Hemn Osman
27 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2015
لە بەردەم ناوەندی گشتی هاك-پار، مەراسیمێك بۆ كۆچی دوایی سەرۆكی گشتی پارتەكە فەهمی دەمیر، رێكخرا كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە رووداوێكی هاتوچۆدا گیانی لەدەستدا.
لە مەراسیمەكەدا هەریەك لە هاوسەرۆكی گشتی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) سەڵاحەددین دەمیرتاش، سەرۆكی گشتی پێشووی هاك-پار كەمال بوركای، هاوسەر و منداڵەكانی فەهمی دەمیر گیولسوم دەمیر، بوركای و یڵماز دەمیر، نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنقەرە عومەر میرانی، سكرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی كوردستان مەسعود پەك، نوێنەرانی ژمارەیەك لە پارتەكانی سیاسیی هەرێمی كوردستانی عێراق و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
لە كاتیكدا تابوتەكەی دەمیر بە ئاڵای هاك-پار داپۆشرابوو، ئاڵای كوردستانیش لە بەردەم تابوتەكەی هەڵواسرابوو.
لە رێوڕەسمەكەدا بوركای وتارێكی پێشكەش كرد و تیایدا نیگەرانی خۆی لەبارەی گیان لەدەستدانی دەمیر رایگەیاند و گوتی: "هاوڕێ فەهمی، لەو كەسانە نەبوو كە لە پێناو پۆست و پارەدا سیاسەت بكات. بەڵكو كەسیك بوو لە پێناو داوای خەڵكی ستەمدیدە، ستەملێكراوان، گەلی كورد و زەحمەتكێشان خەباتی دەكرد. لەبەرئەوە یادی دەكەینەوە".
جێگری سەرۆكی گشتی هاك-پار عەبدولمەناف كران، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەمیر كارەكتەرێكی باوەڕدار بووە لەسەر خەباتی دیموكراسی و گوتی: "ئەو كەسێكی خەباتگێڕ بوو. شەهیدی رێگای گەلی كورد و هێزەكانی دیموكراسیە".
دوا بەدوای رێوڕەسمەكە، بەمەبەستی بە خاك سپاردنی، تەرمی دەمیر برا بۆ شارۆچكەی جیهانبەیلی لە پارێزگای كۆنیا.
لە پاش رێوڕەسمی بەخاك سپاردنەكە، هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە سەڵاحەددین دەمیرتاش، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە، هاوكات داوای لێخۆشبوونی بۆ سەرۆكی گشتی هاك-پار فەهمی دەمیر كرد و، سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەكەی كرد.
دەمیرتاش، ئاماژەی بەوە كرد كە كۆچی لەناكاوی دەمیر هەمووانی لە ناخەوە هەژاند و گوتی: "ئەو خەباتەی هاك-پار دەیكات، هەمیشە ئەو خەباتەی فەهمی دەمیر وەك كەسایەتیەك لە وڵاتەكەماندا پێشكەشی كرد، هاوكاربوون لە بەهێزكردنی دیموكراسیەتی گەلەكەمان، بەتایبەتی بۆ گەلی كورد. سەرەڕای هەموو ئەو ئەشكەنجە، ستەم، راگواستن و دەستگیركردنانەی لە پێش قۆناغی 12ی ئەیلوول و پاش ئەو قۆناغەش رووبەڕووی دەمیر بوونەوە، بەڵام ئەو پاشەكشەی لە خەبات كردن نەكرد، گیان لەدەستدانی كەسێكی خەباتگێڕ، زیانێكی گەورەبوو بۆ هەموومان".
سەبارەت بە وتەیەكی پارلەمانتاری ئیستانبولی هەدەپە سری سورەیا ئۆندەر، لەبارەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە كە پێی گوتبوو "وا بزانن من مردووم، جارێكی دیكە مەیەنە ئێرە"، سەڵاحەددین دەمیرتاش گوتی: "دوایین كۆبوونەوە لە 5ی نیساندا كرا و تیایدا گوتبووی "بەپێی رێككەوتنە ئاشتەواییەكەی دۆڵمەباهچە دانوستان دەست پێ ناكات و ئەگەر حكوومەت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێكدادان، ئیدی ئێوە ناهێنن بۆ ئێرە و ئەمەش دواین كۆبوونەوە دەبێت. لەبەرئەوە وا دەبینرێت شتێك نامێنێتەوە من بیكەم. ئەوەش ئەگەرێكە". بەداخەوە ئەو ئەگەرەی نیگەرانی هەبوو بەرامبەری، ئەمڕۆ لە توركیادا دەگوزەرێت. وەك دەبینن ماوەی شەش مانگ و نیوە، هیچ دیدارێك لە ئیمڕاڵی ئەنجام نەدراوە. شەڕ و پێكدادانیش هەیە. نكۆڵی كرا لە رێككەوتنەكەی دۆڵمەباهچە. مێزی گفتوگۆ و دانوستان هەڵگێڕدرایەوە. هەموو رۆژێك رووبەڕووی مردن و شەڕ دەبینەوە. رووبەڕووی ئەم ئازارە راستەقینەیە بووینەتەوە. حكوومەت بەوەشەوە ناوەستێت، دەیەوێت دۆخێك دروست بكات كە شەڕ لە دژی رۆژئاوا، ناوچەی كوردی سووریا رابگەیەنێت. داودئۆغڵو بە شانازیەوە باس لەو هێرش و دەستێوەردانانە دەكات كە لە رۆژانی پێش هەلبژاردندا كردوویاننەتە سەر رۆژئاوا. دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم تا ببێتە مایەی شەرمەزاریان. لە كاتێكدا پەیەدە هیچ هەڕەشەیەكی لە توركیا نەكردووە، لە كاتێكدا كوردانی سووریا دەستی برایەتی و ئاشتییان بۆ توركیا درێژ كردووە، بەڵام داودئۆغڵو لەبرەی ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە هەڕەشە بزانێت پەیەدە بە هەڕەشە دەزانێت. ئەوەش مایەی شەرمەزاریە بۆ ئەو. پێویستە ئەوە باش بزانێت كە گۆشتی هەموو باڵندەیەك ناخورێت. با داودئۆغڵو باش ئەوە بزانێت".