|
ھەولێر
بەپێی راپۆرتەكە ئەمساڵ ٣٨٦ خۆپیشاندان لەعێراق روویانداوە، ١٦٧ كەسیش لەسێدارەدراون، ھاوكات سەدا 8.20 بۆمبی نەتەقیو و مین كە دەكاتە ٢٥ ملیۆن مین و ١٦ ملیۆن بۆمبی نەتەقیوی جیھان لەعێراق بێ. كۆمەڵەی عێراقی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ لەعێراق لەساڵی ٢٠١٣ بڵاوكردەوە. راپۆرتەكە كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ نێردراوە لە ١٠٠ لاپەڕە و ٢٦ دۆسییە پێكدێ، بەپێی راپۆرتەكە بەھۆی كردە تیرۆریستییەكانەوە لە ئەمساڵدا ١١ ھەزار و ٢١٥ كەس لەعێراقدا كوژراون و ٢٥ ھەزار و ٦٨٤ كەسی دیكەش بریندار بوون.ئەمەی خوارەوەش بەشێكە لە دیارترین ئامار و زانیارییەكانی راپۆرتەكە. دۆسیەی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ریزبەندی دووەمی ھەیە لەرووی كۆچبەرانەوە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەپاش سوریا، لەسەرەتای رووداوەكانی ٢٠٠٥ەوە ٢ ملیۆن كەس ناوچەكانی خۆیان بەجێ ھێشت و پاش ساڵی ٢٠٠٨ نزیكەی ٧٠٠ ھەزاریان گەڕانەوە شوێنی خۆیان. لەعێراق ١ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار كۆچكردووی بەزۆر ھەیە لە پارێزگاكانی بەغدا، دیالە، موسڵ، كەركوك، بەھۆی ناكۆكی و توندوتیژی تایفی و كوشتن لەسەر ناسنامە، ٣٠٥٠ تا ٤٠٠ ھەزار كەسیان بەرەو شارەكانی ھەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە، ٢٥٠ ھەزار عێراقیش لەو شوێنانە دەژیین كە كاتییە و بۆ ژیان ناشێ. لەناوەڕاستی ٢٠١٢ بەدواوە ٢٠٠ ھەزار عێراقی لە بەسرا، دیالە، نەینەوا، بەغدا و بابلەوە بەھۆی ھەڕەشەی میلیشیا تایفییەكانەوە ناوچەكانی خۆیان بەجێھێشتووە. بەپێی راپۆرتەكە ٢ ملیۆن عێراقی لەدەرەوە دەژیین كە تەنھا ٣٠٠ ھەزاریان لەوڵاتانی دەوروبەرەوە گەڕاونەتەوە.٤٢ ھەزار عێراقیش داوای مافی پەنابەرێتییان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە و ١٢ ھەزاریان لەتوركیان بەدوای دەروازەیەك بۆ داواكردنی پەنابەرتێتی لەوڵاتانی ئەوروپی دەگەڕێن. لە سوید زۆرترین پەنابەری عێراقی دەژیین كە ژمارەیان ١٧٠ ھەزار كەسن، ھەروەھا لە ئەمریكاش ٨٦ ھەزار عێراقی ھەن. كۆمەڵەكە لە راپۆرتەكەیدا داوا لە بەرپرسانی وڵاتانی بیانی دەكا ھیچ عێراقییەك بەزۆر نەنێردرێتەوە وڵاتی خۆی. بارودۆخی كەمینەكان لەرزۆك و گەرەنتی نەكراوە، ژمارەی مەسیحییەكان بە ٦٠٠ تا ٧٠٠ ھەزار كەس دەخەمڵێندرێن پاش ئەوەی ١ ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار كەس بوون. بەپێی راپۆرتەكە پێش ساڵی ٢٠٠٣ زیاتر لە ٦٠ ھەزار و ١٧٠ خێزانی مەسیحی لەچەند ناوچەیەكی عێراق ھەبوون كە ئێستا ئەو ژمارەیە بۆ ٥ ھەزار و ٤٣٤ خێزان كەمبۆتەوە. ھەروەھا لەساڵی ٢٠٠٣شەوە ١ ھەزار و ٢٠١٣ مەسیحی لەعێراق كوژراون كە ١٥یان لە ئەمساڵدا بوون، ھاوكات ھێرش كراوەتە سەر ٩٨ كڵێسا و دێر و مەزاری ئاینی. ھەرچی لەبارەی ئێزیدییەكانیشەوە ئەوا بەپێی راپۆرتەكە ژمارەیان نزیكەی ٦٠٠ ھەزار كەس دەبێ، لەساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا ٨٧٩ كەس لەو