هەولێر - AA
شیروان زرار دەڵێت "پێشنیازییان كردووە هەرسێ هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و سەرۆكی هەرێم لەیەك رۆژدا بكرێت".
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، شیروان زرار سەبارەت بەدیاریكردنی رۆژێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "بەداخەوە لەدوا كۆبوونەوەمان لەدوای هەوڵێكی زۆر و دوای ئەوەی ئێمە وەكو ئەنجوومەنی كۆمیسیاران رای فەرمی خۆمان راگەیاند و لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ حكوومەتی هەرێمیش ئەوەمان دیاریی كرد كە ئێمە ئامادەین ئەگەر پێداویستییەكانمان بۆ جێبەجێ بكرێت بە 105 رۆژ ئەو پڕۆسەیە بە شێوەیەكی رێكوپێك جێبەجێ بكەین، دیارە بەداخەوە لە پەرلەمانی كوردستان تەوافوقی لەسەر نەكرا، بۆیە دوو وادە پێشنیاز كران بۆ رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە ئەو وادەیە دیاری بكات، وادەیەکیان بریتی بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە شەشی تەمووز، وادەی دووەمیشیان بریتی بوو لە شەشی ئەیلوول كە دیاریكردنی وادەکە لە دەسەڵاتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە".
شیروان زرار لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی بیستمان لە هەفتەی رابردوو بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە گەڕانەوە بۆ هەرێم یەكەم كارییان بریتی دەبێت لە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان لە هەرێم، ئێمەش هەفتەی رابردوو پەیوەندییمان بە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە كرد و داوامان كرد لەدوای گەڕانەوەی سەرۆكی حكوومەت راستەوخۆ ئەو وادەیە دیاری بكرێت، چونكە ئێمە قەناعەتمان وایە دیاریكردنی ئەو وادەیە گرنگە، بۆ ئێمە چونكە خشتەی كارەكانمان دەست پێ بكەین، چونكە بەشێك لەو پێداویستییانەی كە پێویستمانە بۆ هەڵبژاردنەكان لە دەرەوەی وڵات دێت، بەتایبەت كە بەنیازیین هاوشێوەی عێراق بۆ یەكەمجارە سكانەری زیرەك بەكاربهێنین كە ئەمەش پێویستی بەكاتی زیاتر هەیە، هەروەها دیاریكردنی ئەو رۆژە گرنگیشە بۆ هاووڵاتییان و قەوارە سیاسییەكان بۆ ئەوەی دڵنیابن كەوا ئومێدێك ماوە كە ئەوان لە رێگەی هەڵبژاردنەكانەوە گۆڕانكاریی لە سیستەمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە ئومێد دەكەین ئەو ئومێدە بگەڕێـتەوە و بەزووترین كات وادەی هەڵبژاردن دیاری بكرێت و لە نزیكترین دەرفەتتدا ئێمەش دەست بە ئەنجامدانی ئامادەكارییەكان دەکەین".
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان لەبارەی وادەی هەڵبژاردنیش روونی دەكاتەوە "ئەوەشی جێی خۆشحاڵییە، زۆرینەی لایەنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا هەڵبژاردن بكرێت بەتایبەتیش رۆژی شەشی ئەیلوول كە بە باش دەزانرێت لە پاش تەواوبوونی هەڵبژاردنەكانی عێراق".
شیروان زرار سەبارەت بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیش گوتی: "سوپاس بۆ خوا توانیومانە هەنگاوی باش بهاوێژین بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، سوودی باشمان بینیوە لە كۆتا زانیاریی كۆمپانیای خۆراك كە بە فەرمی وەرگیراوە توانیومانە رێژەیەكی بەرچاو لەناوی ئاوارەكان و ناوی مردووان و ئەو گۆڕانكارییانەی كە كراون رێكبخەینەوە، هەروەها بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا لە پرێس كۆنفڕانسێكدا بە بەشداریی كەناڵەكانی راگەیاندن سەرجەم ئەو كارە باشانەی كراون بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بخەینەڕوو و سەرجەم قەوارە بەشدارەكان و لایەنە سیاسییەكان دڵنیابكەینەوە كە تۆماری ئەمجارە تۆمارێكی پاكترە لە جارانی رابردوو و دەكرێت پشتی پێببەسترێت و قەناعەتمان وایە جێگەی متمانەی قەوارە سیاسییەكان و هاووڵاتییانیش دەبێت".
