Azat Muhammet
09 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
دهۆک - AA
فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسی:
- "هەر کاتێک سوپاى عێراق داواى هاوکارى لە هێزەکانى پێشمەرگە بکات بۆ شەڕى دژ بە داعش لە نو مووسڵ، دڵنیام سەرۆکى هەرێم وەڵامێکى ئەرێنى دەبێت".
- "هەر کاتێک سەرۆکى هەرێمى کوردستان فەرمان بکات، هێزەکانى پێشمەرگە بۆ هەموو شوێنێک ئامادەیە لە دژى داعش بجەنگێت تەنانەت لە ناو مووسڵیش".
فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسی رایگەیاند: "هەر کاتێک سوپاى عێراق داواى هاوکارى لە هێزەکانى پێشمەرگە بکات بۆ شەڕى دژ بە داعش لە ناو مووسڵ، دڵنیام سەرۆکى هەرێم وەڵامێکى ئەرێنى دەبێت، هەر کاتێکیش سەرۆکى هەرێمى کوردستان فەرمانى بکات، هێزەکانى پێشمەرگە بۆ هەموو شوێنێک ئامادەیە لە دژى داعش بجەنگێت تەنانەت لە ناو مووسڵێش".
فەرماندەى فەرماندەیى پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پێشمەرگە لە سەرەتاى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ و بە تایبەت قۆناغى یەکەمى ئۆپەراسیۆنەکە، ئەرکەکانى خۆى بە تەواوى بەجێگەیاندووە، بۆ قۆناغەکانى ئێستا و داهاتوو بەردەوام لە حاڵەتى ئامادە باشیدایە دژى تیرۆریستانى داعش بجەنگێت، ئامانجمان تۆڵە کردنەوە نیە لە داعش، بەڵکو ئامانجمان لە نەهێشتنى داعش نەهێشتنى هەڕەشەیە لەسەر هەرێم و ناوچەکە بە گشتى".
لەبارەى ئەوەى ئەگەر سوپاى عێراق داواى هاوکارى لە پێشمەرگە بکات بۆ شەڕى دژ بە داعش لە نێو مووسڵ، فەرماندەى فەرماندەیى پێشمەرگەى زێرەڤانى رایگەیاند: " بڕیارى جوولەى سەربازى بە هێزەکانى پێشمەرگە لە دەست سەرۆکى هەرێمى کوردستان مەسعود بارزانییە، لەو باوەڕەدام هەر کاتێک سوپاى عێراق داواى هاوکارى لە هێزەکانى پێشمەرگە بکات بۆ جەنگى دژ بە تیرۆریستانى داعش لە نێو مووسڵ، سەرۆک بارزانى وەڵامێکى ئەرێنى دەبێت. چونکە داعش دوژمنى هاوبەشى هەموو لایەکمانە و بوونى داعش و مانەوەیان لە ناوچەکەدا هەڕەشەیە".
لیوا عەزیز وەیسى راشیگەیاند: "هەر کاتێک سەرۆکى هەرێم کە فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى هەرێمیشە، فەرمان بکات بۆ جوولاندنى هێزەکانى پێشمەرگە، پێشمەرگە بە هەموو توانایەکى ئامادەیە دژ بە تیرۆریستانى داعش بجەنگێت جا لە هەر شوێنێک بێت، نەک تەنها مووسڵ و دەوروبەرى".
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى ماوەیەک لەمەوبەر لە شارەدێى باشیک باسى لە ناوەڕۆکى رێککەوتنى نێوان هەرێم و عێراق بە چاودێرى هاوپەیمانێتى نێودەوڵەتی دژى داعشی کرد و کە رێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا و هاوپەیمانان کراوە ئەو هێلەى پێش دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ لەلایەن پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە ناکشێنەوە و گفتوگۆى لەسەر ناکرێت.
فەرماندەى فەرماندەیى پێشمەرگەى زێرەڤانى لەبارەى مانەوە یان کشانەوەى هێزەکانى پێشمەرگە لە ناوچە تازە کۆنتڕۆڵکراوەکانى دەشتى نەینەوا گوتى: "سەرۆکى هەرێمى کوردستان پابەندى رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەى نێوان هەرێم و بەغدا بە چاودێرى ئەمریکا کراوە لەسەر ئەو ناوچانەى لە چوارچێوەى ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى مووسڵ لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکراوەیەوە، بەهیچ شێوەیەک لە چوارچێوەى رێککەوتنەکە لانادات".
فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسی گوتیشى: "لەکاتى هەر پێشێلکارییەک لەو رێککەوتنەى لە نێوان بەغدا و هەرێمى کوردستان، لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە لەسەر ئەو ناوچانەى لەلایەن پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە بێتە ئاراوە، ئەو کاتە ئێمەیش هەڵوێستێکى دیکەمان دەبێت".
ئۆپەراسیۆنى مووسڵ لە ١٧ى تشرینى یەکەمی رابردوو دەستى پێکرد، هێزەکانى پێشمەرگە دەستپێکى ئۆپەراسیۆنەکە بوون، پێشمەرگە لە قۆناغى یەکەم بەشدار بوو، و قۆناغەکانى دیکەیش تا ئێستا لەلایەن هێزە عێراقییەکان بەردەوامە.