Sangar Hamad Azeez
18 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2016
وەزیری بەرگری بەریتانیا میشێڵ فاڵۆن جەختی کردەوە لەوەی کە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە شوێنێکی قەلەباڵغ ئەنجامدەدرێت لە رووی دانیشتوانەوە و گوتی: " بە دڵنیایەوە گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی سڤیل روودەدات، هێزەکانی هاوپەیمانان گرەنتی ئەوەیان داوە کەوا لەچوارچێوەی رێککەوتنی جنێف و مافەکانی مرۆڤ هەنگاو دەنێن لە ئۆپەراسیۆنەکاندا ".
وەزیری بەرگری بەریتانیا میشێڵ فاڵۆم بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی بەریتانیا کرد و لەبارەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
فاڵۆن تیشکی خستە سەرئەوەی کە سەربازانی بەریتانی ماوەی دووساڵە مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن و گوتی: "پسپۆڕانی سەربازی بەریتانی لە بوارەکانی پوچەڵکردنەوەی بۆمب ، بەرەنگاربوونەوەی نیشانشکێن و چۆڵکردن مەشقیان بە پێشمەرگە داوە".
ئەو وەزیرە ئەوەیشی خستە روو کە فڕۆکە سەربازییەکانی بەریتانیا بە بەردەوامی لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیمانان پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیان کردووە و گوتیشی : "لەم چەند رۆژەی دوایی زۆرینەی ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی بەریتانیا ، بۆسەر داعش بووە لە موسڵ ".
لەبارەی پلانی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل لە موسڵ فاڵۆن گوتی: " بە دڵنیایەوە گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی سڤیل روودەدات، هێزەکانی هاوپەیمانان گرەنتی ئەوەیان داوە کەوا لەچوارچێوەی رێککەوتنی جنێف و مافەکانی مرۆڤ هەنگاو دەنێن لە ئۆپەراسیۆنەکاندا ، ئێمەش لە میانی مەشق پێدانی هێزەکانی پێشمەرگە جەختمان لەسەر ئەم کارە کردۆتەوە ".
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا موسڵیش وەک فەلوجە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی ئەگەری روودانی کۆکوژی لە ئارادایە یاخود نا فاڵۆن گوتی:" ئەمە بابەتێکە کە بەراستی جێگەی نیگەرانییە ، لە کاتی گەمارۆ خستە سەر موسڵ هێڵی سوور دانراوە کەوا هەر هێزێک لە چ لایەک هێرش بکات و تا کوێ بچێت ، دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەولێر باش دەزانن کە موسڵ شارێکی سوننە نشینە و دەبێت چ هەنگاوێک بنرێت بۆ ئەوەی بەر لە کۆکوژی بگیرێت".
فاڵۆن تیشکی خستە سەر دواین سەردانی بۆ عێراق کە ئەوکات ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ ئەنجام دەدرا و گوتیشی: "لەو باوەڕەیە داین کە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ یەکێک لە گرنگترین تاقیکردنەوەکان دەبێت بۆ سوپای عێراق کە بتوانێت بە کەمترین زیان ئەنجامی بدات ".
وەزیری بەرگری بەریتانیا جەختی کردەوە لەوەی کەوا نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کاردەکەن تاوەک بەر لە روودانی هەر کارەساتێک بگیرێت کە ببێتە هۆی قەیرانی مرۆیی و گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستەش بەریتانیا بڕی ٤٠ ملیۆن پاوەندی داوە بە نەتەوە یەکگرتووەکان" .
ئەو وەزیرە جەختی کردەوە لەوەی کە رزگارکردنی تەواوی ناوچەکانی عێراق لە ژێردەستی داعش کارێکی ئاسان نابێت و گوتی: " رەنگە لایەنی کەم ٣ ساڵی بوێت تاوەک بە تەواوەتی داعش لەناودەچێت ، بە دڵنیایەوەش لە کاتی نەمانی داعش لە عێراق بەریتانیا و ئەورووپا و تەواوی وڵاتان پارێزراو تر دەبن ".