نیویۆرك
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مون دەڵێت: "كاتێك ئاژانسی هاوكاریكردنی ئاوارەکانی فەڵەستینی دامەزرا هیچ گومان نەدەكرا كە بۆ ماوەی 65 ساڵ پێویستی بەو ئاژانسە هەبێت بەڵام نەبوونی چارەسەریی بووەتە هۆی ئەوەی كە پێویستییەكی یەكجار زۆر هاوكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان هەبێت".
بان كی مون باسی هاوكارییەكانی ئەو ئاژانسەی كرد كە لە شارەكانی غەزە، رۆژئاوای كەرتی شەریعە و ناوچەكانی دیكەدا پێشكەش بە ئاوارەکانی فەڵەستینی كراون و گوتی: "ئەمڕۆ شاری غەزە خاوەن بەرزترین رێژەی بێكارییە لە جیهان زیاتر لە سەدا 60ی گەنجانی ئەو ناوچەیە بێكارن و هەر وەكو ناوچەكانی دیكەی جیهان لە غەزەیش بێكاری بە مانای نائۆمیدییە".
بان كی مون لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی زۆر و زەحمەتی هەلومەرجی ژیانی خەڵكی فەڵەستینی كرد و گوتی: "بەهۆی گەمارۆدان و بۆردمانەكانەوە ناتوانین هەڵسەنگاندن بۆ هەلومەرجی ژیانی ئاوارەکانی فەڵەستینی بكەین و بەڕاستی شەرت و مەرجی ئەو ئاوارانە زۆر زەحمەتە".
بان هەروەها باسی لە هێرشەكانی هاوینی رابردوو بۆ سەر خەڵك و باڵاخانەکانی گشتی لە غەزە كرد و گوتی: "غەزە وردە وردە بەهۆی زیادبوونی بێ هیواییەوە بووەتە وەكو بارووت و فتیلی تووڕەبوونی ئاگر دەگرێت بۆیە پێویستە لە بەرامبەر غەزەدا بەپەلە شتێك بكرێت".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "ئەو ئاوارە فەڵەستینییانەی لە رۆژئاوای شەریعە دەژین بارودۆخیان هەروەكو بارودۆخی خەڵكی غەزەیە و بە هۆی داگیركاری، هەژاری و بێبەشبوون و قەرەباڵغبوونی نێو كەمپی ئاوارەكان ژیانی ئاوارەکانی فەڵەستینی كورت دەبێتەوە".
بان كی مون جەختی لەوە كردەوە كە هێشتا رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئاوارەکانی فەڵەستینی زیاتر دەبێت بۆیە داواكارم كە زیاتر هاوكاری ئاژانسی هاوكاریكردنی ئاوارەکانی فەڵەستینی بكرێت. پرسی فەڵەستین تەنیا دەكرێت بە رێگای دیالۆگەوە چارەسەر بكرێت و بۆیە پێویستە ئیسرائیل و فەڵەستین و ئەو لایەنانەی كە كاریگەرییان لەسەر ئەو پرسە هەیە بەبێ بەفیڕۆدانی كات دەست بە دانوستان بكەن و خۆیان لە ئەنجامدانی هەرجۆرە كارێكی یەكلایەنە كە ببێتە هۆی نەهێشتنی متمانە بەدوور بگرن".
بان كی مون هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە ئەگەر بێت و لایەنەكان نەگەنە سازانێكی سیاسی ئەوە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت لە گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوارەکانی فەڵەستینی.