ئەنقەرە
بەپێی ھەواڵێکی فەرمی ئاژانسی ئیرنای ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەواد زەریف لەگەڵ نوێنەری باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا فێدێریکا مۆگەرینی لە شاری تاران کۆبووەتەوە.
لە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی ھەردوو لایەن، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش رێکخرا.
زەریف رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا ھەڵسەنگاندنیان بۆ بابەتی ھەماھەنگی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی وزە، ژینگە، مافەکانی مرۆڤ کردووە.
زەریف گوتیشی: "ئەمڕۆ بڕیاری دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئێران دەرچوو، ھاوکات بڕیاریشمان دا بەوەی کە ئەم کۆبوونەوانە لە ئاستی باڵا ئەنجام بدرێت. دیارە کۆبوونەوەکان لە نێوان جێگرانی وەزیر و پاشان وەزیرەکان بەردەوام دەبێت".
زەریف راشیگەیاند کە ئەمڕۆ ھەڕەشەکە تەنھا بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست نییە بەڵکو بۆ ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپاشە، بەم پێیەش گوتی: "ئەمڕۆ کێشەی توندڕەوی بێجگە لە ناوچەکەمان، بووەتە ھۆکاری توندوتیژی لە نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ئەمە دڵگرانی ھەموومانە و پێویستە دژی بوەستینەوە".
لەبارەی پرسیاری ئەگەری جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنی ناوەکی، زەریف رایگەیاند کە وڵاتەکەی ھەمیشە پابەند بووە بە پەیمانەکانی.
لەلایەکی دیکە لەگەڵ نوێنەری باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا فێدێریکا مۆگەرینی رێککەوتنامەکەی ئێران و وڵاتانی ٥+١ بە رێککەوتنامەیەکی مێژوویی وەسف کرد.
راشیگەیاند کە ئەم رێککەوتنامەیە پاڵپشت دەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
مۆگەرینی لەبارەی پرسیاری داھاتووی پەیوەندی نێوان ئێران و یەکێتیی ئەورووپاوە گوتی: "ھەڵگرتنی گەمارۆکان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە".