانى گوندى (گركاڤڕ) نزیکەی (٩٨%) یان پهیوهندیان به ڕیزهكانى داعش كردووه و ئامادە نین بگەڕێنەوە، بەڵام رێگریان لێناكرێت.
لەلایەکی دیکەوە تیمەکانی هەڵگرتنەوەی مین سەربە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستیان کرد بە هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە شەقام، کۆڵانەکان، دووکان و بارەگا حکومییەکان، بەداخەوە ژمارەیەک پێشمەرگە بوونە قوربانی لە کاتی پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنی، هەروەها ژمارەیەک خانووی پێکەوە گرێدراو تێکدران، هەروەها هەندێک لە گوندەکانی ناوچەکە وەک (خراب التبن و خراب العاشق) تێک نەدراون سەرەڕای ئەوەی شەڕی زۆریان تێدا رووداوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێستا نزیکەی (٨٠ %) خاوەن دووکان و ئەوانەی لە بازاڕدا کار دەکەن لە سەنتەری شاری زوممار و بەشێوەیەکی ئاسایی ژیانی رۆژانەی خۆیان دەکەن.
سەبارەت بە ناوچەی کەرکوک لە هەندێک راپۆرتەکان باس لە چەند گوندێکی دەڤەری کەرکووک کراوە گوایە بە بلدۆزەر تێکدراون بێ ئەوەی هیچ شەڕو پێکدادانی تێدا رووبدات وەک گوندەکانی (گوبیبە، ئیدریس خەزعل، ئیدریس خەباز، بای حەسن، مکتب خالید، هندیەی کۆن، هندیەی نوێ و چەند گوندێکی دیکە)، بەڵام بەپێی قسەی خودی خەڵکی ناوچەکە بەشی هەرەزۆری وێرانکاری خانووەکان لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و داعش و خۆحەشاردانی تیرۆریستیان داعش و بۆمبڕێژکردنی خانووەکانی لەلایەن داعش بووە و زیانێکی زۆریان بە گوندەکان گەیاندووە تەنانەت لەو خانووانەی کە داعش تەقاندویەتەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
گوبیبە یەکێکە لەو گوندانەی کە زۆر باس لە تێکدانی دەکەن، ئەوەی راستی بێت گوندی (گوبیبە) بەر لە شەڕ پێکهاتبوو لە (٢٠٠) ماڵ، لە سەردەمی رژێمی سەدام حوسێن هەموویان (فدائی صدام) بوون و دوای رووخانی رژێمی سەدام پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی (ئەلقاعدە)ـەوە کرد و بارەگای سەرەکییان لەوێ بوو، ئێستاش خەڵکەکەی هاوکارییەکی زۆری داعش دەکەن و هەر لەو گوندەوە (٦٥) رۆکێتی کیمیاییان هێنا بۆ ئەوەی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەی بدەن.
لەم گوندەوە خەڵکیان ئامادە کردووە و راهێنانیان پێکردوون سەبارەت بە چۆنیەتی خۆتەقاندنەوە. بەشی هەرە زۆری خانووەکانی ئەم گوندە بە تەواوی رووخاوە لە ئەنجامی شەڕ لەو گوندەدا و داعش خۆیان تێیدا حەشاردابوو. کۆمەڵێک بەڵگەی ڤیدیۆیی لەبەردەستدایە کە چۆنیەتی رووخانی خانووەکانی ئەم گوندە دەردەخات.، بەڵام گوندی (بای حسن) سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لە دانیشتوانی هاوسۆزی داعشن و هاوکارییان دەکەن، بەڵام خانووەکانیان تێکنەدراوە و چەند رێکخراوێک هاتن سەردانیان کرد هەرچەندە (٨) کەسی خۆکوژ خۆیان لەو گوندە حەشاردا بوو یەکێکیان ئەو تیرۆریست بوو کە تەقینەوەکەی (دووبز) ی ئەنجامدا و لە دوای هێرشی داعش بەشێک لە خەڵکی گوندی (بای حسن) هاتن بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی هەرێم و بەشێکی دیکەشیان خۆیان داعش بوون و ئێستا لە ریزەکانی داعشەوە شەڕ دەکەن.