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پاكسازی و رێكخستنی تۆماری دەنگدەران گوتی: "كۆمەڵێك داتامان پێویستە، وا بڕیارە لەم هەفتەیە بدرێتە ئەنجوومەنی كۆمیسیاران و ئەنجوومەن پەسەندی بكات و پاشان لە پرێس كۆنفڕانسێكدا تەواوی وردەكارییەكان بخەینەڕوو كە چی كراوە لەسەر ناوی مردوو، لەسەر ناوی دووبارە، لەسەر ناوی لێكچوو، چی كراوە لەسەر جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی تایبەت و دەنگدەرانی گشتی، كۆمەڵێك پێشنیازمان بۆ حكوومەت و پەرلەمان كردووە ئەگەر هاوكارمان بن قەناعەتمان وایە وەكو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەنگاوی باش دەهاوێژین لەوانە پێشنیازی ئەوەمان كردووە وێستگەكانی دەنگدان لاببەین و هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو هۆڵی دەنگدانمان هەبێت كە زۆر شەفافتر دەبێت و زۆرترین قەوارەی سیاسی و قەوارە بچووكەكانیش لەنێویاندا دەتوانن نوێنەریان هەبیت و چاودێریی وردی پڕۆسەكە بكەن لە پاڵ زۆرترین چاودێری نێودەوڵەتی، ئەگەر ئەمە بكرێت ئەوا ئێمە ئێستا نزیكەی حەوت هەزار وێستگەی دەنگدانمان هەیە ئەو پێشنیازە وا دەكات ئەو كات ئێمە هەزار و 293 بنكەی دەنگدانمان هەبێت ئەو كات بە ئاسانی دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و لە چەند كاتژمێرێكدا ئەنجامەكان رادەگەیەنرێن و متمانەیەكی زیاتریش بۆ هەڵبژاردنەكان بەدەست دێت و تێچووی پڕۆسەكەش كەمتر دەبێت كە دەتوانیین بڵێین نیوەی تێچووی ئێستای دەگەڕێتەوە كە ئەوەش جێگەی خۆشحاڵیی هیەموو لایەكە".
گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، شیروان زرار دەربارەی ئەو پێشنیازانەشی بە حكوومەت و پەرلەمانییان داوە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان روونیکردەوە "پێشنیازمان كردووە كە دەنگدانی تایبەت نەمێنێت و هاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو دەنگدانی گشتی و تایبەت لەیەك رۆژدا بكرێت، ئەو بەڕێزانەی پێشتر لە 48 كاتژمێر پێش دەنگدانی گشتی دەنگیان دەدا هیچ گومانێك نەمێنێت كە لە دەنگدانی گشتیش دووبارە دەنگدەدەنەوە كە ژمارەی ئەمانیش نزیكەی 185 هەزار كەس دەبێت كە رێژەیەكی یەكجار زۆرە، ئەمانە پێشنیازی زۆر باشن و لەگەڵ پەرلەمان و حكوومەتیش باسی ئەمانەمان كردووە، هەروەها پێشنیازمان كردووە كە وەكو عێراق بۆ یەكەمجار سكانەری زیرەك بەكاربهێنین بۆ ئەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەكان زیاتر بێت بۆ ئەو پڕۆسەیە و ئومێد دەكەین ئەوانە لە قۆناغی كردەییدا بیانبیین و لەو كاتەی لەبەردەستماندایە بتوانیین پڕۆسەیەك پێشكەش بكەین كە جیاواز بێت لەوانی پێشووتر بەتایبەت ئێمە وەكو كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی یەكەمین ئەزموونی هەڵبژاردنمان دەبێت لە هەرێمی كوردستان و لامان زۆر گرنگە ئەو پڕۆسانە بە باشی و شەفاف بڕوات و جارێكی دیكە هاووڵاتییان لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە متمانەیان بۆ بگەڕێتەوە و جارێكی دیکە بتوانیین حكوومەت و پەرلەمانێكی نوێ پێكبهێنین كە لە ئاست خواستی هاووڵاتییان بێت".
