واشنتۆن
دوای کۆبوونەوەیان لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن، ھەریەک لە سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما و سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری ئەلمالیکی قسەیان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن کرد.
ئۆباما لەبارەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق گوتی: "دو ساڵ بەسەر کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تێپەڕیوە و پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات ستراتیژی و بەھێزە، رێز لەو ئەمریکی و عێراقیانە دەگرین، کە گیانی خۆیان لە دژی دکتاتۆریەت و بۆ بەرقەرارکردنی دیموکراتی بەخت کرد".
ئۆباما ھەروەھا گوتی " لەگەڵ مالیکی لەبارەی پرسەکانی ئابووری، ناوچەکە و ئاسایش گفتوگۆیەکی چڕ و فرە لایەنیان کردووە و ئاماژی بەوەشکرد کە عێراق لە بواری وەبەرھێنانی نەوت قۆناغێکی باشی بڕیووە و ھەندێ چاکسازی جێبەجێکراون. سەرەڕای ئەمە بەداخەوە، ھێشتا قاعیدە بەھێزە و لەم ماوەیەی دواییدا بەھێزتر بووە و زۆر قسەمان لەسەر ئەو پرسە کرد چونکە نەک تەنیا عێراق، بەڵکو ھەڕەشەی قاعیدە لەسەر ناوچەکە و ئەمریکاش ھەیە و دەبێ کاربکەین رێکخراوە تیرۆریستیە بۆ دواوە بگەڕێنینەوە."
ئۆباما لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: "جگە لە درێژەدان بە ھاوکاری و کاری ھاوبەش لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، زۆر سوپاسی مالیکی کرد بۆ ئەو کارانەی لە رابردوو ئەنجامیداوە کە ھەوڵیداوە حکومەتی عێراق ببێتە حومەتی شیعە و سوننە و کورد و ھەموو لایەنەکانی دیکە."
ئۆباما ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی لە ساڵی داھاتوو بە کارێکی زۆر گرنگ لەقەڵمەدا و رایگەیاند: "لەیەک نزیک کردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکانی لایەنەکان بە توندوتیژی چارەسەر نابێ، بەڵکو دەبێ بە دانیشتنی سیاسی ھەوڵی چارەسەری بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش عێراق پێویستی بە دەرکردنی یاسای ھەڵبژاردنە."
ئۆباما لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ھەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کوێت، تورکیا و وڵاتانی کەنداو بەرز نرخاند، ھەر جۆرە ھاوکاریەکی ئەمریکای لەورووەوە دووپاتکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق نوری مالیکی ئاشکرایکرد کۆبوونەوەیەکی باشی لەگەڵ ئۆباما ئەنجامداوە، تاوتۆی ھەموو وردەکاریەکانمان کرد. لەوبارەیەوە گوتی:" گفتوگۆکان زۆر باشبوون، دانوستانێکی فرەلایەن و ستراتیژیمان ئەنجامدا"
مالیکی بەبیریھێنایەوە کە لە نێوان ئەمریکا و عێراق رێکەوتنی دۆستایەتی و ستراتیژی ھەیە، پێویستە ئەو رێکەوتنانە کاراتر بکرێن و گوتی: "یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئەو سەردانەمان، پتەوکردنی پەیوەندی ھەردوولامان و ئەو رێککەوتنانەیە کە لە نێوانماندا ھەن."
مالیکی داوایکرد کۆمپانیا ئەمریکیەکان رۆڵی خۆیان لە بونیادنانەوە و پێشکەوتنی عێراق ببینن.
لەبارەی توندوتیژیەکانی رۆژھەلاتی ناوەراست و قاعیدە مالیکی گوتی: "بۆ عێراق و ناوچەکە بەیەکەوە کاردەکەین و عێراقیەکان لە ھەموو ئاستێک ئامادەن لە دژی ئەلقاعیدە شەڕ بکەن."
مالیکی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ھەموو وڵاتانی ناوچەکە بەرەوپێشچووە و لەم رووەوە بەردەوام دەبن لەسەر ھەوڵەکانیان. لەبارەی دروستکردنی بەرەیەکیش لەدژی توندتیژی گوتی: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، تیرۆر و مەزھەبچێتی، ھەوڵ دەدەین بەرەیەکی نەرم دروست بکەین."
مالیکی ئاماژەی بە دیموکراتیەت لە عێراق کرد و رایگەیاند کە ئەزموونی دیموکراتی لە قۆناغی سەرەتایی یە، بەڵام بەشێوەیەکی بەھێز لەدایکبووە و لە ھەوڵەکانمان لەم لەو روەوە بەردەوام دەبین چونکە دیموکراتی شتێکی زۆر گرنگە. ھەروەھا دەبێ ھەڵبژاردن لەسەر بنەما و میکانیزمی دیموکراتی و لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
مالیکی لەبارەی مەسەلەی سوریا رایگەیاند: ئەو لەگەڵ ئۆباما لە بارەی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی سوریا ھاوڕابوون و پێیوابوو کۆنگرەی جنێف دوو لەمبارەیەوە ھاوکاریەکی گەورە دەبێت.