ھەولێر - AA
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا وردەکاریی ھێرش و تەقینەوەکانی ئەمڕۆی شاری ھەولێر ئاشکرا دەکا، کە تێیدا ٦ ھێرشبەر ھێرشیان کردە سەر بارەگای ئاسایش و دوو ئۆتۆمبێلیش تەقێنرانەوە و تێیاندا، بەپێی سەرچاوە ئەمنی و پزیشکیەکان جگە لە ٦ ھێرشبەر، ٦ کەس کوژراون و زیاتر لە ٦٠ کەسیتریش بریندار بوون.
ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستانە:
کاتژمێر ١:٢٤ دوا نیوەرۆی ئەمرۆ ٢٠١٣/٩/٢٩ ، پەلامارێکی تیرۆریستی کرایە سەر بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ھەولێر. لەسەرەتادا ئۆتۆمبێلێکی جۆری مینی پاسێک خۆکوژێکی تێدابووە ویستوویەتی بچێتە ناو بارەگای ئاسایش و لەوکاتەدا لەلایەن پاسەوانانی ئاسایش تەقەی لیدەکرێت و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە لەبەردەرگای سەرەکی دەتەقێتەوە و لەوکاتەدا ٤ خۆکوژ بە چەک و رومانەوە ھەول دەدەن بچنە ناو بارەگای ئاسایش ھەولێر.
ھەرچوار تیرۆریستە خۆکوژەکە لە لایەن پاسەوان و کارمەندانی ئاسایشەوە دەکوژرێن، لەدوای چەند خولەکێک تیرۆریستێک بە ئامبولانسێک لە بارەگای ئاسایش نزیک دەبێتەوە و دوای ئەوەی رادەگیرێت خۆی دەتەقێنێتەوە.
لە ئەنجامی ئەم کردارەدا ٦ تیرۆریست کوژراون و بەداخەوە لە کاتی بەرگریکردنی قارەمانانەی کارمەندانی ئاسایشدا ٦ کارمەندی ئاسایش شەھیدبوون و (٤٢) کەس لە کارمەندی ئاسایش و پۆلیس و بەرگری شارستانی برینداربوون.
لەکاتێکدا سەرەخۆشیمان لە خانەوادەی شەھیدان دەکەین و ئاواتی ھەرچی زووتر چاکبوونەوەی بریندارەکان دەخوازین خەلکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم جۆرە ھێرشانە لەرووبە رووبوونەوەی تیرۆریستان رژدتر و توندوتۆلترمان دەکەن.
ئەم ھێرشە لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە ھەرێمی کوردستان لەتاقیکردنەوەیەکی مەزنی دیموکراسیدا سەرکەوت و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ناحەزانی کوردستان چاویان بەم سەرکەوتنانەی ھەرێم ھەڵنایەت.
دوای ٦ ساڵ ئەمەیان یەکەم کرداری لەمجۆرەیە لە ھەرێم ئەنجامدەدرێت ، بەڵام بێگومان لەمیانەی ئەم ٦ ساڵەدا چەندین جارە ھەوڵی لەمجۆرەیان ھەبووە کە بە وریایی ھێزەکانی ئاسایش پوچەلکراون.
پێویستە لەبیرمان بێت کە ھەرێمی کوردستان لەناوچەیەکی ئالۆزدایە و ھەوڵی ناحەزان و مەترسیی تیرۆریستان بۆ تێکدانی سەقامگیریی کوردستان کۆتایی پێنەھاتووە، بۆیە داوا لەھاولاتیانی خۆشەویست دەکەین کە یارمەتیدەر و پشتیوانمانبن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەرو مالیان.
داواتان لێدەکەین کە بنکەکانی ئاسایش لەھەر دیاردەیەکی نامۆ و گوماناوی بەزووترین کات ئاگادار بکەنەوە. ھاوکارییتان گەورەترین فاکتەرە بۆ پوچەڵکردنی نیازی گڵاوی تیرۆریستان.
تیرۆریستان شیواز و پیلانی نوێ بەکاردێنن بۆ ئەنجامدانی ھێرشەکانیان بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە کە بەھاوکاریی ھاوڵاتیان ھەموو تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ قەلاچۆکردنی ھەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ھەرێم لەھەرشوێنەکەوەبێت.
لەکۆتاییدا داوا لەھاولاتیانمان دەکەینەوە کە پابەندبن بەرێنماییەکانی ئاسایشەوە و ھاوکارمان بن چونکە ھاوکاریتان گەورەترین فاکتەری یارمەتیدەری پاراستن و بەردەوامیی سەرمایەی بەنرخی ئاسایشی وڵاتمانە.
دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان
٢٠١٣/٩/٢٩