د.محەمەد تەھا حەمدون، کە ئێستا لە شاری هەولێرە بە ناوی گوتەبێژی خۆپیشاندەرانی شەش پارێزگای سوننە نشینی عێراق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەڕوانانی عەشیرەتەکان، بەشی زۆری پارێزگای ئەنباریان کۆنترۆڵ کردووە و هێشتا شەڕ و پێکادان لە چەند پارێزگایەکی دیکەی سوننە نشین بەردەوامە."
حەمدون ئۆباڵی ئەو رەوشەی لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەکانی دیکە هاتۆتە ئاراوە، خستە ئەستۆی نوری مالکی.
حەمدون گوتی: " لە دوێنێ دوو شەممەوە پێکادان و شەڕ لەپارێزگاکانی سەڵاحەدین، نەینەوا، دیالە، بەغدا، کەرکوک ھەڵگیرساوە، ئەمە بێجگە لە بەردەوامیی شەڕ لە پارێزگای ئەنبار."
لەبارەی ئەنجامی شەڕەکانی دوێنێ ی ئەنبار گوتی: "ھێشتا ژمارەی تەواوی کوژراوەکانمان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام عەشیرەتەکان دوو سەد سەربازی سوپای عێراقییان ئازاد کردووە کە لە رۆژی یەکەمی شەڕ بەدیلیان گرتبوون. زانیارییمان هەیە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانی مالکی، بەکۆمەڵ سوپا بەجێ دەھێڵن.."