Zana Natık Kerem
27 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2026
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، بەشێک لەو درۆنانەی ئاراستەی ھەولێر کراون لە سنووری شاری موسڵەوە ھەڵدراون و جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی عێراق بەرپرسە و دەبێت رێگری لە سەرچاوەکانی ھێرش و ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بکات.
سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، گوتی: "ھەرچی پێمان بکرێت بۆ بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان درێغی ناکەین و ئێمە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکین".
مەسرور بارزانی باسی لە قەیرانی بەنزین لە ھەرێم کرد و گوتی: " قەیرانی زۆر گەورەترمان تێپەڕاندووە و ئەمەش تێدەپەڕێنین".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "چاوەڕوان دەکەین لە ڕۆژانی داھاتوودا، کیشەی بەنزین چارەسەر بێت".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند کە بە بڕیارێک ١٢٠ ملیار دیناری داھات بەسەر ھەرێمی کوردستاندا سەپێندراوە و گوتی: "ھەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکوومەتی عێراق جێبەجێ کردووە و ھەماھەنگی زۆرمان ھەیە".
مەسرور بارزانی بە پێویستی زانی کە پەرلەمان کۆببێتەوە و حکوومەتی ھەرێم پێکبھێندرێت و گوتی: "داوا لە ھەموو لایەنە سیاسیە بەرپرسەکان دەکەم، بێنە پێشەوە حکوومەتێک پێکبێنین لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا بێت".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان باسی لە پرۆژەی ڕووناکی کرد و گوتی: "پڕۆژەی ڕووناکی ھیچ عەیبی نییە و بەھۆی دابین نەکردنی غازەوە کێشەی کەمی کارەبا لە پڕۆژەکە دروستبووە، چاوەڕوان دەکەین کە لە ڕۆژانی داھاتوودا ئەو کیشەیە چارەسەر بێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی پیشتیوانی خۆی بۆ ئەو چاکسازییانە ڕاگەیاند کە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە ئەنجام دەدەرێن و گوتی: "پشتیوانی لە چاکسازییەکانی حکوومەتی عێراق دەکەین".
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، بەشێکی ئەو درۆنانەی کە ئاڕاستە ھەرێمی کوردستان کراون لە مووسڵەوە ھەڵدراون و جەختیشی لەوە کردەوە کە حکوومەتی عێراق بەرپرسە و دەبێت رێگری لە سەرچاوەکانی ھێرش و ھەڕەشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان بکات..
ئاماژەی بەوەدا کە ھێشتا گرژییەکانی ناوچەکە کۆتاییان نەھاتووە و بەشێکی کێشەکانی ھەرێم بەھۆی ئەو ئاڵۆزییانەوەیە و گوتی: "ھیچ کات ھەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە کێشەکانی ناوچەکە".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، گوتی: "ھەواڵ دەدەین لەگەڵ بەغدا و واشنتۆن گفتگۆ لەبارەی کشانەوەى ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ناوچەکە بکەین".