هەولێر
سەبارەت بە هاتنی ئاوارەكانی رومادی بۆ هەرێم دیندار زێباری رایگەیاند "ماوەی هەفتەیەكە پرۆسەی هاتنی ئاوارەكانی رومادی بۆ نێو شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە و لە رێگای ئاسمانی و وشكانی بەسەدان خێزانی ئاوارە خۆیان گەیاندۆتە هەرێمی كوردستان و بەشی زۆریان روویان لە پارێزگای هەولێر كردووە".
زێباری گوتی: "هاتنی ئەو ئاوارانە لەناكاو بوو حكوومەتی هەرێم بێجگە لە گرتنەبەری رێوشوینی ئەمنی و مرۆیی، ناتوانێت هیچ هاوكارییەك پێشكەش بكات، چونكە كێشەكە لە تواناكانی هەرێم گەورەترە، دەبێت حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی ئاوارەكان لە ئەستۆی بگرن، ئەگەر لەبەر هۆكاری مرۆیی نەبێت، دەرگا بەسەر هاتنی ئەو ئاوارانە دادەخەین".
"خەڵك هەبووە لەنێو ئاوارەكان ئەندامی داعش بووە"
بۆ سیستەمی كەفیل وەرگرتن و دروستبوونی بەربەست لە بەردەم هاتنی ئاوارەكان بۆ نێو هەرێم زێباری ئاماژەی دا "سیستەمی كەفیل لە بەغداش پەیڕەو دەكرێت، ئێمە تەنها دەمانەوێت تیرۆریستان دزە نەکەنە ناو هەرێم، چونكە خەڵك هەبووە لەنێو ئاوارەكان ئەندامی داعش بووە و هاتۆتە هەرێم و دەستی لە تەقینەوەكانیشدا هەبووە، دواتر هێزەكانی ئەمنی دەستگیریان كردوون، كەواتە، دەمانەوێت لەم رێگاوەیە هەرێم و ئاوارەكان پارێزراو بن ".
"نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم دەژین"
بەپێی ئامارەکانی حكوومەتی هەرێم ژمارەی ئاوارەكان لە هەرێم گەیشتووەتە سێ ملیۆن كەس، نیوەی ئەو ژمارەیەش لە كەمپەكان دەژین، لەمباریەوە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم رایگەیاند "ژمارەی سەرجەم ئاوارەكانی نێو هەرێم لە پاش ساڵی 2003 گەیشتووەتە زیاتر لە سێ ملیۆن كەس، نزیكەی یەك ملیۆن و 500 هەزار ئاوارە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیداری هەرێم وەك كەركووك دەژین و ئەوانی دیكەش لە نێو ئیدارەی هەرێم دان".
" چاوەڕێی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لە نێو ئاوارەكان دەكرێت"
لە وەڵامی پرسیاریك سەبارەت بە ئەگەری سەرهەڵدانی كارەساتی مرۆیی لە نێو منداڵەكان وەك رێكخراوی یۆنسیف ئاماژەی بۆ كردووە زێباری گوتی: "لە هەرێم 30 كەمپكراوەتەوە، لەوانەشە پێنج كەمپی دیكەش بكرێتەوە، هەموو ئەو كەمپانە نێوەی ئاوارەكانیان لە خۆگرتووە، نیوەكەی دیكەش لە شار و شارۆچكەكانی هەرێم دەژین، ئێستا زۆربەی خزمەتگوزارییەكان نەماون، گرفتی منداڵانی ئاوارە تەنیا تەندروستی نییە، بەڵكو زۆر زیاترن نەبوونی خوێندن، پەروەردە، خزمەتگوزاری، كەم خۆراكی، نەخۆشی گوازرەوە، لەوانیش خراپتر توندوتیژییە كەئێستا رێژەكەی زۆر زیاتر بووە، دەتوانم بڵێم دەمێكە قەیرانەكان دروست بوون، بەحەقیقەت زۆر جێگای مەترسین".
