Hemin Hüseyin
12 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر- AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە وەزیری کاروباری مرۆیی پۆڵەندا، بەیاتا کامپا و شاندێکی یاوەری.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە دیدارێکدا وەزیری کاروباری مرۆیی پۆڵەندا، سوپاسی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە بۆ پێشوازیکردن و حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و ھاوکاریکردنیان و ھەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ھاوکاریکردنی زیاتری ئاوارەکان بە پێویست زانیووە و ئامادەیی وڵاتەکەیشی لەمبارەیەوە نیشان داوە، ھەروەھا پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ھەرێمی کوردستانی بەرز نرخاندووە و ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە جێگای رێز و پێزانین وەسف کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی وەزیری کاروباری مرۆیی پۆڵەندای کردووە و ھیوای خواستووە شاندی میوان لە میانی سەردانەکەیاندا وێنەیەکی روونیان لەسەر دۆخی ھەرێم و ئاوارەکان دەستکەوتبێت و دووپاتیکردووەتەوە کە ھەرێمی کوردستان لە رابردوو و ئێستا و داھاتووشدا لەسەر پرەنسیپی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بەردەوام دەبێت و زیاتر جێگیری دەکات، ھەروەھا ستایشی رۆڵی لایەنی نێودەوڵەتی کردووە لە دروستکردنی متمانە بۆ ئاوارەکان تا لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە.
باسی لەوەشکردووە کە نێچیرڤان بارزانی پوختەیەکی دەربارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش و پاراستنی پێکھاتە جیاوازەکان لە لایەن خەڵک و حکوومەت و پێشمەرگەی کوردستانەوە، خستووەتەڕوو، هەروەها سوپاسی رێکخراوە ناحکوومییەکانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کردووە بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و ھیوای خواستووە پۆڵەندا لە یەکێتیی ئەورووپا ھەوڵی زیاتری گەیاندنی دۆخی ئاوارە و پەنابەران بدات تا بە ھەموو لایەک رەوشی ژیانیان باشتر بکرێت.