Hemn Baban
08 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2015
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچوونیان پۆزەتیڤە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا و داوا دەكەن ئاشتی بەرقەرار بێتەوە و كۆتایی بە شەڕ بێت.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە هێمن هەورامی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا و ئەنجامەكانییەوە قسەی كرد و لەوبارەیەوە گوتی: "پیرۆزبایی سەركەوتنی هەموو هەڵبژاردنەكان لە باكووری كوردستان و لە توركیا بەگشتیی دەكەین، پیرۆزبایی گەرمیش لە ئاك پارتی و هەدەپە و جەهەپە دەكەین، لەهەموو ئەو هێزانەی دیكەش كە توانییان ئەمڕۆ پرۆسەیەكی جوانی دیموركراسی لە هەڵبژاردنەكاندا بەڕێوەبەرن".
ناوبراو هەروەها گوتیشی: "هیواخوازین سەركەوتنی ئاك پارتی و توانای پێكهێنانی حكوومەت بەتەنها ببێتە هۆكارێكی باشتر بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و كرانەوەی دیموكراسی و چارەسەری دۆزی كورد لە رێگەی ئاشتییەوە باشتر چارەسەر بكات و بەگوڕتر لە جاران لەسەر ئەو هەنگاوانەی پێشوویان بەردەوام بن، چونكە بۆ ئێمە گرنگ چارەسەریی دۆزی كورد و پێكەوەژیانی گەلانی توركیایە".
هەورامی لەبارەی هەدەپەشەوە گوتی: "پیرۆزبایی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و هەدەپە دەكەین كە توانیان بەربەستی 10 لەسەد تێپەڕێنن، هیواخوازی ئەوەین هەدەپەش بەشداریی خۆیان لە نێو پەرلەمان و لە پرۆسەی سیاسی بەكاربهێنین بۆ ئەوەی پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بن و رێگە لەوە بگرن جارێكی تر شەڕ بەردەوام بێت، چونكە پێمان وانییە شەڕ كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكات، هیوای ئەوەش دەخوازیین هەدەپە بتوانێت بە بەشێك لە سیاسەتەكانی خۆی بچێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت خاڵی هاوبەش لەگەڵ هێزەكانی تر بدۆزێتەوە و زەمینە سازی بكات پرسی كورد لە باكووری كوردستان بەرەو پێشەوە بچێت پاشەكشە نەكات، برایەتی وپێكەوە ژیان زیاتر پەرەبسێنێت و خوێن رشتن و شەڕیش كۆتایی پێ بهێنرێت".
بەهۆی نەگەیشتنی لایەنەكان بە داڕشتنێكی دیاریكراو بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت لە پاش هەڵبژاردنەكەی حوزەیرانی رابردوودا، هەڵبژاردن لە توركیا لەسەرەتای ئەم مانگە دووبارە كرایەوە و تێیدا پارتی داد و گەشەپێدان توانی ژمارەی كورسییەكانی زیاتر بكات و رێژەی 49,49 لەسەدی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەوەش ئاك پارتی 317 كورسیی پەرلەمانی مسۆگەر كرد لەكاتێكدا هەدەپە توانی تەنها 10,76 لەسەدی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و 59 كورسی لە پەرلەمانی توركیا مسۆگەر بكات، ئەنجامەكەش بە بەراوردلەگەڵ حوزەیرانی رابردوو تەنها پارتێك دەنگەكانی زۆر زیادی كردبێت ئاك پارتی بوو.
لەبارەی كەمكردنەوەی دەنگەكانی هەدەپەش لە هەڵبژاردنی ئەمجارە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی حوزەیرانی رابردوو هەورامی گوتی: "بڕیاری هەڵگیرسانی شەڕ لەلایەن پەكەكە و لە قەندیلەوە یەكێك بوو لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكان و دەبوو دووربین تر بان، ئێمە پێمان باش بوو هەدەپە لە هەڵبژاردنی حوزەیران هەدەپە لەگەڵ ئاك پارتی حكوومەت پێك بێنێت، لە ناوچەكانی باكووری كوردستان ئاك پارتیش دەنگێكی زۆری هێناوە و ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە دەنگدەری كورد لەگەڵ سەقامگیریدایە و دەبێت ئاشتی بەرقەرار بێت".
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە كە لە 1991ەوە حوكمڕانێكی سەرەكییە لە هەرێمی كوردستان و ئێستا خاوەنی 18 كورسییە لە پەرلەمانی كوردستان سەعدی پیرە لەسەر هەمان پرس لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە پاش هەڵبژاردنی رابردووەوە كە لە حوزەیران بەڕێوەچوو دەركەوت بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان تەحەمولی ئەو ئەنجامە ناكات و ئەو ئەنجامە گرژی لێ دروست بوو، هەروەها برادەرانی هەدەپەش لە بارەی پێكهێنانی حكوومەت و بەشدارییان تێیدا لە لێدوانەكانیاندا زۆر ورد نەبوون، بۆیە دۆخەكە گەیشتە ئەوەی بارودۆخێكی وەكو شەڕ دروست بێت كە رێگر بوو لەبەردەم دامەزراندنی حكوومەت لەو كاتەی شەڕ دەستی پێ كرد".
سەعدی پیرە گوتیشی: "ئێستا ئەنجامەكان دەركەوتوون و هەموو لایەك پێی رازیین گرنگ ئەوەیە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەست پێ بكاتەوە كە بۆ هەردوو لا گرنگە".
سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان عەدنان موفتی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئومێد دەكەم ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ببێتە هۆی ئارامی و حكوومەت بە زووترین كات پێك بهێنرێت و كراوەتر تەماشای مەسەلەكان بكات و بە لووتبەرزییەوە سەیری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نەكات، دەبێت هەوڵەكانی ئاك پارتی بۆ نەهێشتنی شەڕ بێت هاوكات لەگەڵ ئەوەی بۆ ئەوە بێت كە پەیوەندییەكانی هەرێم بەرەو پێشەوە بچێت".
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتی: "دەبێت هەدەپە هەوڵی ئاشتی بدات و هەموو كارێك بكات بۆ ئەوەی ئاشی بەرقەرار بێت".