بۆ هاریكاری رێكخراوكانی مرۆیی دیندار زێباری لەو باریەوە گوتی: "رێكخراوی UNHCR بۆ دابینكردنی پێداویستی شەش مانگی ئاوارەكان، داوای 400 ملیۆن دۆلاری كردووە، لەو بڕە پارەیەی سەدا پێنجی دابین كراوە. هەر خێزانێك مانگانە 30 دۆلاریان بەر دەكەوێت، ئەمە بەشی هیچیان ناكات، حكوومەتی عێراقیش خۆی بەخاوەنی ئاوارەكان نازانێت، هەرێم ناتوانێت هاوكاری زیاتر بكات، ئایا بەو بڕەپارەیە دەكرێت ژیانی دوو ملیۆن مرۆڤی پێ دابین بكرێت؟، بێگومان نا، بۆیە لەو باوەڕەداین،كە ئەگەر زوو بەدەنگیانەوە نێن، كارەساتی گەورەی مرۆیی لێدەكەوێتەوە”.
" پێداویستی ساڵانەی ئاوارەكان، دەگاتە دوو ملیار دۆلار"
لەماوەی رابردوودا حكوومەتی هەرێم بڕیاری تەرخانكردنی 20 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوارەكان دا لە چەند سێكتەری جیاوازی حكوومیش هاریكاری پێشكەش كردوون لەگەڵ ئەوەش نازانرێت تائێستا چەند پارەی سەرف كردووە، لەو باریەوە زێباری گوتی: "زۆر زحمەتە قەبارەی ئەو پارەیە بزانرێت، چونكە حكوومەتی هەرێم لە هەموو سێكتەرەكانی وەزاری و پارێزگاكان، بوودجەی بۆ ئاوارەكان تەرخان كردووە، پێمان وایە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار خەرج كراوە، بەڵام پێداویستی ئاوارەكان زۆر زیاترن یەك ساڵی پێداویستی ئاوارەكان، دەگاتە دوو ملیار دۆلار".
"توركیا یەكێك لەو وڵاتانە بووە، كە زۆرترین هاوكاری بۆ ئاوارەكانی دابین كردووە"
سەبارەت بە رۆلی توركیا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری رێكخراوەكانی بیانی، دیندار زێباری گوتی: "حكوومەتی توركیا هەر لە سەرەتاوە بەسەدان كامیۆن لەكاتی كارەساتی شنگال لەمانگی شەشی ساڵی رابردوو هاوكارییەكانی خۆی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان كرد و بۆ دروستكردنی چەند كەمپێك لە سنووری پارێزگای دهۆك دەستپێشخەر بوو، هاوكات رێكخراوەكانی پەیوەندیدار لە توركیا هاوكاری باشیان پێشكەش بە ئاوارەكان كردووە، دەتوانم بڵێم توركیا یەكێك لەو وڵاتانە بووە، كە زۆرترین هاوكاری بۆ ئاوارەكان دابین كردووە".
"مانەوەی ئاوارەكان بۆ ماوەیەكی درێژ كاریگەری زۆری بەسەر هەرێمی كوردستانی لێدەكەوێتەوە"
لەكۆتاییدا زێباری گوتی: "ستراتیجیەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە ئاوارەكان بریتییە لە گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان نەوەك نێشتەجێكردنیان لە هەرێم، بۆیە ئەگەر رەوشی ئەمنی عێراق بەردەوام رووی لە خراپی كرد و حكوومەتی عێراق زوو ناوچەكانی داگیركراو ئازاد نەكاتەوە. بێگومان رەوشی ئاوارەكان خراپتر دەبێت، چونكە نایشارینەوە كە ئەركی دابینكردنی بژیویان لە توانای هەرێمدا نییە و ئێستا لە زۆربەی كەمپەكان خزمەتگوزاری نەماوە و مانەوەی ئاوارەكان بۆ ماوەیەكی درێژ كاریگەری زۆری بەسەر هەرێمی كوردستانی لێدەكەوێتەوە ".