سەلاح بەردەویل گوتەبێژی حەماس پلانی کیری بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی فەڵەستین بە "پیلانێکی داڕێژراو" ناوبردو گوتی: "بەردەوامبوونی فەڵەستین لەسەر گفتوگۆکان، کاریگەریی خراپ لەسەر خەڵکی فەڵەستین دروستدەکات، خاکی فەڵەستین بەرھەمی قوربانیدان و خوێنی گەلەکەیەتی و بە رۆژانێکی سەختدا تێپەڕیوە تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ، بەڵام ئەوە دەبینین ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کێری پیلانی بۆ داگیرکردنی ئەم خاکە دارێشتووە، ئەو سەرنج و پێشنیارانەی کێری لە رێککەوتننامەکە دەریخستوون ھیچ مافێکی پەنابەرانی فەڵەستینی تێدا نیە. دیسان بە بیانووی جۆراوجۆر ئەو فەڵەستینیانەی لەساڵی ١٩٤٨ لە خاکی باوباپیرانیان ژیاون ناچار بە کۆچبەری دەکات."
بەردەویل جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێشنیارەکانی کێری ھیچ سوودێکی بۆ خەڵکی فەڵەستین نیەو داوا لە عەباس دەکات لە گفتوگۆکان بکشێتەوە،
لەلایەکی دیکە تەڵاڵ ئەبو زەریفە سەرکردەی بەرەی رزگاریخوازی گەلی دیموکراتی فەڵەستین گوتی ھەموو پێشنیارەکانی ئەمریکا رەتدەکەنەوە، چۆن پێشنیارەکانی کێری بۆ یاسای نێودەوڵەتی مەترسیدارن بەھەمان شێوە بۆ مافیرخاکی فەڵەستینیش مەترسیدارن.
ئەبو زەریفە داوا لە مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین دەکات لە گفتوگۆکان بکشێتەوەو پێیگوتووە: "دەبێ ئیسرائیل دان بە فەڵەستین بنێ ئنجا لاپەڕەیەکی سپی و تازە لەبارەی گفتوگۆکان بکاتەوە کە گونجاو بێ لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتیەکان. ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێنەکرێن، ھەر گفتوگۆیەک جگە لەکات بەفیڕۆدان ھیچ واتایەکی دیکەی نابێ. ئامانجی کیری پەردەپۆشکردنی یەکەی نیشتەجێبوونە بۆ جوولەکە و ئابڵۆقەدانی غەزەیە."