تاران
دوای گەیشتنی بەتاران، سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەمەراسیمێكی رەسمی، لەلایەن سەركۆماری ئێران حەسەن رۆحانی پێشوازی لێكرا.
دوای دابەزینی لە ئۆتۆمبێلی تایبەتی هاوشانی شەش سەربازی تایبەت بە پێشوازی، ئەردۆغان باوەشی كرد بە رۆحانیداو پێكەوە دەست لەناو دەست بۆكەمێك رۆیشتن بە پێو لە پاش ئەوە هەریەكەیان چوونە شوێنی دیاری كراوی پرۆتۆكۆڵ و مارشی نەتەوەیی هەردوو وڵات خوێندرایەوە و سەلامیان لە سەرباز كرد دواتر تەوقەیان لەگەڵ یەكتر كردو وێنەیان بەیەكەوە گرت.
ئەمە یەكەمین جارە دوای چوار ساڵ لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا سەردانی ئێران دەكرێت. بڕیارە كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی هاریكاری باڵای كار لە نێوان ئێران و توركیا ببەسترێت و لە سەردانەكەدا هەریەك لە وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری وزە و دەرامەتەكانی سروشتی تانەر یڵدز، وەزیری ئابووری نیهات زەیبەكچی, وەزیری گومرگ و بازرگانی نورەدین جانیكلی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتیاریی عومەر چەلیك، وەزیری گەشەپێدان جەودەت یڵماز و راوێژكاری دەزگای هەواڵگری ناسراو بە میت هاكان فیدان یاوەری وەفدەكەی ئەردۆغان دەكەن بۆ ئێران .
وەفدی پێشوازیكاری ئێرانیش پێكهاتوون لە وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف، وەزیری ئابووری عەلی تەیب نیا، وەزیری نەوت بیجەن زەنگەنە، وەزیری بازرگانی پیشەسازی و كانزاكان محەمەد رەزا نیمەتزاد و وەزیری رۆشنبیری عەلی جەننەتی.
دوای چاوپێككەوتنی هەریەك لە ئەردۆغان و روحانی ، بڕیارە دووەمین كۆبوونەوەی ئاستباڵای ئەنجوومەنی هاریكاری توركیا و ئێران ببەسترێت و چەند رێككەوتنێك ئیمزا بكرێت، دواتر هەردوو سەركۆمار كۆنگرەیەكی رۆژنامەیی هاوبەش ساز دەكەن.