سلێمانی
كردنەوەی كەمپەكە لە ڕێوڕەسمێكدا و بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و نوێنەری UNHCR لە عێراق و بەرپرسانی حكوومی ناوچەكە بەڕێوەچوو.
كەمپەكە دەكەوێتە نزیك شارۆچكەی عەربەت ( 25 كم باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) و زیاتر لە هەزار خێزان لە خۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەری شارۆچكەی عەربەت رێبین عومەر لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كەمپەكە (كەمپی ئاشتی) لەلایەن رێكخراوی UNHCR دروستكراوە و لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە زەوی بۆ تەرخان كراوە و لە توانایدایە هەزار و 38 خێزان لە خۆ بگرێت".
ئەو گوتی: "كەمپە نوێیەكە زۆربەی خزمەتگوزارییەكانی كارەبا و ئاو و رێگاوبان و شوێنی نیشتەجێبونی تێدا ئەنجامدراوە، تائێستا 100 ماڵبات لە كەمپی كۆنی عەربەتەوە بۆ ئەم كەمپە گواستراونەتەوە و ئاوارەكانی تریش رۆژانە دەگوازرێنەوە كەمپەكە".
لەلای خۆیەوە پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "شاری سلێمانی سەرجەم ئەو ئاوارانەی لەخۆ گرتووە كە رویان لێكردووە، بەجۆرێك ئێستا ژمارەی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگاكە گەیشتووەتە زیاتر لە 126 هەزار ئاوارەی ناوچە جیاجیاكانی عێراق، جگە لە زیاتر لە 26 هەزار پەنابەری تر كە رویان لە شارەكە كردووە".
پارێزگاری سلێمانی گوتی: "ئەو ئاوارانە بارگرانی گەورەیان لەسەر هەرێم و سلێمانی دروست كردووە و لایەنی عێراقیش وەك پێویست بەدەم ئاوارەكانەوە نەهاتووە و هاوكاری هەرێمی كوردستانی نەكردووە".
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رێزان دلێر لەبارەی نیگەرانی هەرێم و بەرپرسانی كورد لە كەمتەرخەمی حكوومەتی عێراق لە هاوكاری كردنی هەرێم بۆ ئاوارەكان گوتی: "ئەرك و بەرپرسیارێتی حكوومەتی عێراقییە كە خزمەتی هەموو ئاوارەكان بكات".