Heman Hussein Yaseen
02 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند "لە نووسینەوەی بوودجەدا ئامادەییمان ھەیە و جیددین لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بنەمای دەستوور".
جووتیار عادل بە سایتی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندووە: "کابینەی نۆیەم ھەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە و شاندەکانی ھەرێم چەندینجار سەردانی بەغدایان کردووە و چەندین لیژنە بۆ کۆمەڵێک بابەتی وەک پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٣، دۆسیەی نەوت و چاودێریی دارایی پێکھێنراون و ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حکوومەتی ھەرێم و فیدراڵدا ھەیە".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لەبارەی سەردانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گوتوویەتی: "دوایین سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا پێش سەری ساڵی نوێ بووە و ئێستاش ئامادەین ھەر کاتێک پێویست بکات سەردانی بەغدا بکەین، چاوەڕێی ئەوەین کاتێک دابنرێت بۆ ئەوەی پێکەوە کۆببینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە گرنگانە بکەین کە ئاماژەم پێدان".
بەپێی قسەکانی جووتیار عادل دوو پرسی سەرەکی وەک ناوچە جێ ناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی و پرسی هێزەکانی پێشمەرگە شایەنی گفتوگۆی نێوان دوو لایەنن و حکوومەتی هەرێم چاوەڕوانی دیاریکردنی وادەیەکە بۆ ئەوەی شاندێک لەم بارەیەوە رەوانەی بەغدا بکات.
جووتیار عادل جەختی لەوەش کردووەتەوە کە لە نووسینەوەی بوودجە ئامادەییان ھەیە و جیددین لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور.