Heman Hussein Yaseen
02 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2024
هەولێر - AA
لە کاتێکدا کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ناچنە پەرلەمان و بایکۆتی پڕۆسەکە دەکەن، بەڵام یەکێک لە کاندیدە دەرچووەکانی لیستەکە ئامادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەبێت.
بڕیاربوو کاتژمێر ١١ی ئەمڕۆ دووشەممە یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بە ئامادەبوونی کاندیدە دەرچووەکان بەڕێوەبچێت بەڵام دانیشتەکە بەهۆی درەنگهاتنی کاندیدەکان کاتەکەی دواکەوتووە.
لە بەیانییەوە کاندیدە دەرچووەکان پەیتا پەیتا دەگەنە باڵەخانەی پەرلەمان و ئامادەی دانیشتنەکە دەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بە بەشداری دوو ملیۆن و ٨٧ ھەزار و ٩٧٢ کەس ھەڵبژاردنی گشتی بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامەکان ھەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان٢٣ کورسی، نەوەی نوێ ١٥ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، ڕەوتی ھەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەریی ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی و ھاوپەیمانی ھەرێمی کوردستان ١ کورسی پەرلەمانییان بەدەستھێنا.
کۆمەڵی دادگەریی لە خولی شەشەمی پەرلەمان سێ بەربژێری دەرچووە بۆ پەرلەمان و بەڵام سەرکردایەتی حزبەكەیان ڕایگەیاند کە ناچنە پەرلەمان و حکوومەتەوە.
ئەمڕۆش کە بڕیارە یەکەم دانیشتن بەڕێوەبچێت، کاندیدی دەرچووی حزبەکە، لە بازنەی سلێمانی، هێرۆ عەتار حەمەڕەشید هاوشانی کاندیدە دەرچووەکان گەیشتە باڵەخانەی پەرلەمان بۆ ئەوەی ئامادەی دانیشتنەکە بێت.