بەغدا
ئەمرۆ لە گۆڕەپانی فیردەویس لە چوارچێوەیی رێوشوێنی توندی ئەمنیدا، نێزیکەی ٢٠٠ کەس بۆ دەربڕینی خۆشی لەبامبەر بڕیاری دادگەی ئیتحادی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و تیایدا داوایانکرد ئەم بڕیارە نەک تەنیا ئەندامانی پەرلەمان بەڵکو ھەرسێ سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و حکومەتیش بگرێتەوە.
لە خۆپیشاندانەکەدا ھێزە ئەمنیەکان رێگەیان نەدا کامێراکانی دەزگاکانی راگەیاندن چالاکیەکە تۆمار بکەن و کامێرای چەند دەزگایەکیان شکاند بەتایبەت دوای ئەوەی بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران ئاویان بەکارھێنا.
خۆپیشاندەران چەند لافیتەیەکیان بەرزکردبۆوە و تیایدا داوایان دەکر سامانی گشتی نەدزرێت و ژیانێکی خۆش بۆ بێ باو و بێوەژن و ھەژاران دابین بکرێت.
ئەندامی دەستەی ھاوکاری ھەڵمەتی نیشتمانی ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ھەرسێ سەرۆکایەتی عێراق جەلال ئەلشحمانی بۆ AA گوتی: "ھێشتا دوو داواکاری ماون جێ بەجێ نەکراون ئەوانیش ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی ھەرسێ سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و حکومەت و ئەنجومەنی پارێزگاکانن و گەر ئەو داواکاریە جێ بەجێ نەکرێ ئەوا لەسەر خۆپیشاندان بەردەوام دەبین تاکو وڵاتێکی مەدەنی پێشکەوتوومان دەبێت بەشێوەیەک داواکاری ھەموو گەلانی عێراق دەستەبەر بکات و مافەکانیان بپارێزێت"
ھەروەھا گوتی " ھێزە ئەمنیەکان و حکومەت و بەرپرسان دەزانن کە ئێمە داواکاری ناشەرعیمان نیە و ئەم خۆپیشاندانانەشمان دەبێتە ھۆکارێک دەستووری عێراق مافی گەل بپارێزێت."
سکرتێری ھاوبەندی ئافرەتانی عێراق شەمیرال مرۆبید لەبارەی خۆپیشاندانەکە بۆ AA گوتی: "ئێمە خۆپیشاندان بەپێی دەستوور و یاسا و بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەشینەوەی داھات و سامان بەشێوەیەکی یەکسان لەسەر تاکەکانی گەل ئەنجام دەدەین. ئەو مووچە زۆری پەرلەمانتاران بێ ویژدانیە و داوا دەکەین دادپەروەردی لە مووچە بۆ ھەمووان بکرێ و ئیتر ئێمە رێگە نادەین سامانی گشتی بۆ مەبەستی تاکەکەس بەکاربھێنرێ و لەسەر خۆپیشاندان بەردەوام دەبیت تا ھەموو تاکێکی عێراق بە تایبەت ئافرەت کە پەراوێزخراون؛ بە ھەموو مافەکانی خۆیان دەگەن."
سەرۆکی رێکخراوی بانگەوازی گەلی عێراقی دکتۆرە ھەدیر ئەلتائی بۆ AA گوتی: "دەرخستنی بڕیاری دادگای ئیتحادی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمان یەکەم سەرکەوتنی ئیرادەی گەلی عێراقە و داوا لە دادگا دەکەین ئەو بڕیارە لەسەر سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیرانیش جێ بەجێ بکات. ھەڵسوکەوتی ھێزە ئەمنیەکان لەگەڵ ئێمە وەک ئەوە وایە کە ئێمە تیرۆریست بین و تا ئێستاش ئەو ھێزانە چاودێری چالاکوانان دەکەن."
ھەروەھا زۆربەی ئەوانەی بەشداریان لە خۆپیشاندانە کرد بۆ AA رایانگەیاند کە ئەوان لەسەر ئەو خۆپیشاندانە بەردەوام دەبن تا داواکیانیان جێ بەجێ دەکرێن و لە ھەمان کاتدا سەرکۆنەی مامەڵەی ھێزە ئەمنیەکانیان کرد کە لە بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکاریانھێنا.
ھێزە ئەمنیەکان دەوروبەری گۆڕەپانی فیردەوسیان گرتبوو و دواتر بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران ئاویان بەکارھێنا و بە بەردەوامی خۆپیشاندەرانیان ئاگادار گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن ئەمە جگە لەوەی کە ھێرشیان کردە سەر کامێراکانی دەزگاکانی راگەیاندن و چەند کامێرایەکیان شکاند بۆئەوەی نەتوانرێ چالاکیەکە تۆمار بکرێ و بڵاوبکرێتەوە.
ئەم خۆپیشاندانەی بەغدا دوای بانگەوازێکی لێژنەی ھاوکاری ھەڵمەتی نیشتمانی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خانەنیشنی پەرلەمان ھات کو دوێنێ ئەو بانگەوازەی راگەیاندبوو.