Hemın Othman Mohammed
12 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 13 شوبات 2016
میونخ - AA
لە كۆبوونەوەكانی سووریادا كە بە رابەرایەتی ئەمریكا و رووسیا بەرێوەدەچێت، رێككەوتن كرا لەسەر ئەوەی لە ماوەی یەك هەفتەدا لە سووریا توندوتیژی رابگیرێت و بە پەلە هاوكاری مرۆیی بگەیەندرێتە ئەو ناوچانەی کە گەمارۆدراون.
دوای تەواو كردنی كۆبوونەوەكان كە بە بەشداری ئەمریكا و رووسیا و وڵاتانی ناوچەكە، سعوودیە، ئێران و توركیا بەڕێوەچوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری، روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تیایدا رایگەیاند "رێككەوتین لەسەر ئەوەی كە لە ماوەی یەك هەفتەدا لەسەرتاسەری سووریادا توندوتیژی رابگیرێت".
كیری، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا سیرگێی لاڤرۆڤ و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا ستافان دی مستۆرا رایگەیاند "لە ژێر چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكاندا كار دەكرێت بۆ وەستانی توندوتیژیەكان، گەیشتینە رێككەوتن لەسەر دامەزراندنی گرووپێك بۆ راپەڕاندنی كارەكان كە لەلایەن ئەمریكا و رووسیاوە بەشێوەی هاوسەرۆك بەڕێوەدەبرێت. هەفتەی داهاتوو، ئەم گرووپە كار دەكات لەسەر سیستمێك بۆ راوەستانی توندوتیژی و هێرشەكان بۆ ماوەیەكی درێژ".
- پێناسەی ئاگربەستی بەكارنەهێنا
لە كاتێكدا كیری رێككەوتنەكەی میونخ راگەیاند كە بە بەشداری 17 وەزیری دەرەوەی وڵاتان بەڕێوەچوو و تیایدا "گرووپی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە سووریا" پێكهێنرا، لەبری دەستەواژەی ئاگربەست "راگرتنی توندوتیژی" بەكارهێنا.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێكدا كیری گوتی: "دەستەواژەی ئاگربەست زیاتر پەیوەستە بە واتای یاساییەوە، لەم قۆناغەشدا هەندێ لە وڵاتانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە بەكارهێنانی ئەو دەستەواژەیان بەدڵ نەبوو".
هاوكات كیری جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو رێككەوتنەی كراوە، تەنیا لە چوارچێوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سووریا و بەهەنگاونان بە ئاراستەی چارەسەری سیاسیی دەتوانرێت بەرەوپێش ببرێت.
جۆن كیری، ئەوەشی خستە روو كە بڕیاری راگرتنی توندوتیژی، رێكخراوە تیرۆریستیەكانی وەك داعش ناگرێتەوە، بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و گوتی: "ئەم رێككەوتنە تەواوی لایەنەكانی سووریا دەگرێتەوە جگە لە رێكخراوە تیرۆریستیەكانی داعش و بەری نوسڕە و ئەو گرووپانەی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە وەك رێكخراوی تیرۆریستی ناسێندراون".
- ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوام دەبن
وەزیری دەرەوەی رووسیا سیرگێی لاڤرۆڤ، لە روونكردنەوەیەكدا لە كۆنگرە رۆژنامەوانیە هاوبەشەكەدا رایگەیاند كەوا وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی لە سووریادا.
گوتیشی: "ئەم رێككەوتنە رێكخراوە تیرۆریستیەكانی داعش و بەرەی نوسڕە ناگرێتەوە كە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە وەك رێكخراوی تیرۆریستی ناسێندراون. لەبەرئەوە هێزی ئاسمانیمان بەردەوام دەبێت لەسەر چالاكیەكانی دژ بەو رێكخراوە تیرۆریستیانە".
- هاوكاری مرۆیی بۆ ناوچە گەمارۆدراوەكان
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار لە كۆبوونەوەكە، ئاماژەیان بەوە كرد كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەی میونخدا، بەشێوەیەكی خێرا و بەپەلە دەست دەكەن بە گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بەتایبەتی بەو شێوێنانەی گەمارۆدراون.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری، باسی لەوە كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا رێككەوتوون لەسەر پێكهێنانی گرووپێك لە جنێڤ بۆ بەڕێكردنی كارەكان لەبواری هاوكاریە مرۆییەكاندا. لاڤرۆڤیش ئاماژەی بەوە كرد كە لە رێگەی ئاسمانیەوە هاوكاریی مرۆیی دەگەیەننە هەندێ ناوچە.
- كیری: لەگەڵ ئەسەددا ئاشتی ناكرێت
دوای كۆنگرەی رۆژنامەوانیەكە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە داهاتووی بەشار ئەسەد گوتی: "بۆچوونمان لەو بارەیەوە نەگۆڕاوە".
كیری، راشیگەیاند كەوا تەواوی لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن كە لە داهاتوودا یەكپارچەیی خاكی سووریا بپارێزرێت و خوازیاری چارەسەری كردنی كێشەكەن، گوتیشی: "لەبارەی چۆنیەتی چارەسەر كردنی كێشەكە و دەرەنجامەكەوە بیروبۆچوونی جیاواز هەیە، كە ئەوەش دژ یەكن".
كیری، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو پێی وایە لە سووریایەكدا كە ئەسەد بەردەوام بێت لە سەرۆكایەتی ناتوانرێت ئاشتی بەدی بێت و گوتی: "من و زۆربەی وڵاتانی بەشداربووی ئەم كۆبوونەوەیە، بۆچوونمان بەم شێوەیەیە: ئەگەر ئەسەد لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە و سووربێت لەسەر سەرۆكایەتی، ئەوا لە سووریادا ئاشتی بەرقەرار نابێت. ئەوە بۆچوونی ئێمەیە، رەنگە كەسانی دیكە بۆچوونیان جیاواز بێت. بەڵام ئێمە پێمان وایە بەو شێوەیە ناتوانرێت بناغەی ئاشتی بنیانبنرێت. چونكە وڵاتانی دیار و كارەكتەرە دیارەكان، بێ بەدیهاتنی قۆناغێكی راگواستنی شەرعی، كۆتایی بە شەڕ و پێكدادانەكان ناهێنن".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كیری، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سووریا لەبەرچاو دەگرن و گوتی: "نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر چوارچێوەیەك رێككەوت. ئەوەی ئێمەش هەوڵی بۆ دەدەین، جێبەجێ كردنی ئەو قۆناغی راگواستنەیە، ئەویش دەستەبەركردنی قۆناغێكی راگواستنە كە تیایدا گەلی سووریا بێ هیچ فشار و زۆرەملێیەك بڕیار لەداهاتووی خۆی بدات و بڕیاری تەواو لەدەست خۆیدا بێت. لەم قۆناغەدا ئەوە پەسەندە. ئەگەر هەموو لایەك رێز لەم قۆناغە بگرێت، ئەوا قۆناغی راگواستن دێتە دی. ئەگەر رێزیشی لێ نەگیرێت جەنگ بەردەوام دەبێت".