لۆزان
ئەو كاتەی دیاری كرابوو بۆ ئێران و وڵاتانی 5+1، كە لە ئەندامانی هەمیشەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی "ئەمریكا، رووسیا، چین، بەریتانیا و فەڕەنسا" لەگەڵ ئەڵمانیا پێكهاتووە، بۆ ئەوەی دانوستانەكانی دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران كە لە شاری لۆزانی سویسرا بەڕێوەدەچن بگەیەننە رێككەوتن تەواوبووە.
دوای كۆبوونەوەكان، وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: "كە لە سەعات 7:30ی بەیانیەوە كاردەكەن. رۆژێكی درێژ بوو بۆ هەموو شاندەكان. لە زۆر بابەتدا سەركەوتنمان بەدەستهێنا. دووبارە پێویستمان بەوە هەیە گوێ لە كەسەكان بگرینەوە و لە بەیانیەوە دەست بە كۆبوونەوەكان بكەین. ئومێدەوارم ئەمڕۆ چوارشەممە كارەكان بە ئەنجام بگەیەنین و بتوانین دەست بكەین بە قۆناغی ئامادەكردنی رەشنووسی رێككەوتنەكە".
لەلایەن خۆیەوە خۆیەوە سرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە كرد كە ئێران و وڵاتانی 5+1 لە سەر تەواوی بابەتە سەرەكیەكان گەیشتوونەتە رێككەوتن.
ئەو كاتەی دیاری كرابوو بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە 31ی ئاداری رابردوو بوو كۆتایی پێهات. كۆبوونەوەكان لە دوایین رۆژیدا تا نیوە شەو بەردەوام بوو، هەروەها درێژكرایەوە بۆ ئەمڕۆ چوارشەممە.
شایانی باسە دوێنێ گوتەبێژی كۆشكی سپی جۆش ئێرنست لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبوو: "پێویستە دانوستانە ئەتۆمیەكان لەگەڵ ئێران تا نیوە شەو بە شێوەیەكی بنیاتنەر بەردەوام بێت، ئەگەر پێویستیش بكات دەتوانرێت كۆبوونەوەكان رۆژی چوارشەممەش بەردەوام بن".
چاوەڕوان دەكرێت ئەو خاڵە هاوبەشەی لایەنەكان ئامانجیانە پێی بگەن، بەردەوامی بە قۆناغێكی دیكەی كۆبوونەوەكان بدات بۆ ماوەی 3 مانگ. ئەو كاتەشی دیاری كراوە بۆ ئەوەی لەبارەی توانا ئەتۆمییەكانی ئێرانەوە بگەنە رێككەوتنی كۆتایی 1ی تەمووزە.
لێپرسراوان ئاماژە بەوە دەكەن، "دواین خولی دانوستانەكان كە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بەڕێوەەدەچوو، تیایدا لایەنەكان لە كۆتا و رێككەوتن نزیك بوونەتەوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە هەندێ بابەتی گرنگ چارەسەر بكەن".