ئادیس ئاباب
سەرکۆماری ئەمریکا، باراک ئۆباما لە رۆژی دووەمی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەسیوبیا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە مولاتو تیشۆمی و سەرۆکوەزیران ھایلی دیسالین کۆبووەوە.
ئۆباما لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە بە رێوڕەسمێکی سەربازیی پێشوازی لێ کرا. ھەردوو سەرۆک دوای کۆبوونەوەیان، پرێس کۆنفڕانسێکیان سازکرد و رایانگەیاند کە ھەردوو وڵات لەبارەی ھەماھەنگی لە بواری ئاسایش، ئابووری و دیموکراتیزاسیۆن و چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێی دۆخەکەیان کردووە.
ئۆباما رایگەیاند کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەسیوبیا تاوتوێی بابەتەکانی ھەماھەنگی ئاسایشی ناوچەییان کردووە و روونیشی کردوەوە چالاکییەکانی سەربازیی لەو وڵاتەدا پارێزگاری لە چەسپاندنی ئاشتی دەکات و زیاتر گوتی: "ئاسایشی ئەسیوبیا رووبەڕووی ھەڕەشە بووەتەوە".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە کێشەی باشووری سوودان کرد کە بەھۆیەوە لەگەڵ سەرۆکانی ناوچەکە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی کۆتایی بە جەنگ لەو وڵاتە بھێنرێت و گوتی: "لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکان، تاوتوێی دابینکردنی ئاشتی لە باشووری سودان دەکەین".
ھاوکات تیشکی خستەسەر رەوشی پەنابەرانی باشووری سودان لە ئەسیوبیا و بە رەوشێکی زۆر خراپ وەسف کرد.
سەرکۆماری ئەمریکا لە کۆتاییدا گوتیشی: "ئەگەر ھەتا ١٧ی ئاب لە باشووری سوودان رێککەوتننی ئاشتی نەبەسترێت ئەوە ئەمریکا و ھاوپەیمانانی لەسەر رێگەچارەکانی دیکە چڕ دەبنەوە".