لەبارەی ئەوەشی كە ئەو رێوشوێنانەی كۆمیسیۆن دەیكات دەبێتە هۆكارێك بۆ پاككردنەوەی سەد لەسەدی تۆماری دەنگدەران گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان گوتی: "من بەڕاستی ناتوانم بڵێم سەد لەسەد خاوێن دەبێت، خۆی لە راستییدا دوو بەشە، ئەوەی لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانە بە نموونە لابردنی ئەو ناوانەی سەد لەسەد وەكو یەكە كە نزیكەی حەوت هەزار و 342 كەسن، لابردنی ناوی ئاوارەكان كە نزیكەی 23 هەزار كەسن، جیاكردنەوەی ناوە لێكچووەكان كە نزیكەی 220 هەزار كەسە، لەنێو ئەمانەدا هەندێكیان رەنگە واقیعی بن و بەشێكیان واقیعی نەبن، ئەوانەی تەمەنییان لە سەرووی 90 ساڵە كە نزیكەی 41 هەزار كەسن، بەشێكیان لەوانەیە لە ژیاندا نەمابن و دەبێت لە ماوەی نوێكردنەوەدا لێیان دڵنیا ببینەوە، بەكارهێنانی نوێترین زانیاریی كۆمپانیای خۆراك كە لەوانە بەشێكی زۆر باش لەو كەسانەی فۆرمیان جیاكراوەتەوە، لەوانەی پێشتر فۆرمێكیان هەبوو دواتر فۆرمێكی تریان بۆ دروستكراوە لە فۆرمە كۆنەكە ناویان لابراوە كە ئەوەش فلتەرێكی دیكەیە، واتە بە كۆی ئەوانە بڵێین شتێكی دڵخۆشكەر هەیە كە بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان تۆمارێكی زۆر پاك هەیە و ئومێد دەكەین جێی متمانەی هەمووان بێت".
شیروان زرار لەدرێژەی لێدوانەكەیدا باسی لە ژمارەی دەنگدەران ئەوانەی كە دەتوانن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەنگ بدەن کرد و گوتی: "ئەو ژمارەیە بە وردی كاتێك دیاری دەكرێت كە ماوەی تۆماری دەنگدەرن تەواو دەبێت، واتە كۆمەڵێك لابردن و زیادكردنی ناوەكان دەبێت، ئەو كاتە دەتوانیین بڵێین تۆمارەكە وردە، ئەوەی لای ئێمەیە ئێستا نزیكەی دوو ملیۆن و 300 تا 400 هەزار كەس دەبێت، بەڵام ئەمە ورد نییە و هێشتا ماویەتی ورد بێت، بەڵام ئەوەی گرنگە بەلای ئێمەوە تۆمارەكە پاك بێت ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە سەرقاڵی پاككردنەوەین، ئەوەشی پەیوەندیی بە وەزارەت و دەستەكانەوە هەیە وەكو وەزارەتی ناوخۆ، پێشمەرگە كە بەداخەوە تاوەكو ئێستا دوا داتا و ئاماری وردیان پێنەداوین، ئێمە دووجاریش بە فەرمی نووسراومان لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو دوو وەزارەتە پابەندبكەن بە پێدانی زانیارییەكان، ئەگەرچی لە عێراق ئەوە هەیە و نزیكەی 185 هەزار كەسن، بەڵام دڵنیایین ئەو رێژەیە لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك گۆڕانكاریی كراوە و داتای وردتمان دەوێت، داوامان لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە كە بایۆمەتری ئەو دوو وەزارەتە و ژمارەی وردترمان بدەنێ لەسەر ئەو دوو وەزارەتە، ئومێد دەكەین هەموو ئەو هەنگاوانە هاوكاربن بۆ پرۆسەی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و ئومێدێك دروست بێت و چیتر هاووڵاتییان بێ ئومێد نەكرێن".
لە كۆتایی لێدوانەکەیدا شیروان زرار سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەرسێ هەڵبژاردنەكەی هەرێمی كوردستانیش لە یەك رۆژدا گوتی: "ئێمە داوای ئەوەمان كرد كە ئەگەر هەڵبژاردنەكان لە 30 نیساندا بكرێت ئەوا هەرسێ هەڵبژاردنەكە بكرێت پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و سەرۆكی هەرێمیش بۆ ئەوەی دەنگدەر یەكجار بەشداریی هەڵبژاردن بكات و خەرجییەكانیش كەم ببن، بۆیە بە لای ئێمە داوای ئەوەمان كردووە، بەڵام پێشبینی دەكەین ئەنجوومەنی پارێزگاكان دوابكەوێت، ئەوەشی هەیە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پەرلەمان دەكرێت، ئەگەر لە ماوەی ئەو مانگەدا كەس هەبوون خۆیان كاندید بكەن ئەوا ئەو هەڵبژاردنە دەكرێت، ئەگەر نەبوو ئەوا ناكرێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

