Abdulhameed Husseın Karam
02 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2026
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، عەلی زەیدی و شاندی یاوەری کە پیکھاتبوو لە چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی بارەگای بازرانی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکھێنانی حکوومەت کرا بەپێی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن و، پابەندبوون بە ماوە دەستوورییەکان.
بە پێی ئەو ڕاگەیاندراوە، ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بارزانی باسی لە دوایین پێشھاتەکان کرد و جەختی لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردەوە لە چوارچێوەی دەستوودا.
ھەروەھا مەسعود بارزانی ئەوەشی خستوەتەڕوو کە جێبەجێ کردن و پابەندبوون بەدەستوور چارەسەری سەرەکییە و داواشی کرد لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا ھەموو لایەک پابەندی دەستووربن.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لە پێویستیی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەکانی ڕابردوو و ھەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە، ھاوکات لەگەڵ شاندی یاوەری داوا کراوه کوتلەی پەرلەمانی و حکوومیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارییەکی چالاکانە لە پرۆسەی سیاسیی و پێکھێنانی حکوومەتی فیدڕاڵ بگەڕێنەوە بەغدا.