سلێمانی
ڕۆژی دووشەمەی، ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و لە شاری ھەولێر، بۆ تاوتوێکردنی کاری داھاتوویان کۆبوونەوە.
یاسین مەحمود ڕەشید، گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەرانی کوردستان و بەشداربووی کۆبونەوەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەکۆبونەوەکەدا بڕیار لەسەر ماستەر پلانی ھەرێمی کوردستان دراو لەمانگی داھاتووەوە دەکەوێتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە، بۆدانانی ماستەر پلانەکەش کۆمپانیا گەورەکانی جیھان و تورکیا داوەت دەکرێن، ئەو پرۆژەیە ١٠٠ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەتەواوبونی نەخشەسازیی بنەڕەتی، ئەوسا یەکلایی دەکاتەوە تا ساڵی ٢٠٥٠ گەشەی ئابووریی چۆن دەبێ، شارەکانی ھەرێم کشتوکاڵی یان گەشتیاری یان پیشەسازیین، ھەروەھا نەخشەڕێگایەکی زۆر گرنگە بۆژێرخانی ئابووریی و گەشەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان."
لەکۆبونەوەکەدا ھێڵی شەمەندەفەری نێوان کەرکوک ـ سلێمانی کەوتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوەو داوا لەحکومەتی ناوەندکرا ھەماھەنگی بکات لەپرۆژەکەدا، کە لەلایەن دوو وەبەرھێنەری کوردستانەوە پێشنیار کراوەو سەرمایەکەی دەگاتە ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار.
گوتەبێژی یەکێتی وەبەرھێنەران لەبارەی پرۆژەکە ھەروەھا گوتی "بەتەواو بوونی ئەو پڕۆژەیەو بەستنەوەی سلێمانی لەڕێی ھێڵی شەمەندەفەرەوە بەکەرکوک دواتر بەموسڵ و تورکیاوە ، خزمەتی ئابووری گەورە بەھەرێمی کوردستان دەکات".
ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنانی ھەرێم بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی داوە بۆ کوالێتی پرۆژەکان و لیژنەیەک بۆ رێکخستنی تەملیکی پرۆژەکان، بەو پێیە وەبەرھێنەرانی بیانی دەتوانن لەھەرێم سەرمایەگوزاریی بکەن و بیکەن بەناوی خۆیانەوە. ھەروەھا بڕیاردرا دەستەیەکی سەربەخۆ ھاوشێوەی دەستەی وەبەرھێنان، بەناوی دەزگای نیشتەجێبون لەھەرێم دابمەزرێ بۆ نەھێشتنی کێشەی نیشتەجێبون.
یاسین مەحمود گوتی: "بڕیاردرا وەبەرھێنەرانی نمونەیی لەھەرێم (١٠٠ وەبەرھێنەر)جیادەکرێنەوەو ناسنامەی تایبەتییان بۆ دەکرێت و بەکونسوڵخانەو باڵیۆزخانەو جیھان دەناسێنرێن، ھەروەھا لەناوخۆش دەناسێنرێن و کارەکانییان ڕاناگیرێ، ئەو وەبەرھێنەرانەش کەڕۆڵیان ھەبووە لەبوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی کوردستان خەڵات دەکرێن."