Hamit Hüseyin
11 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2015
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەبار یاوەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی رەوشی ئێستای پێشمەرگەی کرد و لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگ دوا.
لەسەرەتای دیمانەکەدا جەبار یاوەر باسێکی گشتی لەسەر بارودۆخی بەرەکانی شەڕ و رەوشی پێشمەرگەی کرد و گوتی: "دوای شەڕی مووسڵ ھێڵێک لە نێوان ئێمە و تیرۆریستانی داعش دروستبوو، ئەو ھێڵەش ھەر لە خانەقین تا شنگال بەردەوامی ھەبووە و ھەندی ناوچەی کوردستانیش کەوتە ژێر دەستی ئەو تێرۆریستانە بەڵام بە ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانان توانیمان پاشەکشە بە داعش بکەین و خۆشبەختانە ناوچەکانی کوردستان تەنیا لە سەدا ٥%ی لە دەستیان ماوە، ئەویش ناوچەی شنگال و ھەندی ناوچەی باشیک و ھەندی گوندی گوێر ماون کە پێشمەرگەی کوردستان توانای کۆنترۆڵ کردنی ئەو ناوچانەی ھەیە و بەردەوامیشە لە پرۆسەی ئازادکردنی ناوچەکانی دیکە و ھەروەھا ئیتر داعش تەنیا لە بەرگری دایە و ناتوانێت ھێرش بکات".
جەبار یاوەر سەبارەت بە پرسی کاریگەریی ناکۆکییەکانی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان لە سەر ورەی پێشمەرگە گوتی: "بە ھیچ جۆرێک ناکۆکییەکانی نێوخۆی ئێمە کاریگەرییەکی خراپی نەبووە لەسەر پێشرەوەی ھێزی پێشمەرگە و بەڵکو لە ھەندێک ناوچە ھێزی پێشمەرگە ھێرشی کردووە و سەرکەوتووش بووە وەک چۆن چەند ناوچەیەک لە کەرکووک رزگار کرا".
یاوەر لە سەر مژاری شنگال و دواکەوتنی ئۆپەراسیونی مووسڵ بۆ ئانادۆڵو روونی کردەوە، "پرسی ئازادی شنگال پەیوەندی بە چەند بابەتێکەوە ھەبووە یەکەم وەزارەتی پێشمەرگە پێی باشترە کە رزگارکردنی شنگال لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی مووسڵ بێت، لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆسەیە ئەگەر پێکەوە بێ ئەوا زیانی کەمتر بە ھێزی سەربازی دەگات و ھەروەھا ئەگەر مووسڵ رزگار بێت ئەوا تیرۆریستان بە ناچاری شنگال بەجێ دەھێڵن و خەڵک دەتوانێت بگەڕێتەوە و ھۆکاری سەرەکی رزگار نەکردنی شنگال پەیوەندی بە مووسڵەوە ھەیە".
ھەروەھا گوتی" ئێمە ھەر لە ساڵی پارەوە پرسی رزگارکردنی مووسڵ لە گەڵ ھاوپەیمانان و حکوومەتی فیدراڵی تاوتۆی دەکەین بەڵام بەداخەوە ھێزەکانی حکوومەتی عێراق تا ئەو ساتەش ئامادە نەبوونە بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن.
ھەروەھا یاوەر دەڵێت: "لە ئێستادا ئێمەبیرمان لەوە کردووە کە ئەگەر شنگالیش ئازاد بێت داعش لە مووسڵ بوونی ھەبێت ئەوا خەڵک ترسی و دڵەراوکێی زۆری دەبێت لەو ناوچەیە کەواتە پرۆسەکە پێکەوە دەبێت".
لەبارەی بەشداری ئەو ھێزەی بۆ رزگار کردنی شنگال رۆڵ دەبینێ، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ھێزی لایەنێکی دیاریی کراو بە تەنیا بەشداری لە شەڕی رزگارکردنی شنگال و ناوچەکانی دیکە ناکات بەڵکو ھەموو پێشمەرگەیەکی خانەنشین و خەڵکی ئەو ناوچەیە و خۆبەخشەکان و بەگشتی ھەموو ھێزی چەکدار لە ھەرێمی کوردستان بەشداری لەو شەڕە دەکەن".
سەبارەت بە پرسی پێنەدانی چەک لە لایەن حکوومەتی عێراقی بۆ پێشمەرگە گوتی: "حکوومەتی فیدراڵی هەتا ئێستا ھیچ ھاوکاری ھێزی پێشمەرگەی نەکردووە و کێشەی ئێمە لە بواری پێداویستی پێشمەرگە ھەر لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە ھەبووە واتە کێشەی چەکدار کردن و بوودجەی پێشمەرگە و ناساندنی پێشمەرگە وەک ھێزێکی پاسەوانی ھەرێم بە یاسایی تا ئێستا نەکراوە".
جەبار یاوەر سەبارەت بە ھێزی ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند: "نزیکەی ١٢ وڵاتی ھاوپەیمان بە فەرماندەیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن و ئەوان بەردەوام ھەماھەنگیان ھەیە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی و ھەندێ پێویستی دیکە بۆ پێشمەرگە دابین دەکەن".
گوتیشی: "لە دوای مانگی ھەشتی ٢٠١٤ وە ھاوپەیمانان بە سێ شێواز یارمەتی ھێزی پێشمەرگەیان داوە لە ئاسمان، بە مەشق و چەک و تەقەمەنی کە ھەندی چەک رۆڵی کاریگەریی ھەبووە لەشەڕەکە وەک میلان و دژە تانک بەڵام لە ئێستادا یارمەتییەکان کەم بوونەتەوە و ئەو شەڕە قورسەش پێویستی بە چەکی قورس ھەیە".
لەبارەی کەموکۆڕی ھێزی پێشمەرگە یاوەر گوتی: "ھەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی ئابووریدایە و ھەموو فەرمانبەران بە ھێزی پێشمەرگەشەوە مووچەیان وەرنەگرتووە و ئەوەش رۆڵی خراپی ھەیە لە ئێستادا لە سەر ژیانی پێشمەرگە و پێویستیەکانی رۆژانەی ئەوان".
لەبارەی ھەبوونی ھیچ کۆبوونەوەک لەگەڵ رووسیا لەسەر پرسی بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان یاوەر گوتی: "هەتا ئێستا ھیچ کۆبوونەوەمان لەگەڵ رووسیا نەبووە لە بەیانەکانی ھەرێمی کوردستانیش ئاشکرایە کە ئێمە پێشوازی لە ھەموو وڵات و ھاوپەیمانێتییەک دەکەین کە لەدژی داعش شەڕ بکات لەبەر ئەوەی پانتایی میدانی شەڕی داعش زیاد دەکات لە ھەمان کاتدا ئێمە ھیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەو ھاوپەیمانیەتییەی چوار قوڵی نییە و ئێمە لەگەڵ ھاوپەیمانییەتی وڵاتی ئەمریکایین کە زیاتر لە ٦٠ وڵات بەشدارن و ئێمە ئەندامێکی کاریگەرین".
لەبارەی بەکارھاتنی ئاسمانی ھەرێم لە لایەن رووسیاوە گوتی: "ئاسمانی ھەموو عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی فیدراڵیدایە و ئەگەر ھەر فڕۆکەیەکی سڤیل یا جەنگی بفرێت ئەوا حکوومەتی عیراق رێگە دەدات ئێمە راداری ئاسمانیمان نییە و لە رووی یاسای نێودەوڵەتیشەوە ئێمە پەیوەندی ئاسمانیمان نییە".
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی پرسی پەیوەندی ئیسرائیل و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پێدانی چەک بە پێشمەرگە گوتی: "ئێمە ھیچ پەیوەندییەکی نھێنی و فەرمیمان لەگەڵ حکوومەتی ئیسرائیل نییە و ھیچ رێگایەکمان نییە تا لە ئیسرائیل چەکمان بۆ بێت ئەگەر بێت لە رێی تورکیا، ئیران و عێراقەوە دەبێت و ئەوان رێگە نادەن و جگەلەوەش کارێکی ھەڵە نییە کە حکوومەتی ھەرێم لە داھاتوودا پەیوەندی ھەبێت و ئەگەر ھاوکاریی بکرێت قەبووڵی دەکەین و ئیسرائیل دوژمنی ئێمە نییە و ھیچ کێشەیەکی خاک یا سیاسیمان لەگەڵ ئەو وڵاتە نییە و ئەوان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کێشەیان ھەبووە و لە ئێستادا پەیوەندیان زۆرباشە".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر دەڵێت: "لە سەرەتای شەڕی داعش تورکیا چەند خولێکیان بۆ پێشمەرگە کردەوە بەڵام ماوەی چەند مانگێکە مەشقپێکەرانی تورکیا گرنگی بە ھێزی ئازادکردنی مووسڵ و پۆلیسی مووسڵ دەدەن و مەشق بە پێشمەرگە ناکەن". جەبارە یاوەر ئاشکرای کرد کە "لە لایەن تورکیاوە تا ئێستا چەند جارێک کەلوپەلی سەربازیی بۆ پێشمەرگە نێردراوە بەڵام چاوەڕوانی زیاترمان هەیە".
گوتیشی: "ئێمە لە مەشقی تورکیا رازی بووین وەک مەشقی چەکی ھاون و میلان و مین ھەڵگرتنەوە و لە ھەمانکاتدا راستەوخۆ ھیچ رێککەوتنێکیان لەگەڵ وەزارتی پێشمەرگە نییە و ھیچ یەکەیەکی تورکیا لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا نەبووە".
جەبار یاوەر راشیگەیاند "داعش تەنیا بۆ سەر عێراق و سووریا هەڕەشە نییە و بەڵکو لەسەر تورکیا زیاترە".
لەبارەی ئۆپەراسیونی حەویجە گوتی: "ئەو ئۆپەراسیونە تاقیکردنەوەیەکی زۆر گرنگ بوو. یەکەمین جارە تیمێکی تایبەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھێزی تایبەتی ئەمریکا توانیان بچن بۆ نێو جەرگەی دوژمن و بەندیخانەیەک کۆنتڕۆڵ بکەن و ٦٩ کەس ئازاد بکەن و ٦ کەس لە داعشەکانیش بە دیل بگرن و بیانهێننە ھەرێمی کوردستان و ئەو پڕۆسەیە زۆر سەرکەوتوو بوو کە ئاماژەیەکیشە بۆ بڕوابوونی ئەمریکا بە کورد".