Zana Natık Kerem
30 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2026
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند ئەرکی ھێزى ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق کۆتایی ھات و جەختی لەوەش کردەوە کە ھێزەکانی پێشمەرگە و عێراق، ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر ھەڕەشە و مەترسییەک.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی لە میانی رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژیی کۆمپانیای تۆیۆتا لە ھەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند ئەم جۆرە پڕۆژانە رێگەخۆشکەر دەبن بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم باسی لەوەش کرد کە بەرنامەی حکوومەت لە سەرەتاوە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بووە بۆ گەنجان و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە بووژانەوەی ئابووری لە سەرجەم بوارەکاندا.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی گوتارەکەی لەبارەی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق گوتی: "ئەرکی ھێزە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە بۆ یارمەتی عێراق لێرەبوون بە کۆتایی ھات و لێرەوە دەمەوێت سوپاسی ھەموو ھاوپەیمانان، ئەمریکا و ھەموو وڵاتانی ئەورووپا بکەم کە یارمەتی ئێمەیان دا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، لە شکستپێھێنانی داعش و لە ھارکاریکردنی باشترکردنی تواناکانی ھێزی پێشمەرگە".
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی ھەرێم تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کۆتاییھاتنی ئەرکی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە عێراق مانای پچڕانی پەیوەندییەکان نییە، بەڵکو شێوازی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە و لە رووی ئابووری، کولتووری، سیاسی، ئاسایش و سەربازییەوە بەردەوام دەبێت.
ھەروەھا مەسرور بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە ھێشتا مەترسیی تیرۆر ماوە، بەڵام تواناکانی ھێزە عێراقییەکان باشترە و ھێزی پێشمەرگەش ھێزێکی تۆکمەیە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ھەر جۆرە ھێرش و مەترسییەک.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی کرد کە بەپێی دەستوور ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و بە یەکسانی و دادپەروەری خزمەتی ھەموو ناوچەکانی عێراق بکات و دووپاتشی کردەوە، ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ھەموو تواناکانی دەخاتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی كە رووبەڕووی وڵات بوونەتەوە.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێم، گوتی: "ئێمە ئامادەین، لە رۆژی یەکەمیشەوە ئامادە بووین، ئێستاش داواکارین کە ھەموو ھێزە سیاسییەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە توانیویانە بەشێک لە دەنگی ھاووڵاتییان بەدەستبھێنن و متمانەی خەڵکیان پێدراوە، ئێستا بەرامبەر بەو خەڵکە بەرپرس بن و بێن لە پەرلەمان ئەرکی خۆیان ببینن، پەرلەمان کارا بکەنەوە".