پێكھاتەیە كوژراون، ئەمساڵیش ٢٤یان. ھەروەھا پێكھاتەی سابیئەی مەندایی سەدا ٩٣یان عێراقییان جێھیشتووە و ١٦٩ كوژراویان ھەیە لەدوای ٢٠٠٣ەوە. ھەرچی پێكھاتەی شەبەكە ئەوا ژمارەیان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ ھەزار كەس دەبێ لە ٧٢ گوند جێگیربوون، لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ەوە ٦٥٠٠ خێزانیان ناوچەكانی خۆیان بەجێھێشتووە، لە دوای ٢٠٠٣ەوە ١٣٠٠ كەسیان لێ كوژراوە. لەدوو مانگی ئەمساڵدا ٥٣٠ خیزانیان ناچار كران شوێنی خۆیان جێبھێڵن. نەینەوا خراپترین رەوشی ئەمنی ھەیە پاشان بەغدا و سەڵاحەدین و دیالە و كەركوك و ئەنبار دێن. ژمارەی قوربانییان بۆ ئەمساڵ گەیشتووەتە ١١ ھەزار و ٢١٥ كەس، برینداربوونی ٢٥ ھەزار و ٦٨٤ كەس، ٢٨٨یان ئافرەت و ١٣٢ یان منداڵن، مانگی ئابیش خوێناویترین مانگ بووە بە كوشتنی ١ ھەزار و ٦١٢ كەس، برینداربوونی ٣ ھەزار و ٨٧٦ كەس. زنجیرەیەك دەستدرێژیی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە كراوەتە سەر خاكی عێراق كە خۆی لە ھێرشی فرۆكە و بۆمبھاوێژەكان و پێشێلكردنی سەروەریی عێراق لەرێگەی فڕۆكەی سەربازییەوە دەبینێتەوە. بەپێی راپۆرتەكە وڵاتانی توركیا، سوریا، ئێران، سعودیە، لە ساڵی رابردوو ٢٩ جار سەروەریی عێراقییان پێشێلكردووە. زیندانەكان لەعێراق دابەشبوون بۆ سەر چەند وەزارەت و دەزگایەكی ئەمنی، بەشێكیان سەر بەوەزارەتی داد و بەرگری و ناوخۆ و كار و كاروباری كۆمەڵایەمیین، بەشێكیشیان سەر بە دامودەزگا ئەمنییەكانن. بەپێی راپۆرتەكە ھێشتا پێشێلكارییەكی زۆر لەم زیندانییانە ھەیە لەپێشەوەیاندا ئەشكەنجەدان و خراپ مامەڵەكردن، سنوور بەزاندن بە قسە و قەرەباڵغی و نەبوونی پارێزگاریی تەندروستی و بەدخۆراكی و نەبوونی ئاو و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گوازراوە. ھەروەھا ئەو كەسەی بێ تاوانە بەرنادرێ تا پارەیەكی زۆر نەدات. ئەگەرچی ئامارێكی تەواو لەسەر ژمارەی بەندكراوان لەعێراق نییە، بەڵام بەپێی راپۆرتەكە ١٦ ھەزار بەندی حوكمدراو و ١٧ ھەزاری دیكە بە تۆمەتی مەدەنی دەستگیركراون لەوانە دزین و كوشتن و تاوانی دیكە، وە ١٠٠٠ راگیراوی دیكە ھەن كە كاغەزەكانیان لەلێكۆڵینەوەدایە. ھەر بەپێی راپۆرتەكە عێراق لەسەرووی ئەو وڵاتانەیە كە زیندانییان لێ ھەڵدێ، بەتایبەت تیرۆریست و ئەو كەسانەی ترسیان بۆ سەر كۆمەڵگە و سەلامەتیی خەڵك هەیە. بەو پێیە ئەمساڵ بەپێی راپۆرتەكە ٦٦٦ كەس لە بەندیخانەكاندا ھەڵاتوون كە یەكێكیان بەتەنھا بە كوشتنی ٢٠٠ كەس تۆمەتبارە. لەو ژمارەیە ٣٤٩یان دەستگیركراونەتەوە و ٣١٧ ھێشتا لەدەرەوەی زینداندان. ھەرچی بارودۆخی بەندیخانەكانی ھەرێمی كوردستانە ئەوا ٣ھەزار و ٧٥٥ بەندی و راگیراو ھەن، كە ٢ ھەزار و ٧٥یان حوكمدراو و ١ ھەزار و ٦٨٠شیان راگیراون و لە لێكۆڵینەوەدان، كە تۆمەتبار بەپێی راپۆرتەكە لەسەرەتاوە رووبەرووی ئەزیەتدان و بەكارھێنانی ھێز لەلایەن لێكۆڵەرەوەكان دەبێتەوە. ھەروەھا درەنگ یەكلاییكردنەوەی سكاڵاكان و قەرەباڵغیی بەندینخانەكانیش كێشەن. راپۆرتەكە