گوندی (ئیدریس خەزعل) لە (٨٤) ماڵ پێکدێت و لە 1/2/2015 لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازاد کرا، یەکێکە لەو گوندانەی کە لە ئەنجامی شەڕەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، چونکە نزیکەی (٧٥ %)ی ماڵەکان تێکدراون، گوندی (ئیدریس خەباز) نزیکەی (١٢٠) خێزان دەبین و لە دوای هێرشی داعش بۆسەر ناوچەکەمان خەڵکی گوندەکە ماڵی خۆیان جێ هێشت و تەنیا چەند کەسێکی بەساڵاچوو لە گوندەکەدا مانەوە، دوای گەڕانەوە و ئەو شەڕەی کەڕوویدا لەو ناوچەیە (٧٠) خانوو تێکدران، ئەوانەی خانووەکانیان تێکدراوە هەموویان گەڕاونەتەوە، گوندی هندیەی نوێ هیچ خانوویەکی تێکنەدرا، بەڵام دوای ئەوەی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەکە پێشمەرگە لەو گوندە جێگیر بوون بۆ ئەوەی بەرپەرچی هێرشەکانی داعش بدەنەوە و بەپێی قسەکانی خەڵکی گوندەکە هێزە ئەمنییەکان پێشێلکارییان لەم گوندەدا ئەنجام نەداوە داعش هەندێک خانووی تێکدابوو. ئێستا خەڵکی گوندی هندیەی کۆن گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هیچ گرفتێکیان نییە.
بەشێکی دیکە لەو گوندانە ناوچەی شەڕن وەک (خالید) کە بەشی هەرە زۆری خەڵکەکەی پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و بەشێکی خانووەکانیان تێکدراوە، چونکە لە ساڵی 2014 لە (وحدە و سەعد) هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی تر، شەڕێکی گەورە روویدا و (٢٣) پێشمەرگە بە دیل گیراون، لە گوندی (تەل ئەلورد) شەڕێکی گەورە لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستان لەو گوندە رووی دا و تیرۆریستانی داعش تۆنێلێکیان هەڵکۆڵی بە درێژایی (١٨٠) مەتر لەژێر قوتابخانەیەکی گوندی (تەل ئەلورد) و مەبەستیان بوو لەژێر ئەم تۆنێلەوە بێن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە، لە گوندەکانی (سمایلاوە و منسووریە) بڕێکی زۆر (TNT) و مین دەستی بەسەردا گیراوە تەنانەت لە هەندێک شوێن کارگەی درووستکردنی تەقەمەنییان هەبووە. لەگوندی (سەید خەلف) یەک ترێلە کە بە (TNT) بۆمبڕێژکرا بەمەبەستی تەقاندنەوە دەستی بەسەرداگیرا، کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئامادە کرابوو.
هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن هەندێک لەو گوندانە هیچ خەڵکی مەدەنی تێدا نەبوو و ئێستاش چۆڵن و خەڵکەکەی نەگەڕاونەتەوە بێ ئەوەی تێک بدرێن بۆ نموونە گوندی (مریەم بەگ) هیچی تێکنەدراوە، بەڵام ئێستا کەسی تێدا ناژی، هۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵکەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نزیکە لە هێڵی تەماس و دەکەوێتە ناوچەی نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و پرۆژەی ئاودێری کە بە (مەشروع ری سەدام) ناسراوە واتە لە پشت سەنگەرەکانی پێشمەرگەیە و زۆر جار لەلایەن داعشەوە بە هاوەن بۆمبباران دەکرێ بۆیە گەڕانەوەی خەڵکەکەی زۆر زەحمەتە، چونکە لەلایەک ژیانیان دەکەوێتە مەترسی لە لایەکی دیکەشەوە کار و ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە زەحمەتتر دەکەن، بە هەمان شێوە گوندی (نەهروان) کە ئەویش دەکەوێتە هەمان ناوچەوە لە ئەنجامی شەڕدا وێران بووە و ئێستا کەسی تێدا ناژی.
