قوتابییانی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کەمپی کلێس کە پەنابەرانی سوریای تێدا نیشتەجێکراون، لە سەر لاپەڕەکان وێنەی ئەو سوریایە دەکێشن کە خەونی پێوە دەبینن.
بەھۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە کە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە، دانیشتوانی ئەو وڵاتە گیرۆدەی کوشتار و دەر بەدەری هاتوون.
قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کەمپی پەنابەرانی کلێس کە ٤٧٨ قوتابی بنەڕەتی تێدا دەخوێنن، ئەو منداڵە گچکانە بۆ یەکەمجار لە تورکیا لەگەڵ قوتابخانەدا ئاشنا بوون و لە لایەن پسپۆڕانەوە پەروەردە دەکرێن.
ئەو منداڵانە لە کاتی کێشانی وێنەدا، باس لە ئاسەواری شەڕ دەکەن و وێنەی سوریای ئازاد ئەو سوریایەی کە خەونی پێوە دەبینن دەکێشن. بە کێشانی وێنەی جیاجیا دەیانەوێ شەڕ و ئاسەوارەکانی شەڕ لە بیر ببەنەوە.
مامۆستای قوتابخانەی بنەڕەتی گولسوم کوتلە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" من سەرقاڵی پەروەردە کردنی ٧٠ منداڵی ئاوارەی سوریام، پێکەوە گورانی دەڵێینەوە، شیعر دەخوێنینەوە و وێنە دەکێشین، قوتابیان حەزیان لە وێنە کێشانە. بەشێک لە منداڵەکان کاتێ سەرقاڵی کێشانی وێنەن، بەشێکی دیکەیشیان یاریی بە کۆمپۆتەر و تەلەفۆن دەکەن. قوتابییەکان لە رەسمەکانی خۆیاندا زۆرتر وێنەی ماڵ و ئۆتۆمبێل دەکێشن. کاتێ لێیان دەپرسم بۆ وێنەی ماڵ دەکێشن دەڵێن ماڵەکانمان بەو جۆرە بوون بە ھۆی بۆردمانەوە کاول بوون."
وەرگێڕی قوتابخانەی بنەڕەتی ئەمینە گولداڵی گوتی:" منداڵە سورییەکان زۆر حەزیانە فێری زمانی تورکی ببن و بەزمانی تورکی قسە بکەن. منداڵەکان زۆربەیان وێنەی فڕۆکە دەکێشن، وێنەی بۆمب و ماڵ دەکێشن، تەواو کاریگەریی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرەیان بەسەرەوەیە کە سێ ساڵە بەرۆکی گرتوون."
عەمار عەبدۆ، یەکێ لەو قوتابیانەیە کە زۆر حەزی لە کێشانی وێنەیە و دەڵی: بە کێشانی وێنە، زۆر خۆشحاڵ دەبم و کاتێکی خۆشی لەگەڵدا بەسەر دەبەم. بە کێشانی وێنە بیر لە ماڵی خۆم دەکەمەوە.