ئاماژە بە خەتەنەكردنی ئافرەتان دەكا بەتایبەت لە كۆمەڵگەی گوندیی لە پارێزگاكانی ھەرێم و كەركوك و دیالە، زیادبوونی رێژەی نەخوێندەواری لەگوندەكاندا دەگاتە سەدا ٤١. خۆكوشتن و رووبەرووبونەوەی دەستدرێژیی سێكسی، زۆری حاڵەتەكانی جیابوونەوە، كوشتن و فڕێدانی تەرمەكانیان لە شوێنە گشتییەكان و بەشوودانی بە زۆر. بەپێی راپۆرتەكە لەعێراقدا ٧ ملیۆن منداڵ ھەن كە تەنھا یەك ملیۆن ٧٠٠ ھەزاریان خزمەتگوزاریی و گرنگی دانی پێویستیان ھەیە، ٥ ملیۆن منداڵ بێ بەشن لە چاودێریی دایكایەتی و فێركردن و پاراستنی تەندروستی و خۆراك، ھەزاران منداڵیش ئیشی ئەوتۆ دەكەن كە لەگەڵیاندا ناگونجێ، بەڵام بارودۆخی ئابووریی خێزانەكانیان ناچار بە كاركردنی كردوون. عێراق لە ساڵی ١٩٩١ رایگەیاند نەخوێندەواریی تێدا نەماوە، بەڵام ئەمرۆ رێژەی سەدا ٢٠ی خەڵك نەخوێندەوارن كە ژمارەیان پێنج ملیۆن كەسن، چەندین قوتابیش لەنێو خێوەت و كەرەڤانە دەخوێنن و ٢٠٠ قوتابخانەی لە قوڕ دروستكراویش لەعێراق ھەیە. لەبارەی ماددەی بێ ھۆشكەریشەوە ئەمساڵ ٤٨٦ كەس لەنێویاندا سێ ئافرەت ھەن لە فرۆشیاران و كڕیارانی ماددەی ھۆشبەرن. زۆریی ژمارەی لەسێدارەدان لەعێراق بەلای كۆمەڵەكەوە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ٥٠ دەقی یاسایی كە ئەو مەسەلەیە رێگەی پێدەدات لەنێویاندا ماددەی ٤ی تیرۆر، ئەمساڵ بەپێی راپۆرتی كۆمەڵەكە ١٦٧ كەس لەعێراق لەسێدارەدراون كە سێیان ئافرەت بوون، لەگەڵ بوونی ١ ھەزار و ١٩٣ كەس كە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی ئەو حوكمە بەسەریاندا، لە ھەرێمی كوردستانیشدا ١٨٣ كەس سزای لەسێدارەدانیان ھەیە تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە. بەپێی راپۆرتەكە ١٠ ملیۆن ھەژار لەعێراقدا ھەن كە ٤ ملیۆنیان لەخوار ھێڵی ھەژارییەوەن، سەدا٢٠ی دانیشتوانی عێراق بارودۆخی خۆراكیان باش نییە، عێراق پێویستی بە ٣ تا ٤ ملیۆن یەكەی نیشتەجێ بوون ھەیە. سەدا ١٨ لەناوچەكانی عێراق بەھیچ شێوەیەك كارەبایان پێنەگەیشتووە، تەنانەت ئاوی خواردنەوەش نەگەیشتووەتە چەندین ناوچەی دیكە. ملیۆنێك و ٦٠٠ ھەزار كەس لەعێراق مەترسییان لەسەرە بەھۆی بوونی نزیكەی ٢٥ ملیۆن مین كە لە رووبەری ١٧٣٠ كیلۆمەتر لە پارێزگاكانی دھۆك، ھەولێر، سلێمانی، دیالە، میسان، بەسرا، زی قار لەلایەن حكومەتی پێشووی عێراقەوە چێندراون. ھەروەھا ١٦ ملیۆن بۆمبی نەتەقیوی تێدا ھەیە كە ھەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی خەڵك و پرۆژەكانی كشتوكاڵی و گەشەپێدانی پیشەسازیی راگرتووە لەچەندین ناوچەدا. بەپێی راپۆرتەكە سەدا ٢٠,٨ی مینی جیھان لە عێراقدایە و ئەو مینانەی كە لە رابردوودا چێنراون بووەتە ھۆی كوشتنی ١٤ ھەزار كەس، وە عێراق پابەندە بەپێی ئیمزاكردنی لەسەر نەھێشتنی مینی زەمینی لەساڵی ١٩٩٧ تا ساڵی ٢٠١٨ ئەو مێنانە ھەڵبگرێتەوە، بەڵام رێ و شوێنەكان بۆ ئەو مەبەستە خاوە، ھەرێمی كوردستانیش تا ئێستا ٢ ملیۆن و ٣٨٦ ھەزار مینی ھەڵگرتۆتەوە. |
news_share_descriptionsubscription_contact

