کەرکووک
گوتەبێژی ئەنجوومەنی عەشیرەتەکانی عەرەبی دووزخورماتو شێخ سەتار هیندی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا کە میلیشیاکانی شیعە رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەکە بۆ زێدی خۆیان.
هیندی کە رەخنەی زۆری لە هەندێک گرووپی میلیشیای حەشدی شەعبی گرت، دەڵێت: "هەندێک فەرماندەی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی ناوچەکە، لە تکریت هەڵسوکەوتی نایاسایی ئەنجام دەدەن. ئەو کەسانەی دزەیان کردۆتە نێو حەشدی شەعبی، بوونەتە کێشە بۆ ناوچەکەمان. ئێمە دەیان ناسین، دەوڵەتیش دەیانناسێت. دەوڵەت سزایان دەدات، لە ئێمە زیاتر، زیانیان بەدەوڵەت گەیاندووە. ئەمانە سەرکەوتنەکانی دەوڵەت و هێزەکانی ئەمنییان لەکەدار کردووە".
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا هیندی داوای لە حکوومەتی ناوەندی کرد کە هەوڵەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سلێمان بەگ.