ههولێر
سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان، شێركۆ جەودەت سەبارەت بە خراپی بەنزین لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەركەوت ئەو مامەڵەی لەگەڵ بەنزیندا كراوە، ئەو بەنزینە بووە كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان هاتووتە ناو هەرێمی كوردستان، كەسانێك كەرەستەی خراپیان تێكەڵكردووە و نابەرپرسانە مامەڵەیان كردووە، بۆیە بەنزینەكە خراپ بووە. ژمارەیەكی زۆریش لە هاووڵاتییان زەرەر مەندبوون".
جەودەت گوتیشی: "ئێمە رایدەگەیەنین هەر هاووڵاتییەك كێشە لەبەنزینەكەیدا هەیە راستەوخۆ دەتوانێت پەیوەندی بە لیژنەی سامانە سرووشتیەكان بكات لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی پەیوەندی بەلایەنی بەرپرسەوە بكەین و لێكۆڵینەوە لەو بەنزین فرۆشانە بكرێت".
هەروەها سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەشكرد لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی قسەیان كردووە، پێویستە لە رێگەی پارێزگاكانەوە هەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی خراپی بەنزین بكرێت".
سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بەنزین بۆ ناوەوەی هەرێمی كوردستان، شێركۆ جەودەت، گوتی: "هەرێمی كوردستان، رۆژانە نزیكەی سێ ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەنزین بەرهەم دێنێت، لە رێگەی پاڵاوگەی كەڵەك و بازیان، هەروەها رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن لیتر بەنزین هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت".
جەودەت جەختیشی لەسەر ئەوەكردەوە، ئەوەی كە روویداوە بەپێی ئەو زانیاریانەی لە حكوومەتی هەرێم پێاندراوە، ئەو بەنزینەی لێرە بەرهەمدەهێنرێت و ئەوەش كە دەكڕدێت، لە لایەن هەندێ كەسانی نابەرپرس كەرەستەی تری تێكەڵ دەكرێت بۆ ئەوەی لەسەر حیسابی هاووڵاتییان قازانجی زیاتر بكەن.
ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان، لە نێو هاووڵاتییاندا ناڕەزای دەردەبڕێت، كە بەهۆی خراپی بەنزین لەهەندێ بەنزیخانەكان، زیان بە ئۆتۆمبێلەكانیان گەیشتووە.