ژەنەڕاڵ ژۆزێف دیوندفۆرد کە لەلایەن سەرکۆماری ئەمریکا باراک ئۆباماوە وەکو پاڵێوراوی نوێ بۆ پۆستی سوپاسالاری ئەمریکا دەستنیشان کراوە، گوتی: "رووسیا گەورەترین ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا".
دونفۆرد کە فەرماندەی ھێزی پیادەی دەریاییە، لە چوارچێوەی پڕۆسەی پەسەند کردنی پاڵاوتنیدا لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ھێزەکانی چەکداری کۆنگرێسدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و وەڵامی پرسیارە جیاجیاکانی سناتۆرەکانی دایەوە و جەختی لەسەر ھەڕەشەکانی رووسیا بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کرد.
فۆرد هەروەها گوتی: "رووسیا ھەڕەشەی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و خاوەن ھێزی ئەتۆمییە و سەربەخۆیی و سەروەری ھاوپەیمانانی ئەمریکای پێشێل کردووە".
فۆرد لە بەرامبەر چالاکییەکانی رووسیادا وشەی "ھەڵوێستی گوماناوی" بەکار ھێنا و گوتی: "ئەگەر دەتانەوێت باس لە نەتەوەیەک بکەین کە ھەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا دروست کردووە ئەوە دەتوانم ئاماژە بە رووسیا بکەم. ئەگەر سەیری ھەڵسووکەوتەکانی رووسیا بکەین، بۆتان دەردەکەوێت کە ئەو ھەڵسووکەوتانە بێجگە لەوەی جێگای نیگەرانین ھیچی دیکە نین".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "دوای رووسیا چین کە زۆر بەخێرایی سوپاکەی بەھێز دەکات مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا و ھاوکات کۆریای باکوور و رێکخراوی تیرۆریستی داعشیش ھەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا".
سەرۆکی کۆمیتەی ھێزەکانی چەکداری کۆنگرێس سناتۆر جۆن مەککین پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا پێویست دەکات ئەمریکا چەکی کوشندە رەوانەی ئوکراینا بکات یاخود نا؟ لە وەڵامدا فۆرد گوتی: "لە رووی سەربازییەوە ئەمە ھەنگاوێکی گونجاوە، ئەوەی راستی بێت ئەوەیە کە هەتا ئەم جۆرە ھاوکارییانە پێشکەشی ئوکراینا نەکرێن ئەو وڵاتەش ناتوانێت لە بەرامبەر ھێرشەکانی رووسیادا بەرگری لە خۆی بکات".
فۆرد ساڵانی ٢٠١٣ هەتا ٢٠١٤ فەرماندەی ھێزی ھاوپەیمانان بووە لە ئەفغانستان و تەمەنی ٥٩ ساڵە و ساڵی ٢٠٠٣ لە کاتی شەڕی رزگاری عێراقیشدا فەرماندەی ھێزی پێنجەمی شەڕ بووە و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە عێراق ماوەتەوە ولەو کاتە ساتانەدا نازناوی جۆی شەڕکەری پێ دراوە.
بە ھۆی ئەوەیەوە کە ھەمیشە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ناتۆ و ھاوپەیمانان لە ئەفغانستان ئەنجام داوە، خاوەن پەیوەندی باشی جیھانییە و ساڵی رابردوو کراوە فەرماندەی ھێزی پیادەی دەریایی.
فۆرد کە لەلایەن ئەندامانی کۆماری و دیموکراتی کۆنگرەوە رێزی لێ گیراوە چاوەڕوان ناکرێت لە پڕۆسەی دەنگدان تووشی ھیچ جۆرە کێشەیەک ببێتەوە.