ھەولێر
رۆژی چوار شەممە ٤ی کانوونی یەکەم، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان، بە مەبەستی وتووێژ لە بارەی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم بە جیا لەگەڵ لایەنەکانی زەحمەتکێشان و سۆشیالیست، تورکمان، کلدۆ ئاشووری، ئەرمەن کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆتایی پێھات پاشان کارەکانی درایە دەست لیژنەی ھاوبەش لەبارەی بۆچوونی ھاوبەش و لێکنزیک بوونەوەی لایەنەکان بۆ بەشداریی کردنی کابینەی ھەشتی حکومەتی ھەرێم.
سەرۆکی شاندی پارتی و راسپێراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت نێچیرڤان بارزانی، لەوەڵامی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سیاقی گشت کۆبوونەوە و دیدارەکانمان، ئەوەی من بینیم لەگەڵ ھەموو لایەنە کوردستانییەکانی بەشداربوو لە پەرلەمانی کوردستان، ھەست دەکەم نزیکبوونەوەی زیاترمان ھەیە تا ناکۆکی."
بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا گوتی: "ساڵی ١٩٩٢ قۆناغی دروستکردنی حکومەت و پەرلەمان بوو، پاشان بەداخەوە بەقۆناغی شەڕی ناوخۆ تێپەڕین، بە یەکگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی ھەولێر و سلێمانی قۆناغی متمانە دروستبوو کە قۆناغێکی زۆر سەخت بوو بەڵام بەئیرادەی پارتی و یەکێتی توانیمان ھەنگاوی باش بنێین، لە ئەنجامی ئەو قۆناغەش دەستکەوتی باشمان بەدەستھێناوە."
نێچیرڤان بارزانی رەخنەی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان گرت کە بەدرێژایی دەسەڵاتدارێتیان لە ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان و دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان، ھەڵەو شاشی ھەبووە.
بارزانی گوتی:" کابینەی نوێ دەکرێ قۆناغی بنیاتنانەوەی زیاتر بێ بۆ ھەموو لایەک. ئەگەر پرسیارەکە ئەوەبێ وەھا بیربکرێتەوە، قایمقامێ لێرە بێ و دەبێ قایمقامێکی دیکە لەولا دابنرێ، ئەمە ناکرێ. پارتی و یەکێتی تەسەوریان وایە وەک جاران بیر بکەنەوە ئەمە زۆر ھەڵەیە. ئەوەی لەرابردوو روویدا، مافی ھاووڵاتیبوون بەوشێوەیە نییە، مافی ھاووڵاتیبوون ئەوەیە دەبێ کەسی شیاو لەشوێنی شیاو بێ. کار بکەین لەپێناو خزمەتی ھاووڵاتییان و کوردستان، دەبێ ئەم قۆناغە قۆناغی بنیاتنانەوە بێ بەشێوەیەکی رێکوپێک."
نێچیرڤان بارزانی زیاتر گوتی: "نابێ کەلتووری جاران دووبارە بێتەوە، چونکە زۆر روپامایی یەکترمانکرد، زۆرکارمان پێکەوە کرد ھیوادارم بە بەشداریی ھەمووان پێکەوە بەرێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی ھاوبەش قۆناغێکی نوێی تەواو دابمەزرێنین. چوار ساڵی پێکەوەکارکردن و چوارساڵی دامەزراوەیی حکومەتبێ."
سەبارەت بەپرسی نەوت و غازو گرێبەست لەگەڵ وڵاتی تورکیا و نیگەرانی ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە، بارزانی بە راشکاوانە گوتی:" " ئەمریکا ئەوەندە نیگەران نییە کە باسی لێوە دەکەن، ھەڵوێستی ئەمریکا دژایەتی نییە بەڵکو بەرژەوەندیی خۆی ھەیە ئێمەش بەرژەوەندیی خۆمان ھەیە و مافی دەستووری خۆمان بەجێ گەیاندووە. ئەوانیش ناتوانن سەد لەسەد بڵێن پشتگیریی ھەرێم دەکەین، ھەڵویستی ئەمریکا دژایەتی نییە بەڵکو تەفاومێکی ھاوبەشە لەنێوان ھەرێم و بەغدا."
نێچیرڤان بارزانی ھەروەھا گوتی:" دوو قۆناغمان تیپەڕاند پێشتر گوتمان نەوتمان ھەیە و وڵاتیکی دەوڵەمەندین و دەتوانین نەوت ھەڵگۆزین. قۆناغی دووەم ھێنانی کۆمپانیاکان بوو بۆ ئەوەی نەوت رەوانەی دەرەوە بکەین، بەداخەوە سیاسەتی بەغدا وەھا بوو ری لە ھەرێم بگرێ کە نەتوانێ نەوت رەوانەی دەرەوە بکا و رێ لە کۆمپانیاکان بگرێ، بەڵام ئەمڕۆ سیاسەتی ھەریمی کوردستان شکستی نەھێناوە. تا دوێنی منەت و شاباش لە سەر کوردستان دەکرا کە لەسەر نەوتی عێراق بودجەمان دەدەنێ، جارێ کوردستان قسەی خۆی ھەیە لەسەر داھاتی نەوتی عێراق."
نێچیرڤان بارزانی رەخنەی لە یاسای نەوت غازی عێراق گرت و گوتی: "ئەگەر سەیری یاسای نەوت غازی عێراق بکەین، یاسای عقوباتە دژی ھەریمی کوردستان. ئەمە کەی سیستمی فیدڕاڵی لەوڵات وەھایە؟ ئەم دۆخە لە ھەرێمی کوردستان قابیلی قبوڵ نییەو جارێکی دیکە ناگەڕێینەوە بۆ دواوە، ئامادەین بۆ گفتوگۆش ئەگەرنا ھەریەکەمان بەڕێی خۆمان. مافی دەستووری جێبەجێ دەکەین."