هەروەها بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان زۆر جار هێزە ئەمنییەکان داوا لە خەڵکەکەی دەکەن چۆڵی بکەن بۆ نموونە گوندی (مەکتب خالید) بەشێکی خەڵکەکەی چوونەتە حەویجە یان هاتوونەتە کەرکووک و بەشێکی دیکەشیان چوونەتە ناو داعش، لەم گوندەدا شەڕی قورس لە نێوان پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش روویداوە. هەر لە گوندی (مەکتب خالید)ــەوە تیرۆریستان (٤) ئۆتۆمبێلی بومبڕێژکراویان بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە نارد هەر دواتر رۆژی 20/11/2015 لە رێگای ئەم گوندەوە هێرش کرایە سەر گوندی (تەل ەلورد). لە جاری دووەم هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردەوە نیو کاتژمێر بەر لە هێرشەکە هێزە ئەمنییەکان داوایان لە خەڵکی کرد گوندەکە چۆڵ بکەن بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراو بێت، چونکە پێشمەرگە بۆردومانی مۆڵگەکانی داعش دەکەن، جگە لەمە تیرۆریستانی داعش گشت خانووەکانیان وەک زنجیرەیەک بۆمبڕێژ کردبوو، هەروەها (٤-٥) ئۆتۆمبێلی مینڕێژکراویان تەقاندەوە کە بووە هۆی وێرانکردنی ژمارەیەکی زۆری خانووەکان.
لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ژمارەیەک لە گوندەکان هاوکاری داعشیان کردووە و لە کاتی هێرشەکانیان پێشوازییان لێیان کردووە، لەوانە خەڵکی هەردوو گوندی (قوتان و قاشقایا) لەو دوو گوندە مەفرەزەکانی داعش چەندین جار هێرشیان کردۆتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، ئەم دوو گوندەش لە بنەڕەتدا گوندی تەعریب کراون و خاوەنە رەسەنەکانی کورد و تورکمانن و ئێستا داوای زەوییەکانیان و قەرەبوو کردنەوە دەکەن.
لە گوندی قوتان (68) خانوو هەبووە لەوانە (32) تێکدراوە و هۆکاری تێکدانەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تیرۆریستانی داعش خۆیان تێدا حەشاردابوو و شەڕی پێشمەرگەیان کردووە و ئەو خانووانە بەشێوەیەک ئامادە کرابوون کە قەناسبەدەستەکانی داعش تێیاندا پێشمەرگەیان کردۆتە ئامانج بۆیە لە کاتی شەڕدا خانووەکان دووچاری وێرانکردن بوونەتەوە بەهۆی بۆردومانی سەربازییەوە. بۆیە ئێستا بەشێکی خەڵکەکەی لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون و بەشێکی دیکەشیان روویان لە شاری کەرکووک کردووە بۆ سەلامەتی خۆیان و نەهێشتنی مەترسی لەسەر هێزەکان لە بەرەکانی جەنگ. سەبارەت بە گوندی (قاشقایا) هیچ خانووەکی تێکنەدراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژانەی چەکدارانی داعش هاتوونەتە ناو ئەو گوندەوە و بە زۆر هەوڵیانداوە خەڵکی گوندەکەیان بۆ مەرامی سەربازی تایبەتی خۆیان بەکاریان هێناوە، بۆیە بۆ دەرباز بوون لە کاریگەرییەکانی داعش لەسەریان بە رەزامەندی خەڵکی گوندەکە خۆیان گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکان و بەشێکیان لە ناو شاری کەرکووک-ن.
news_share_descriptionsubscription_contact

