ھەولێر
رێکخەری ژووری لێکۆڵینەوەی ئابووریی بزووتنەوەی گۆڕان عەلی حەمەساڵح، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "یەک دوو رۆژی داھاتوو، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکا لە مەسیف سەڵاحەدین."
عەلی لەبەر پاراستنی رەوشی ئەمنیی دیدارەکە، ئامادە نەبوو بەدیاریکراوی رۆژی سەردانەکە ئاشکرا بکا. بەڵام گوتی: "سەردانەکە لەسەر پێشنیاری پ.د.ک بووەو کاتەکەی زۆر نزیکە، رەنگبێ لە یەک دوو رۆژی داھاتوو یەکتر بینن."
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەدیدارەکەدا بارزانی و نەوشیروان مستەفا چوارساڵی ئایندەی حوکمڕانی لە ھەرێم، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، پاراستنی ئاسایشی ھەرێم تاوتوێ بکەن
نێچیرڤان بارزانی، رۆژی شەممەی رابردوو سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد لەشاری سلێمانی و لەوێ نەوشیروان مستەفای داوەتکرد بۆ سازدانی دیدار لەگەڵ مەسعود بارزانی.
ھەرچەندە نێوانی حزبی ھەردوولا کێشەو ناکۆکی زۆر کەوتۆتە نێوانیان لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا، لەدوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لەمانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٩، ئەوە سێیەمین دیداری نێوان نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی دەبێ. یەکەم دیدار لە شاری سلێمانی رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠١١ بەڕێوەچوو کاتێ بارزانی سەردانی سلێمانیی کرد، ھەروەھا دووەم دیدار رۆژی ٢٥ی نیسانی ٢٠١٢ لە مەسیف سەڵاحەدین.
بزووتنەوەی گۆڕان رەخنەگرێکی سەرسەختی سیستمی بەڕێوەبردنی حکومەتە لەھەرێمی کوردستان، بەشی زۆری ئەو بەڕێوەبردنەیش لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانییە. بۆیە ناکۆکی زۆر توند لەنێوان ئەو دوو حزبە ھاتۆتە ئاراوەو چەندینجار کار گەیشتۆتە دەرکردنی بەیاننامە لە سەر یەکتر، لە لەدوایین ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان دەرکەوت یەکەم و دووەمی براوەی ھەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانن.