لێکۆڵەرانی سیاسی لەگەڵ زانکۆی جۆرج واشنتۆن لە ئەمریکا، لەبارەی درێژەکێشانی شەڕی ناوخۆ لە سوریا لێکۆڵینەوەیەکیان ئەنجامداوە و تێیدا پێشبینی دەکەن شەڕەکە بەمنزیکانە دوایی نەیەت.
ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە لە گۆڤاری فۆرین پالیسی بڵاوبۆتەوە.
لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە تا وڵاتانی دەرەوە بەردەوامبن لە یارمەتیدانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و گروپە توندڕەوەکان، شەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە بەردەوام دەبێ.
لێکۆڵینەوەکە بە سەرپەرشتی مارک لینچ دانەری کتێبی (یاخی بوونی عەرەب) و مامۆستا لە زانکۆ جۆرج واشنتۆن و چەند مامۆستای دیکە ئامادە کراوە.
هەروەها دەریخستووە شەڕی ناوخۆ لە سوریا، لە گەڵ شەڕی ناوخۆ لە وڵاتانی بۆسنا، ئەفغانستان، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لێکچوونی زۆر هەیە.
لەبارەی کاریگەریی یارمەتی وڵاتانی دەرەوەی سوریا بۆ درێژەدان بە شەڕ هاتووە: "رۆڵی وڵاتانی دەرەوە زۆر لە سەر پارچەبوونی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ھەیە، چونکە ھەر وڵاتێک کە یارمەتی دەدا بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی دەستی یارمەتی درێژ دەکا. ئەوەیش وا دەکا ئۆپۆزسیۆنی سوریا زۆر بە خێرای پارچە پارچە ببێ."